هەرێم نیوز
پیشەسازییەک کە ڕکابەریی ئابووریی وڵاتان دەکات؛ لە ڕاهاتنی ڕۆژانەوە بۆ مەترسیی ساختەکاری و تێکچوونی تەندروستی
بەکاربردنی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان لە جیهاندا گۆڕاوە بۆ نەریتێکی ڕۆژانە کە ملیۆنان کەس بەیانییەکانیان بە حەبێک و شەوانیشیان بە تەواوکەرێکی وەک مەگنیسیۆم دەستپێدەکەن و کۆتایی پێدەهێنن.
بەپێی ئامارە ئابوورییە نوێیەکان، قەبارەی بازاڕی جیهانیی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان لە ساڵی ٢٠٢٦دا گەیشتووەتە نزیکەی ٢٣٠ ملیار دۆلار، کە ٧٠ ملیار دۆلاری تەنها پشکی ڤیتامینەکانە، بەمەش دەچێتە ڕیزی یەکێک لە گەورەترین و پڕقازانجترین بازاڕەکانی جیهان.
بەپێی داتا فەرمییەکان، زیاتر لە دوو ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕێکخراو تەواوکەرە خۆراکییەکان بەکاردەهێنن. لەم نێوەندەشدا خانمان پشکی شێریان لە کۆنترۆڵکردنی ئەم بازاڕەدا بەردەکەوێت؛ بەجۆرێک ٦٨٪ی ئافرەتان ئەم بەرهەمانە بەکاردەهێنن لە کاتێکدا لای پیاوان ئەم ڕێژەیە تەنها ٤٩٪ە.
هاوکات شێوازی کڕینیش گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە و زیاتر لە یەک لەسەر سێی (سەرووی ٣٠٪) فرۆشی ئەم بەرهەمانە لە ڕێگەی ئۆنلاین و ئینتەرنێتەوە ئەنجام دەدرێت.
بەڵام ئەوەی نیگەرانیی پزیشکانی دروستکردووە لایەنی بازرگانییەکە نییە، بەڵکو مەترسییە تەندروستییەکانە؛ ئامارەکان ئاشکرای دەکەن کە ٧٦٪ی تەواوکەرە خۆراکییەکان بەبێ هیچ ڕەچەتەیەکی پزیشکی دەفرۆشرێن و بەکاردەهێنرێن.
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە زیادەڕۆیی یان بەکارهێنانی هەڵەی ئەم حەبانە زیانی زۆر مەترسیداری وەک تێکچوون و پەککەوتنی جگەر، زیانگەیاندن بە دەمارەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و گورچیلەی لێدەکەوێتەوە. مەترسییەکان لەوەش زیاتر دەبن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەرهەمی ساختە و دەستکاریکراو لە بازاڕەکاندا، کە لە هەندێک حاڵەتی تونددا دەکرێت بەکارهێنەر بەرەو گیانلەدەستدان ببات، ئەمەش وا دەکات پشکنینی پزیشکی پێش خواردنی هەر حەبێک ببێتە زەروورەتێکی هەنووکەیی.