دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

دیدارێکی نهێنی لە مەسقەت؛ واشنتۆن و حووسییەکان لە عومان کۆبوونەوەیەکی هەستیاریان ئەنجام دا

هەرێم نیوز 

لە پێشهاتێکی سیاسیی هەستیاردا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و نوێنەرانی گرووپی حووسییەکانی یەمەن لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە سەڵتنەی عومان کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجام دا، ئەوەش تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ئەو گرووپە هاوپەیمانەی ئێران توانییان کۆنترۆڵی شریتێکی ستراتیژیی کەناراوەکانی یەمەن لەسەر دەریای سوور بکەن.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دیدارە کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەسقەت بەڕێوەچوو، بە هاوکاری و ناوبژیوانیی ڕاستەوخۆی حکومەتی سەڵتنەی عومان ڕێکخراوە، کە هەمیشە ڕۆڵی پردی پەیوەندی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکەدا دەگێڕێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥دا حووسییەکانی خستبووە لیستی "ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان"ەوە، بەڵام کەناڵەکانی گفتوگۆ هەرگیز بە تەواوی نەبەسترانەوە؛ بە جۆرێک کە دوای مانگێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، هەردوولا لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست.

لەم دواییانەشدا، ترەمپ و جێگرەکەی، جەی دی ڤانس، ئاماژەیان بەوە کردبوو کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و حووسییەکاندا هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی گرووپەکە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە داوایان لە ئەمریکا کردبوو دەستوەردان لە جەنگەکەدا نەکات.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە لە میانی کۆبوونەوەکەی سەڵتنەی عوماندا، شاندی حووسییەکان کە محەمەد عەبدولسەلام (بەرپرسی باڵای سزادراوی حووسییەکان نیشتەجێی مەسقەت) و عبدالملک العجري لەخۆبگرتبوو، دڵنیاییان بە بەرپرسە ئەمریکییەکان داوە کە هیچ نیازێکیان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان نییە و بە تەواوی پابەندن بە ئاگربەستی ساڵی ٢٠٢٥وە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەکەی ڕەت نەکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە دەریای سوور و ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی تیرۆر، لە بەرژەوەندییە باڵاکانی واشنتۆنە، لە کاتێکدا دۆخی مەیدانی لە یەمەن دوای کۆنترۆڵکردنی بەندەری موخا و دوورگەی پریم لە گەرووی بابەلمەندەب لەلایەن حووسییەکانەوە، بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP