هەرێم نیوز
لە خەونی پڕۆژە زەبەلاحەکانەوە بۆ سەنگەری پاراستن؛ چۆن جەنگ ئەولەویەتی خەرجییەکانی کەنداو هەڵدەگێڕێتەوە؟
لە نێوان دوو تەنگژەی گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەبدا، وڵاتانی کەنداو ڕووبەڕووی دۆخێکی نائارامی بێوێنە بوونەتەوە کە ئیدی ڕێگە نادات جەنگ تەنیا وەک «تەنگژەیەکی ئەمنی» سەیر بکرێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەستی خستووەتە بینەقاقای سیاسەتی دارایی و ستراتیژیەتی خەرجکردنی داهاتەکانیان.
ئەو دەوڵەتانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بە سەدان ملیار دۆلاریان لە پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری، وەرزش، ژیریی دەستکرد و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات خەرج دەکرد، ئێستا لەژێر گوشاری مەترسییەکاندا ناچارن سەرلەنوێ ئەولەویەتەکانیان دابڕێژنەوە و پاراستنی ئاسایشی ئابووری، هێڵەکانی دابینکردن، عەمبارەکانی وزە و خۆراک، لە پێش هەموو خەونە ئابوورییە درێژخایەنەکانیان دابنێن.
سەرەڕای بەهێزیی پێگەی دارایی زۆربەی وڵاتانی کەنداو بۆ هەڵمژینی ئەم شۆکە، بەڵام کاریگەرییەکانی جەنگ جیاوازیی گەورەی لە داهاتی نەوت و گازدا دروستکردووە؛ وڵاتانی وەک سعودیە، ئیمارات و عومان توانیویانە لە ڕێگەی گرانبوونی نرخی نەوت و دۆزینەوەی ڕێڕەوی بەدیل زیانەکانیان قەرەبوو بکەنەوە، لە بەرامبەردا قەتەر، کوێت و بەحرێن زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی (تەئمین)ی کەشتییەکان و بەرزبوونەوەی خەرجیی سەربازی، بەشێکی گەورەی داهاتەکان دەبات، بە جۆرێک ڕیاز ناچار بووە سندوقێکی تایبەت بۆ دڵنیایی کەشتییەکان لە مەترسییەکانی جەنگ دابمەزرێنێت.
لە ڕوانگەی ئابووریناسانەوە، گەورەترین وەرچەرخان لە ڕەفتاری دارایی ئەم دەوڵەتانەدا، کشانەوەی بەشێک لە سامانی سندوقە سیادییەکانە لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان بەرەو بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوە، دروستکردنی بۆریی نوێی نەوت و پەرەپێدانی بەندەرەکانی کەناراوە ئارامەکان لە پاڵ کڕینی چەکی بەرگری.
بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی سیولەی خێراش، حکومەتەکان پەنا دەبەنە بەر قەرزکردن، دەستبردن بۆ یەدەگی نەختینەیی و تەنانەت پەنابردن بۆ سندوقە مێژووییەکانی داهاتوو، هەروەک چۆن کوێت لە بڕیارێکی دەگمەندا ڕێگەی داوە قەرز لە "سندوقی نەوەکانی داهاتوو" بکرێت، کە لە دوای داگیرکاریی ساڵی ١٩٩٠ـەوە پەنای بۆ نەبراوە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە درێژەکێشانی ئەم دۆخە و کەوتنی ناوچەکە بۆ ناو بۆشایی «نە شەڕ و نە ئاشتی»، گورزی کوشندە لە کەرتی گەشتیاری و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی دەدات و کاروانی چاکسازییە ئابوورییەکان بە قورسی پەکدەخات.