هەرێم نیوز
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە بەغدا کردووە، بە مەبەستی خستنەڕووی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم.
پێشکەشکردنی یاداشتی دەستووری و یەکخستنی ڕێکارەکان
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا یاداشتێکی دەستووری، یاسایی و داراییان پێشکەش کردووە و ڕوونیان کردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێم بڕیاری جێبەجێکردنی ASYCUDAی داوە و لەگەڵ دواخستنیدا نییە. ئاماژەی بەوەش کرد لە چوارچێوەی دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریدا پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستهاتووە و زۆربەی بابەتە تەکنیکی و یاساییەکان یەکلایی کراونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ASYCUDA تەنیا بەئەلکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ستراتیجییە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نیشتمانیی یەکگرتووی دیجیتاڵی و پتەوکردنی ڕۆڵی تەواوکاریی یاسایی و ئابووری لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە چوارچێوەی دەستووردا.
لەو چوارچێوەیەدا، تەعریفە و ڕێکارە گومرگییەکان یەکدەخرێن کە ئێستا دوو تەعریفەی گومرگی و ڕێکاری جیاواز لە هەرێم و فیدڕاڵ جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ یەکخستنی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان بە بازرگانی و هاوبەشکردنی داتا و زانیارییەکانی هەردوولا، بە تایبەتی لە بوارەکانی (تۆماری کۆمپانیاکان، مۆڵەتی هاوردە و هەناردە، مۆڵەتی وەبەرهێنان، کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکان، ئەستۆپاکی باج، پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری، ڕۆژنامەی کشتوکاڵی، و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ).
داتا سەنتەری نیشتمانی و خاڵە ماوەکان
ئامانج ڕەحیم ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لە ئەسیکۆدا دروستکردنی داتا سەنتەرێکی نیشتمانیی دیجیتاڵیی یەکگرتووە بۆ بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە شێوەیەک هەردوو حکوومەت دەستیان بە داتا و زانیارییە دروستەکان بگات و دان بە بەڵگەنامە و مۆڵەتە فەرمییەکانی یەکتردا بنێن کە لە ئێستادا وەک پێویست کار بە بەڵگەنامەی یەکتر ناکەن، لە هەمان کاتدا تایبەتمەندییە دەستووری و کارگێڕییەکانی هەرێم بپارێزرێن.
ڕوونیشی کردەوە خاڵی سەرەکیی ماوە بۆ یەکلاییکردنەوە، میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم. لەم بارەیەوە پێشنیاری حکوومەتی هەرێمیان بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، یاسای بودجە و بڕیارە پەیوەندیدارەکان خستووەتەڕوو.
سوودە ئابوورییەکان و کاریگەری لەسەر بازرگانان
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە جێبەجێکردنی ASYCUDA هەنگاوێکی گرنگە بەرەو شەفافییەت، کەمکردنەوەی دەستتێوەردانی مرۆیی و زیادکردنی داهاتی نانەوتی. هەروەها دەرفەت بۆ بازرگان و هاوردەکارانی هەرێم دەڕەخسێنێت بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق، کە لە ئێستادا لێی بێبەشن.
سەبارەت بە زیانەکانی دواخستنی پرۆسەکە، ئامانج ڕەحیم ئاشکرای کرد: "بە داخەوە دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە دەروازەکانی هەرێم کاریگەریی گەورەی لەسەر داهاتەکانی هەرێم هەبووە. بەگوێرەی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٦ەوە داهاتی دەروازەکانی هەرێم بە ڕێژەی ٧٨٪ دابەزیوە، لە کاتێکدا لە حکوومەتی فیدڕاڵیی لە دوای جێبەجێکردنی ئەسیکۆدا داهاتە گومرگییە فیدڕاڵییەکان بە ڕێژەی ۱۱٤٪ زیادی کردووە."
ئەوەشی خستەڕوو کە دابەزینی داهاتی دەروازەکانی هەرێم توانای هەرێمی بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر حکوومەتی فیدڕاڵی سنووردار کردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٥ هەرێم بەردەوام مانگانە ١٢٠ ملیار دیناری وەک بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی ناردووە.
بۆیە خێراکردنی جێبەجێکردنی ASYCUDA یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی داهاتە نانەوتییەکان، جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی هەرێم بەرامبەر بەغدا و ئاسانکاری بۆ بەردەوامیی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
هەروەها جێبەجێکردنی سیستەمەکە بازاڕی گەورەی عێراق بە ڕووی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمدا دەکاتەوە، تاوەکو جووڵەی بازرگانیی ئەم دەروازانە تەنیا بە بازاڕی هەرێم سنووردار نەبێت و ببێتە بەشێک لە بازاڕی یەکگرتووی عێراق؛ ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی چالاکبوونەوەی بازاڕ و کەمکردنەوەی تێچووی هاوردە و نرخی کاڵا و شمەک.
ئەنجامی کۆبوونەوەکە
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن سەرۆک وەزیران، وەزیری دارایی و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵەوە بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە کرا، و دەرفەت بە وەزارەتەکانی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم درا بۆ ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی دابەشکردنی داهاتی دەروازەکان؛ بە ئامانجی ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵدا پەسەند بکرێت و سیستەمی ASYCUDA بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئامانج ڕەحیم دووپاتی کردەوە: "باوەڕمان وایە چارەسەری بنەڕەتیی ئەم بابەتانە لە ڕێگەی گفتوگۆ، هاوکاری و پابەندبوون بە دەستوور و یاساوە دەبێت، بە شێوەیەک ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێن و لە هەمان کاتدا بەرژەوەندیی گشتیی عێراقیش خزمەت بکرێت."