دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

فراکسیۆنی پارتی داوای تەواوکردنی رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان دەکات

هەرێم نیوز

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی دەستبەجێ کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و مێژووییەکان دەکاتەوە بە بێ بەستنەوەی بە ململانێ سیاسییەکانەوە.

دەقی بەیاننامەکەی فراكسیۆنی پارتی بە بۆنەی دووساڵەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان:
ئەمڕۆ دووساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا. ئەو ڕۆژەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی بەرزی بەشداریکردن و بە بەرپرسیارێتییەوە دەنگیان دا و ئیرادەی خۆیان بۆ پاراستن و پاشەڕۆژێكی پڕشنگدار بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نیە و نەیتوانیوە بەئەركە یاساییە چاوەڕوان لێكراوەكانی لەسیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبستێت.

لەو سۆنگەیەوە، ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كاتێكدا جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان لە ڕێزگرتنی بنەماكانی دیموكراسی و كارایی دامەزراوەكانی هەرێم دەكەینەوە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە ئامادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی كۆبوونەوەكانی بووین. هەمیشەش خاوەن و پشتگیریكاری هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەك بووین كە بۆ ئەم مەبەستە پێشكەشكراون، بۆیە بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، تا هەرچی زووە پێكەوە بە ئەركە مێژوویی و یاساییەكەی خۆمان هەڵبستين و هەنگاو بنێین بۆ تەواوكردنی ڕێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیەكەی، وەك سەرەتایەكی گرنگ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، و لەپێناو ڕێزگرتن و بەدەنگەوەهاتنی داخوازیی سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان لە پەلەكردن لە كاراكردنەوەی پەرلەماندا.

هەروەها فراكسیۆنەكەمان، پابەندبوونی خۆى بەرامبەر بە دەنگدەرانی پارتی و جەماوەری كوردستان دووپات دەكاتەوە، و پێمان وایە ئەركی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی، لە ئەستۆی سەرجەم فراكسیۆن و ئەندامانى پەرلەمانە. هەر بۆیەش كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەكی سیاسیی و حیزبییەوە، چونكە ئەمە شەرعییەتی دەنگی خەڵك و شەرعییەتی مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە.

لە كۆتاییدا، هیوادارین ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێت و بە دیدێكی هاوبەش و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، هەموومان پێكەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێز لە ماف و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرین، و پێكەوە هەنگاو بنێین بۆ قۆناغێكی نوێی كاری پەرلەمانیی و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی یاسایی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم ڕووەكانەوە.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان
20/ 10/ 2026



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP