دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێبەری ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا و بە کۆی دەنگ، ڕێبەری ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوەی پەسەند کرد، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی لە پۆلیسی کوردستاندا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی ڕێبەری ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوە بەڕێوە چوو، کە تێیدا پاش هەڵسەنگاندنی وردی بڕگە و ماددەکان و ئاڵوگۆڕکردنی سەرنجەکان، ڕێبەرەکە بە کۆی دەنگی ئامادەبووان پەسەند کرا.

وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا که ڕێبەری ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوە یەکێکە لە ڕێبەرە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی پۆلیس و بە شێوازێکی زانستی و یاسایی سەرجەم ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە، لەوانەش پرۆسەی وەرگرتنی گوتە و گوێبیستبوونی شایەتحاڵەکان لە نێو دەزگاکانی پۆلیسدا ڕێک دەخات.

ئامانجی سەرەکی لە داڕشتنی ئەم ڕێبەرە ئەوەیە که لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و لە نێو تەواوی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا، ڕێکارەکانی ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە یەکگرتوو و هاوتا بن لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا. 

بڕیارە لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا ئەم ڕێبەرە بە فەرمی دەربچێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنی کردارییەوە، وەک بەشێک لە پڕۆژەی گشتگیری چاکسازی و بە مۆدێرنکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە پەیڕەو دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP