دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

جەنگی ئێران؛ ترەمپ چۆن لەپێشینەکانی خۆی گۆڕی؟

هەرێم نیوز

ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای واشنتۆنەوە ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئامانجە سەرەکییەکانی لە جەنگی ئێراندا گۆڕیوە و لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنەکانی تایبەت بە لەناوبردنی سەرچاوەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی دواخستووە.

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، لە سوپای ئەمریکا داوا کراوە کە تەواوی تەرکیزی خۆی بخاتە سەر پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و توندکردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەناردەکردن و هاوردەکردنی نەوت لەو وڵاتەدا.

لە ئێستادا ترەمپ ڕازی بووە لەسەر ئەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران—کە لە هێرشەکانی ساڵی ڕابردوودا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمی بەتەواوی وێران نەبوون بە زەویپۆشکراوی بمێننەوە و لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێری بکرێن، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماددانەی وەک ئامانجی سەرەکی لە ململانێکاندا دەبینی.

بەڵام لە بری ئەوە، واشنتۆن هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی بەگەڕخستووە بۆ تێکشکاندنی تواناکانی ئێران لە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەتایبەتی لە کاتی ئەرکی مەترسیداری هاوڕێیەتیکردنی ئەو کەشتیانەی ملیۆنان بەرمیل نەوت دەگوازنەوە.

ئەم ستراتیژییە نوێیەی ئیدارەی ترەمپ وەک هەوڵێکە بۆ زیاترکردنی فشاری ئابووری لەسەر دەسەڵاتدارانی تاران، بەڵام هاوکات کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی دەریاوانی لە ناوچەکەدا دروستکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ شیکاریی داتاکانی کەشتیوانی، ڕۆژی چوارشەممە تەنها ٦ کەشتیی بارهەڵگر لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕیون، کە ئەمەش بەراورد بە ڕۆژی پێشووتر (١١ کەشتی) و تێکڕای ١٠ ڕۆژی ڕابردوو (نزیکەی ١٣ کەشتی) دابەزینێکی بەرچاو پێشان دەدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP