هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی 9ـی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی دووشەممە، 21ـی 9ـی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەکە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 24ـی 9ـی 2026، بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.
لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە هاوکات دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دەکرێت، کە لە دوای 1ـی 7ـی 2024ـەوە بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە شایستە داراییەکانی ئەو فەرمانبەرانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.