دواین هەواڵ

ئابوری‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی ڕێنمایی نوێی لەبارەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران دەرکرد

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکی نوێی لەبارەی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ فەرمانبەرانی شارستانی دەربڕی؛ بەپێی ڕێنماییەکە، پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە نابێت لە دوو ساڵ تێپەڕێت و ئەو ماوەیەش بۆ خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت.

مەرج و دەسەڵاتەکانی پێدانی مۆڵەت
بەپێی ڕێنماییە داراییەکەی وەزارەتی دارایی کە بە ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠٢٦ دەرچووە و واژووی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی لەسەرە، وەزیر و سەرۆکی دەستەی نەبەستراو بە وەزارەت مافی پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچەیان هەیە بە فەرمانبەران لە کاتی پێویستدا، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات.

هەروەها بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی کارکردن بە ژمارەیەک ڕێنمایی ساڵەکانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٢ کە تایبەت بوون بە پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە.

چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانەی لە مۆڵەتدان
لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکەدا هاتووە، ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر بەپێی ڕێنماییە کۆنەکان مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت تا تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکەیان و دواتر یەکجارێکی تر بۆیان نوێ ناکرێتەوە.

جەختیش کراوەتەوە، ئەگەر فەرمانبەرێک پێشتر مۆڵەتی بێ مووچەی وەرگرتبێت و کۆی ماوەکەی دوو ساڵی پڕکردبێتەوە، ئەوا شایستەی وەرگرتنی مۆڵەت نابێت بەپێی ئەم ڕێنماییە نوێیە.

کەوتنەبواری جێبەجێکردنی بڕیارەکەش لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP