دواین هەواڵ

کوردستان‌

 46 خولەک پێش ئێستا

بەغدا و هەرێم میکانیزمەکانی هەماهەنگیی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانیان تاوتوێ کرد

هەرێم نیوز

بە سەرپەرشتیی عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی بە بەشداریی شاندێکی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لە هەماهەنگیی مەیدانی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان کرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی 9ـی 2026، عەبدولئەمیر شەممەری، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیی کرد، کە تێیدا سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بریکاری هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆ، هەردوو بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری، و یاریدەدەری سەرۆک ئەرکانی سوپا ئامادە بوون.

هاوکات شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک ئەرکانی هێزی پێشمەرگە و بەشداربوونی ژمارەیەک لە فەرماندە و سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم بەشدارییان تێدا کرد.

مەبەست لە کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگیی مەیدانی و هاوکاریی سەربازیی نێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی هەرێمی کوردستان بوو. لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی دەروازە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە چالاکییەکی قاچاخچێتی و دزەکردن خرایە بەر باس.

هەروەها جەخت لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان، و خێراکردنی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان لە سەنتەرەکانی هەماهەنگیی هاوبەش کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، عەبدولئەمیر شەممەری پێداگریی لەسەر ئاساییکردنەوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش، ڕادەستکردنی داواکراوان بە دادگا، و قووڵکردنەوەی کاری هەواڵگری کردەوە. لای خۆیەوە سەرۆک ئەرکانی هێزی پێشمەرگە تێبینییەکانی سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی مەیدانی خستەڕوو، و کۆبوونەوەکەش بە داڕشتنی چەندین ڕاسپاردە بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و پاراستنی سەقامگیری کۆتایی هات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP