دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

پزیشکانی ددان هۆشداری دەدەن: ٥ نیشانەی شاراوەی ناودەم نەخۆشییە مەترسیدارەکان ئاشکرا دەکەن

هەرێم نیوز

ناودەم تەنها دەروازەی خواردن و هەناسەدان نییە، بەڵکو پەنجەرەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر تەندروستیی تەواوی جەستە؛ پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری دەدەن کە دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی سادە لە ناودەمدا ڕەنگە زەنگی مەترسی بێت بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان و تەنانەت شێرپەنجەش.

بەپێی ڕاپۆرتێکی زانستیی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"، ئەو نیشانە سەرەکییانەی هەرگیز نابێت پشتگوێ بخرێن بریتین لە: ئازاری ددان: نیشانەی گەیشتنی کلۆربوونە بە دەمار؛ ونبوونی لەناکاوی ئازارەکەش بە واتای چاکبوونەوە نایەت، بەڵکو مەرگی دەمارەکە و تەشەنەکردنی هەوکردنەکەیە بۆ ئێسکی شەویلگە و گیرفانەکانی لووت (جیوب). خوێنبەربوون و ئاوسانی پووک: خوێنبەربوونی بەردەوام سروشتی نییە و لە قۆناغی پێشکەوتوودا ئێسکی ڕاگرتنی ددان دەڕزێنێت.

هاوکات زانستی پزیشکی ئەم دۆخەی بە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، شەکرە و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا بە شێرپەنجەی خوێن بەستووەتەوە. لەقبوونی ددان: لە مرۆڤی پێگەیشتوودا ئاماژەیە بۆ تێکچوونی ئێسکی شەویلگە، بەستەرەکان، یان دروستبوونی گرێ و کیسی مەترسیدار لە شەویلگەدا.

بۆنی ناخۆش و تامی ناوازە: بەردەوامیی بۆنی ناخۆش لەگەڵ پاککردنەوەدا پەیوەستە بە وشکبوونەوەی دەم، کۆبوونەوەی بەکتریای ژێر پووک، کێشەی گورچیلەکان، یان تێکچوونی سیستەمی بەرگری. برینی چاکنەبووەوە و پەڵە: هەر برین، گرێ، یان پەڵەیەکی سپی و سوور لە ناودەم و سەر زمان کە زیاتر لە دوو هەفتە بمێنێتەوە، پێویستی بە پشکنینی خێرایە، چونکە یەکێکە لە نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی دەم.

ڕێنمایی پزیشکان بۆ خۆپارێزی: شۆردنی ڕۆژانەی ددان بە مەعجوونی فلۆرایددار دوو جار لە ڕۆژێکدا، بەکارهێنانی داوی ددان، دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، خواردنەوەی ئاوی پێویست و سەردانی دەوریی پزیشکی ددان، گرنگترین هەنگاون بۆ دوورکەوتنەوە لەم مەترسییانە.

ئا؛ دەریا



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP