دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادەیە؛ وردەکاریی گۆڕانکاریی پرۆگرامەکان و ئامارەکان

هەرێم نیوز

سبەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە و زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ ئەو پرۆسەیە تەواو کردووە و لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا، پەڕتووک و پرۆگرامە نوێکراوەکان دابەش دەکرێن.

گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکان و چاپی ١٩ ملیۆن پەڕتووک
بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن و لەسەر بنەمای پێداویستییە زانستی و پەروەردەییەکان، دەستکاری و گۆڕانکاری لە ١١٠ پەڕتووکی خوێندن لە سەرجەم قۆناغە جیاوازەکاندا کراوە.
لەو چوارچێوەیەشدا، نزیکەی ١٩ ملیۆن پەڕتووکی نوێ چاپ کراون و بەیەکسانی بەسەر قوتابخانەکانی شار، شارۆچکە و گوندەکاندا دابەشکراون.

ژمارەی قوتابیان و قوتابخانەکان
لە ساڵی نوێی خوێندندا، کۆی گشتیی قوتابیان دەگاتە ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار قوتابی لە ٧ هەزار و ٥٩٠ قوتابخانەدا، کە لەو ژمارەیە ١٢٣ هەزار منداڵ وەکو قوتابیی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی پێ دەنێنە ناو ناوەندەکانی خوێندنەوە.

ستافی پەروەردە و مامۆستایان
پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ستافێکی گەورەوە بەڕێوەدەبرێت کە کۆی گشتییان ١٧٦ هەزار و ٧٣٥ مامۆستا و فەرمانبەرە؛ بەپێی دواین ئامارەکان، پێکهاتوون لە:
• ١٠٧ هەزار و ٤٢٦ مامۆستای میلاک
• ٣٠ هەزار و ٩٠ مامۆستای گرێبەست
• ٣١ هەزار و ٢١٩ فەرمانبەر

ژێرخانی پەروەردە و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکان
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تا ئەیلوولی ٢٠٢٦، گرنگیی تایبەت بە ژێرخانی پەروەردە دراوە:
•دروستکردنی ٢٣٦ قوتابخانە و باخچەی ساوایانی
•نوێ لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان
•زیادکردنی ٤٧٦ ژووری خوێندن بە باڵەخانەکان
•نۆژەنکردنەوەی ٢ هەزار و ٦٥٠ قوتابخانە، کە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە بە نۆژەنکردنەوەی هەزار و ٢١١ باڵەخانە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP