دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

چارەنووسی 50 هەزار بەرمیل نەوتەکەی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە

هەرێم نیوز

لیژنەی بەدواداچوون بۆ پرسی سووتەمەنی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین چاوەڕێی پێشنیازی فەرمیی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی کۆتایی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی 9ـی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون لەبارەی تەرخانکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە هەفتەی ڕابردوو لیژنەکەیان بە جیا لەگەڵ هەردوو وەزارەت کۆبووەتەوە و داوایان لێ کردوون پێشنیاز و داواکارییەکانیان بە نووسراو پێشکەش بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک وەڵامی نەداوەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی هەردوو وەزارەت بگاتە دەستیان و وتی: "هەفتەی داهاتوو لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرز دەکاتەوە، تاوەکو ڕێکاری پێویست و گونجاو بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بگیرێتە بەر."

جێی باسە، ئەم هەوڵە پەرلەمانییە دوای ئەوە دێت کە لە ڕۆژی ٢٧ـی تەممووزی ئەمساڵ، لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان بڕیاری دا لیژنەیەکی کاتی بۆ بەدواداچوونی پرسی تەرخانکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت، کە ئامانج لەم هەنگاوە دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی پاڵپشتیکراوی حکوومی.

ئەم لیژنەیە بە سەرۆکایەتیی عامر عەبدولجەبار و ئەندامێتیی حەوت پەرلەمانتاری دیکە پێکهێنراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP