عەلی ئیلنجاغی
دەستپێك:
بۆ ئەوەی لە هەژموونی ئێستای
شيعەگەرایی تێبگەین، بە تایبەتی هەژموون و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە
ناوچەکە و جیهان، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی لەدایکبوونی هزری شيعەگەرایی و چۆنیەتی
سەرھەڵدانی و قۆناغەکانی گەشەکردن و پەرەسەندنی. پەیدابوونی مەزهەبی شيعە لەناو
مێژووی ئیسلامی دا، یەکێکە لەو بابەتانەی زۆرترین قسە و گفتوگۆی لەسەر کراوە.
مێژوونووسان و توێژەران قسەیان زۆر لەبارەوە کردووە، هەر لە مێژوونووسانی شيعە و
سوننە مەزهەب هەتا ڕۆژهەڵاتناسانیش. دیاریکردنی وردی بەروار و ڕۆژێکی دیاریکراو
نییە بۆ سەرھەڵدان و دامەزراندن و ڕاگەیاندنی شيعەگەرایی، کە بتوانرێت ئەو ڕۆژە بە
فەرمی ڕابگەیەنرێت، وەک ڕۆژی لەدایکبوونی دابنرێت. واتە ڕۆژێکی دانپێدانراو نییە
کە هەموو لایەک لەسەری کۆک بن، بەڵکو ڕای جیاواز لەبارەی سەرھەڵدانیەوە هەیە.
زانایان و مێژوونووسانی شيعە وای بۆ دەچن، کە ڕیشەی پەیدابوون و سەرھەڵدانی
دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ژیانی پێغەمبەر [د.خ]. گەرای شيعە لە سەردەمی ئەودا
دانراوە. واتە بەڕای ئەوان ڕیشەی ڕۆحی و هزری بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک
لە باوەڕدارانی بەناوبانگ، کە بە لایەنگیری توندیان بۆ عەلی کوڕی ئەبی تالیب
ناسراون و عەلییان زۆر بە گەورە زانیوە، لەوانە (ئەبو زەری غەفاری، عەماری کوڕی
ياسر، سەلمانی فارسی، میقدادی کوڕی ئەسوەد و ...هتد). زانایان بۆچوونی ئەو
باوەڕدار و یاوەرانەیان لەسەر تێڕوانینی پێغەمبەر [د.خ] دەربارەی عەلی لە
پەرتووکەکانی تەفسیر و حەدیس وەک بەڵگە هێناوەتەوە. بۆ نمونە، پێغەمبەر [د.خ] بە
عەلیی گوتووە:“أنت و شيعتك” واتە تۆ و لایەنگرانت، یان دواکەوتوانت، یان
تۆ و هاوکارانت. یاخود لە حەدیسی غەدیر خەم پێغەمبەر گوتوویەتی :“من كنت مولاە فعلي مولاە” ئەوەی من گەورەی بووم، ئەوە عەلی گەورەیەتی. هەندێکی تر ئایەتی [ان الذين امنوا و عميلوا الصالحات اولئيك
هم خير البرية] بە بەڵگە دەهێننەوە لەسەر گەورەیی عەلی و شایستە بوونی عەلی بۆ شوێنگرتنەوەی پێغەمبەر [د.خ]. بۆ نمونە،
جابری کوڕی عەبدولڵای ئەنساری و ئیبن عەباس بۆچوونیان وایە کاتێک ئەو ئایەتە
دابەزیوە، پێغەمبەر [د.خ] بە عەلی گوتووە ئەوانە تۆ و پێڕەوکارانتن، یان بڵێین تۆ
و دواکەوتوانتن. دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر، ساڵی 11ی کۆچی بەرامبەر بە 632 زایینی،
وەرچەرخانێکی سیاسی هاتە کایەوە:-
یەكەم: ڕووداوەکانی سەقیفە:
ئەم وێستگەیە بە یەکەم خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی
دادەنرێت لە ڕووی سیاسیەوە. لایەنگران و پێڕەوکارانی عەلی جێگرتنەوەی پێغەمبەریان
بە مافی عەلی دەزانی، لەسەر بنەمای ئەوەی کە نزیکترین کەسە لە پێغەمبەر (د.خ) و
هەروەها زۆر باش لە ڕۆح و هزری ئیسلام گەیشتووە، سەرەڕای ئەوانەش پشت بەستن بە
لێکدانەوەی حەدیسی غەدیر خەم لە بەرژەوەندی عەلی وەک ڕاستپاردەیەك سەیریان دەکرد.
هەر بۆیەش عەلی کوڕی ئەبی تالیب و هەندێک لە باوەڕداران درەنگ بەیعەتیان دا بە ئەبو
بەکری سەدیق. لەم قۆناغەدا شيعەگەرایی بە واتای لایەنگری (الموالاة)، یان پشتیوانی سیاسی دەهات.
دووەم: قۆناغی گۆڕان و
چەسپاندن:
کوژرانی حوسێنی کوڕی عەلی (61 کۆچی) بەرامبەر بە
(681 زایینی) بە خاڵێکی مێژوویی جیاکەرەوە دادەنرێت. ڕووداوی کەربەلا شيعەگەرایی
لە هەڵوێستێکی سیاسی ڕووت گواستەوە بۆ چەكەرەکردنی سۆز و هزر و دوایش جوڵانەوەیەکی
خاوەن بیر و باوەڕ و ناسنامەیەکی قووڵ و جیاواز. دوای ڕووداوی کەربەلا، جوڵانەوەی
چەکداری دروستبوون بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی حوسێن و یاوەرانی، وەک شۆڕشەکانی
تەوابین و موختاری سەقەفی. دوای ئەوە لە سەردەمی هەردوو پێشەوا مەحەمەد باقر و
جەعفەری سادق، سەدەی دووەمی کۆچی فقھی شيعە وەک مەزهەبێک خەملی و مەزهەبی جەعفەری
بنەماو بیر و باوەڕیەکانی مەزهەبەکە ڕێكخراو کرایە سیستەمێکی دارێژراو.
سێیەم: قۆناغی جەعفەری:
دوای ئەوەی شيعەگەرایی لەسەر
دەستی هەردوو پێشەوا مەحەمەد باقر و جەعفەری سادق خەملی و شێوەی خۆی گرت و
قۆناغەکە بە قۆناغی جەعفەری ناسراوە، شيعەگەرایی کەوتە قۆناغی نوێ و یەکلاکەرەوە،
کە گۆڕانی سیاسیی و هزری قووڵ بە سیمایەوە دیاربوو، هەر چەندە دابەشبوونی گەورەی
ناوخۆیش تیایدا ڕوویدا. لەم قۆناغەدا لەژێر فشاری عەباسیەکان شيعەگەرایی سێ حاڵەت
لەخۆ دەگرت:
1-گواستنەوە لە نهێنی بوونەوە بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوەی ئاشکرا (پەیوەندیەکان لەگەڵ دەوڵەتی عەباسی). دوای ئەوەی دەوڵەتی عەباسی چەسپاو و جێگیر بوو، کەوتە پلانگێری دژی ئەو عەلەوییانەی کە هاوکاریان بوون لە دژی ئەمەوییەکان. عەباسییەکان سیاسەتی چاودێریکردن و فشارخستنەسەر پێشڕەواکانی شيعەیان گرتەبەر، لەوانە نشینگەیی بەزۆر (اقامە جبری)، و چاودێریکردنی پێشڕەوانی (موسای کازم و عەلی ڕەزا و مەحەمەد جەواد)، هەروەها ڕاوەدوونان و بەندکردن. موسای کازم ماوەیەکی زۆری لە بەندیخانە بردە سەر لە سەردەمی هاڕونە ڕەشید و هەر لە بەندیخانەش کۆچی دوایی کرد. بۆیە شيعەکان سیستەمی خۆپارێزییان (تەقیە) گرتەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان و جێگیرکردنی تۆڕەکانی بریکارەکانیان (بریکاری هێڵێکی پەیوەندی نهێنی بوو لەنێوان پێشڕەوان و پێڕەوکارەکانیان لە هەرێمەکان، بۆ کۆکردنەوەی پێنج یەک و دابەشکردنی و گەیاندنی فەتواو ڕێنماییەکان). سیستەمی خۆپارێزی وەک ستراتیژێک شيعەکان لەسەری بەردەوام بوون.
2-دابەشبوون و لق لێبوونەوە، لە دوای جەعفەری سادق گەورەترین شەپۆلی دابەشبوون لەناو ماڵی شيعە ڕوویدا. بەهۆی جیاوازی و ناکۆكییەکان لە دیاریکردنی پێشڕەوی داهاتوو لەوانە:
أ-ئیسماعیلییەکان: هەندێک لە شیعەکان پێیان وابوو لە دوای جەعفەری سادق دەبێت کوڕە گەورەکەی ئیسماعیل شوێنی بگرێتەوە (لە کاتێکدا لە ژیانی باوکی كۆچی دوایی کردبوو). بۆیە سوور بوون لەسەر گواستنەوەی پێشڕەوی بۆ محەمەدی کوڕی ئیسماعیل. ئەم باڵەی شیعە بەم ناوە چەسپا و لە دواییدا دەوڵەتی فاتیمیان لە میسر دامەزراند.
ب- موسەوییەکان، ئەو باڵە زۆرترین جەماوەری هەبوو، کە موسای کازمیان بە پێشڕەو دانا دوای جەعفەری سادق، کە لە هەمان کاتدا پێیان دەگوترێت جەعفەری یان دوازدە ئیمامی، وە ناوی موسەوی کۆنە و ئێستا بەکارناهێنرێت.
ج-واقفییەکان (وەستاوەکان)، ئەوانە بوون لە دوای موسای کازم پێشڕەوایەتی عەلی ڕەزای کوڕیان ڕەتکردەوە. بانگەشەی ئەوەیان دەکرد موسای کازم نەمردووە و هەڵکشاوە بۆ ئاسمان و لە کۆتایی دا هەر خۆی بە ناوی مەهدی دەردەکەوێتەوە.
د-زەیدییەکان، ئەم باڵە لە دوای شۆڕشی زەیدی کوڕی عەلی لە دژی خەلیفەی ئەمەوی هیشامی کوڕی عەبدولمەلیک دەرکەوتن لە چارەگی یەکەمی سەدەی دووی کۆچی. ئەوانە باوەڕیان بە شۆڕشی چەکداری هەبوو. زەید وای دەبینی کە پێشڕەو دەبێت شیر بەدەستەوە بگرێت و شەڕی زۆرداران بکات، هەروەک خۆشی کوژرا. ئەوانە باوەڕیان بە زنجیرەی دوازدە ئیمامی نەبوو.
گەورەترین باڵی شیعە
دوازدە ئیمامییە لە هەموو جیهان، کە لە هەمان کاتدا جەعفەریشیان پێدەگوترێت.
چوارەم: بڵاوبونەوەی جوگرافی و
هزری:
لەگەڵ ئەو هەموو
پاڵەپەستۆ و فشارە سیاسییە و بەرتەسکردنەوەی بواری کارکردنیان، شیعەگەری بە
شێوەیەکی فراوان بڵاوبوویەوە. ئەویش بەهۆی کۆچکردنی عەلەوییەکان و شیعەکان و
ڕاکردنیان لەدەست زوڵم و زۆری عەباسییەکان، هەروەها جوڵە و چالاکی تۆڕی بریکاران،
بەم شێوەیە ناوەندی نوێی شیعە لە دەرەوەی کوفە و مەدینە دەرکەوتن. بیروباوەڕی گەیشتە
قوم و ڕەی لە وڵاتی فارس، هەروەها ناوچەكانی خوڕاسان و یەمەن و باكوری ئەفریقا و
ناوچەكانی تر.
پێنجەم: شیعە و
دەسەڵاتدارییەتی:
بە درێژایی مێژووی
ئیسلام و پێش دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979، شیعە بە لقە
جۆراوجۆرەکانیەوە، دوازدە ئیمامی، ئیسماعیلی و زەیدی و ... هتد، لە زۆر ناوچەی
فراوان و جیاجیا دا دەسەڵاتیان بەدەست هێناوە، فەرمانڕەواییان کردووە. هەر لە
ڕۆژئاوای عەرەبیەوە، میسر و شام و عێراق و دوورگەی عەرەبی و ئێران تاكو دەگاتە
چەند بەشێکی هیندستان. دەتوانین بەمشێوەیەی خوارەوە دیاریان بکەین یاخود
بیانناسێنین:
یەکەم: لە ڕۆژئاوای عەرەبی و
باکووری ئەفریقیا:
1-دەوڵەتی ئیدریسی (789-985 ز.)، لەسەر دەستی ئیدریسی کوڕی عەبدوڵا، نەوەی حەسەنی کوڕی عەلی ئەبی تالیب، لە ڕۆژئاوای دوور بە دیاریکراوی لە شاری لیلی دامەزرا. ئەم شارە شارێكی شوێنەوارییە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای مەغریب. پاشان لەبەر بچووکی شارەکە و شوێنە شاخاوییەکەی شاری فاسیان دروستکرد و کردیانە پایتەخت. ئیدریسی کوڕی عەبدوڵا لە جەنگی فەخی بەناوبانگ ڕزگاری بووبوو (جەنگی فەخ یەکێکە لە دیارترین جەنگە مێژووییەکانی سەردەمی عەباسییەکان، کە لە هەشتی ذی الحجەی ساڵی 169ی کۆچی بەرامبەر 11ی حوزەیرانی 786 زایینی ڕوویدا. هەندێک لە مێژوونووسان بە کەربەلای دووەم ناوی دەبەن. ئەم جەنگە لە دۆڵی فەخ لە نزیک شاری مەککە ڕوویدا، ئێستا بووە بە گەڕەکێك لەو شارە بە ناوی گەڕەكی شەهیدان. ئەم جەنگە لە نێوان عەلەوییەکان بە سەرکردایەتی حوسێن کوڕی عەلی کوڕی حەسەن و لەشکری عەباسییەکان بە سەرکردایەتی سلێمان بەنی مەنسور، کەمامی خەلیفەی عەباسی موسا هادی بوو. جەنگ بە دۆڕانی عەلەوییەکان و کوژرانی سەرکردەکانیان و ژمارەیەکی زۆر لە یاوەرانیان تەواو بوو). گەیشتە ئەم شوێنە کە ئەو کاتە هۆزی ئوربە و هۆزەکانی تری ئەمازیغی تیایدا جێگیر بوون. بەیعەتیان بە ئیدریسی کرد وەک یەکەم میر، بەم شێوەیە دەوڵەتەکە دامەزرا.
2-دەوڵەتی فاتیمی (909- 1171 ز.)، ئەم دەوڵەتە لە تونس و باکووری ئەفریقا دامەزرا، پاشان فراوان بوو گەیشتە میسر و شام و حیجاز و یەمەن. بە یەکێک لە بەهێزترین دەوڵەتی شیعەی ئیسماعیلییەکان دەژمێردرێت. لە مێژووی ئیسلامدا لە ململانێدابووە لەگەڵ دەوڵەتی عەباسی و نزیکەی 260 ساڵ فەرمانڕەواییان کرد. پایتەختەکەیان قاهیرە بوو. لەسەر دەستی سەڵاحەدینی ئەیووبی کۆتاییان پێهات.
دووەم: لە وڵاتی
شام و عێراق و دوورگەی عەرەبی:
1-دەوڵەتی حەمدانی (890- 1004 ز.)، ئەوانە فەرمانڕەوایی موسڵ و حەلەب و سووریایان کرد. ناوبانگیان بەوە دەرکردبوو کە بەرەی بەرگریی یەکەمن یان پێشەوەن لە دژی بیزەنتییەکان. خەسڵەتێکی تریان ئەوەبوو کە ئەهلی ئەدەب و زانستن.
2-دەوڵەتی بوەیهییەکان (934- 1062 ز.)، ئەم دەوڵەتە لە دەیلەم (باکووری ئێران) سەریهەڵدا و توانی دەست بەسەر عێراق و بەشێکی زۆری ئێران دابگرێت و ئەم ماوەیە خەلیفەی عەباسی تەنها وەک ڕەمزێک مابوویەوە و دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەدەست سوڵتانی بوەیهییەکانەوە بوو، کە ئەوانیش شیعە مەزهەب بوون.
3-میرنشینەکانی العیونیین وە الجروانیین (1073- 1478 ز.)، دوو میرنشینی مێژوویی بەناوبانگن کە فەرمانڕەوایی هەرێمی بەحرەینیان کرد، کە لە کۆندا ڕۆژهەڵاتی دوورگەی عەرەبی بوو، قەتیف، ئەحسا و هەندێک لە خاکی بەحرەین و کوەیتی ئێستا. دەوڵەتی عەینییەکان لەسەر دەستی عەبدولڵا کوڕی عەلی ئەلعیوونی دامەزرا. ئەو ناوەش دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزەکە، کە پێی دەگوترێت ئەلعیون لە ئەحسا. دوای ئەوان دەوڵەتی جەروانییەکان لەسەر بنچینەی عیونیەکان و لە ئەنجامی پشێوی و لاوازی ئەوان و کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی دامەزرا. جەروانییەکان بەدڵنیاییەوە مێژوونووسەکان بە شیعەیان دەزانن، بەڵام عیونیەکان مێژوونووسان هەموویان کۆک نین، هەرچەندە ڕای زۆرینە ئەوەیە کە شیعە مەزهەب بن، وە هەردوو میرنشینەکە شیعەی دوازدە ئیمامین.
4-دەوڵەتی بەنی ڕەسی لە یەمەن (677- 1962 ز.)، دەوڵەتی ڕەسی یان پێشڕەوایەتی زەیدی یەکەم، بریتییە لە دەوڵەتێکی ئیسلامی لە باکووری یەمەن، لەسەر دەستی ئیمام الهادی الی الحق یحی بن الحسین بن القاسم الرسی دامەزرا. ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ قاسمی باپیری کە لە شاخی الرس لە حیجازەوە هاتووە. ئەم دەوڵەتە لە ساڵی 244ی کۆچی بەرامبەر 677ی زایینی دامەزرا. دامەزرێنەرەکەی یەحیا بن حوسەین زانا و فەقیە و جەنگاوەر سەر بە ئالی بەیت بوو بنچینەكەی دەگەڕایەوە بۆ حەسەنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب. پایتەختیان سەعدە بوو، وەک ناوەندێک بۆ دەوڵەتەکەیان و بانگەشەی مەزهەبەکەیان تێدا دەکرد. دەوڵەتی ڕەسی یەکەم تاکو ساڵی 1052ی زایینی بەردەوام بوو. دوای ئەوان دەوڵەتی قاسمی وەک پاشماوەیان درێژکراوەی دەوڵەتی ئەلڕەسی لەسەر دەستی ئیمام ئەلمەنسوور بیلا ئەلقاسم، کە لە نەوەی ئیمام ڕەسی بووە دامەزرا. دوای ئەوانیش مەملکەتی متەوەکلی یەمەنی لەسەر دەستی یەحیا حەمیدەددین، کە هەر لە بنەچەی ڕەسی بوو دامەزرا. لە کۆتایی دا فەرمانڕەوایی ڕەسییەکان لە 26ی 9ی 1962 بەرپابوونی شۆڕشی یەمەن و ڕاگەیاندنی کۆماری عەرەبی یەمەن کۆتایی پێهات.
سێیەم: لە ئێران و وڵاتی فارس:
1-دەوڵەتی سەفەوی (1501- 1736ی ز.)، لەسەر دەستی شاه ئیسماعیلی سەفەوی (1487- 1524 ز.) دامەزرا، فەرمانڕەوایی ئێران و چەند ناوچەیەکی عێراق و ئەفغانستان و ئازەربایجانی کرد. مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی جەعفەری کرد بە ئایین و مەزهەبی فەرمی دەوڵەت. نزیکەی 235 ساڵ لە فەرمانڕەوایی بەردەوام بوو. سەفەویەکان پاڵپەستۆو فشاریان خستە سەر دانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان بۆ سەپاندنی مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی. ئەم دەوڵەتە هەمیشە لە شەڕ و ململانێدا بوو لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی سوننە مەزهەب. ئەم کێشە و ململانێیە هۆکارێک بوو بۆ زیاتر زەقکردنەوەی مەزهەبی شیعە و سەپاندنی بەزۆری لە بەرامبەر عوسمانیەکان، کە خۆیان بە پێشڕەوی ئیسلامی سوننە دەزانی. بێگومان دوای سەفەویەکانیش دەوڵەت و میرنشین و فەرمانڕەوایی شیعە لە ئێران و ناوچەکە دامەزران، لە پێش کۆماری ئیسلامی ئێستا، بەڵام هیچیان وەک سەفەوییەکان مەزهەبەکەیان بە توندی نەگرتبوو. سەفەویەکان سوور بوون لەسەر بڵاوکردنەوەی مەزهەبەکە و ڕاكێشانی خەڵکی نوێ. لە سەردەمی ئەواندا گوڕانێکی گەورە لە ڕووی مەزهەبییەوە ڕوویدا. دانیشتوانی ئێران پێش هاتنی سەفەویەکان زۆربەیان سوننە مەزهەب بوون، بەڵام دوای ئەوەی شاه ئیسماعیل دەوڵەتەکەی دامەزراند و تەورێزی کرد بە پایتەخت، بڕیارێکی مێژوویی و توندی دەرکرد و ڕایگەیاند: مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی، مەزهەبی فەرمی دەوڵەتە و بەزۆریش دەسەپێنرێت بەسەر دانیشتوانی قەڵەمڕەوییەکەیدا، بۆ ئەو مەبەستەش هێزی سەربازی و سیاسییان بەکار هێنا و زانایانی شیعەیان لە جەبەل عاملی لوبنانەوەو لە بەحرەین و ئەحساو عێراقەوە هێنا بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و بنەما هزرییەکانی شیعە لەناو دانیشتواندا. بۆ ئەو مەبەستەش حەوزەی زانستی و دەزگای ئاینییان دامەزراند. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە و بەکارهێنانی توندوتیژی نەخشەی ئایینی و جوگرافیای سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕانی بەسەردا هات و وای لێهات ئێران بووە ناوەندی قورسایی شیعەی دوازدە ئیمامی بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
دەوڵەت و
دەسەڵاتدارییەکانی تر کە دوای سەفەویەکان فەرمانڕەوایی ئێرانیان کرد، لەسەر
مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی مانەوە وەک ئایین و بیر و باوەڕی گشتی وڵات، بەڵام
هەرگیز ڕێبازی سەفەوییەکانیان نەگرتەبەر بۆ بەزۆر سەپاندنی مەزهەبەکە و
بڵاوکردنەوەی. هۆکاریش ئەوە بوو ئەوان ئەرکەکەیان جێبەجێ کردبوو لە بەرامبەر
دەوڵەتی عوسمانی سوننە مەزهەبدا. کاتێک سەفەوییەکان ڕووخان، زۆربەی زۆری
دانیشتوانی ئێران لەسەر مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی بوون، كە بوو بووە ناسنامەی
قۆڵی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیان و بەردەوامیدان بە زەبر و زەنگ بۆ قەبووڵکردنی
مەزهەبەکە و سەپاندنی پێویست نەبوو، بەڵكو هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرا وەک واقیعێکی
ئایینی و فەرهەنگی و کولتووری جێگیر. هەر دەسەڵاتێکیش ڕوانگە و هەڵوێستی خۆی هەبوو
بەرامبەر ئەو واقيعە.
2-نادر شای ئەفشار (1688- 1747 ز.) دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەفشاری (1736- 1747 ز.) ئاڕاستەیەکی تایبەتی بە خۆی هەبوو، ڕێبازێکی جیاواز لە سەفەوییەکانی گرتەبەر. هەندێک دیاردەی توندوتیژی نەهێشت بۆ خاوکردنەوەی گڕژییەکان لەگەڵ عوسمانیەکان و سوننەکان. هەوڵی خۆی خستە کار لەوانە ناورڕاندنی ئیمامەكانی سوننەی قەدەغە کرد. هەوڵی دا مەزهەبی جەعفەری وەک مەزهەبی پێنجەم شان بە شانی چوار مەزهەبەکەی تری سوننە بناسرێت لە چوارچێوەی خەلافەتی ئیسلامیدا، بە ئامانجی فەرمانڕەواییکردن بەسەر گەلانی موسڵماندا، شیعە و سوننە بەیەکەوە. هەرچەندە پڕۆژە سیاسیەکەی بۆ لە یەكتر نزیکخستنەوەی مەزهەبەکان سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام زەبر و زەنگی مەزهەبی نەهێشت.
3-دەوڵەتی زەندی (1750-1794ز.)، کە لەسەر دەستی کەریم خانی زەند (1705- 1779 ز.) دامەزرا، فەرمانڕەوایی ئێران و بەشێک لە بەغدا و کوردستانی دەکرد. سەردەمەکەی بە سەقامگیریی و دادپەروەری و ئاوەدانکردنەوە ناسرا و زەبر و زەنگی ئایینیش بوونی نەبوو.
4-لە سەردەمی قاجارییەکان (1796- 1925 ز.) مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی بەتەواوی بە شێوەیەکی فراوان دامودەزگاکانی جێگیر بووبوون، بەڵام ئەوە بەهۆی هێز و باوەری زانایەکانەوە بوو، نەک بە فشار و بەکارهێنانی توندوتیژی. لە ساڵی 1906 کاتی شۆڕشی مەشرووتە لە دەستوری ئێراندا بە ئاشکرا هاتبوو، کە مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی، مەزهەبی فەرمی دەوڵەتە و هەروەها دانانی لیژنەیەک لە زانایانی مەزهەبەکە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاساکان و مەزهەبەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و ئارام پێڕەو دەکرا، بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی.
5-دەوڵەتی پەهلەویی شاهەنشایی (1925- 1979 ز.)، هەرچەندە دەستوری ئێران عیلمانی بوو، داوای نوێخوازی لە سەر شێوازی ڕۆژئاوایی دەکرد، بەڵام مەزهەبی شیعەی جەعفەری وەک مەزهەبی فەرمی وڵات دادەنرا. شای ئێران بە ڕووکەش ڕێزی لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە دەگرت و سەردانی مەزارەکانیانی دەکرد، بەڵام کاکلەی سیاسەتی ڕاستەقینەی ئامانجی لاوازکردنی پێگە و هەژموونی ئایین بوو. ڕەزا شاه (1878- 1944 ز.) هەوڵەکانی خستبوەگەر بۆ پێڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوتای مستەفا کەمال ئەتاتورك (1881-1938 ز.) و تێدەکۆشا عیلمانیەت لە ڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەوە بەزۆر بسەپێنێت، ئەویش بە ڕێگەی:
یەک: لاوازکردنی
دادگا شەرعییەکان و ئەوقاف، ڕەزا شاه گرنگترین سەرچاوەی هێزی لەژێر دەستی پیاوانی
ئایینی دەرهێنا و بنەمای یاسایەکی شارستانی و سازدانی سیستەمێکی دادوەری نوێی بۆ
دەوڵەت دانا، لە جیاتی دادگا شەرعییەکان کە پیاوانی ئایینی بەڕێوەیان دەبرد.
هەروەها ئەوقافی تأمین کرد و خستیە ژێر سەرپەرشتی حکومەت و بەم هەنگاوەش پاڵپشتی
دارایی حەوزەکانی بڕی.
دوو: قەدەغەکردنی
بۆنە و دیاردە ئاینییەکۆنەکانی وەک کۆڕ و کۆبوونەوە لە یاد و پرسەکان لە
حوسێنیەکان، هەر جۆرە بۆ نەو کۆبوونەوەیەکی ئایینی لە شوێنە گشتییەکان بە دیاردەی
کۆنەپەرستانە ئەژمار دەکران و وەک کۆسپ و ڕێگر لە پێشکەوتنی وڵات ناسێنران.
سێ: یاسای یەکپۆشی
و ڕووپۆشی (حیجاب) ڕەتکرایەوە و لە شوێنی دا پۆشاکی ڕۆژئاوایی سەپێندرا.
قەدەغەکردنی پیاوانی ئایینی لە پۆشینی عەبا و عەمامە تەنها بۆ ئەوانە نەبێ، لە
تاقیکردنەوەیەكی تایبەتی دەردەچون و شایستەی زانستیان دەسەلمێندرا. لە ساڵی 1936
ز. بڕیارێکی توند دژی ژنانی باڵاپۆش و هاندانیان بۆ لابردنی سەرپۆش لە شوێنە گشتییەکان
دەرچوو، پۆلیس ڕاسپێردرا هێز بەکاربهێنێت بۆ جێبەجێکردنی.
چوار: سەرکوتکردنی
ناڕەزایەتییەکان. ڕەزا شاه زۆر توند ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیەکانی پیاوانی ئایینی
بوویەوە، وەک نمونەی گەوهەر شار لە مەشهەد ساڵی 1935 ز.، کە هەزاران خۆپیشاندەر
تیایدا مانیان گرتبوو دژی یاسا شێوە ڕۆژئاواییەکان، شاه فەرمانی کرد سوپا ئابلوقەی
دان و چەک لە دژیان بەکارهات و سەتان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. لە سەردەمی پەهلەوی
دووەم (1941-1979 ز.)، کاتێک محەممەد ڕەزا شاه (1919- 1980 ز.) کۆتا شای ئێران
دوای دوورخستنەوەی باوکی بە پشتگیری ئەمریکا و بەریتانیا دەسەڵاتی گرتەدەست،
سەرەتا کەسێکی لاواز بوو لە ڕووی سیاسیی و پێگەی جەماوەرییەوە، بۆیە سیاسەتی
هێورکردنەوەی گرتەبەر و نەرمی نواند لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەکان، کە ئەو کاتە (ئایەتوڵا
حوسێن بروجەردی 1875- 1961 ز.) بوو. لە قۆناغی یەکەم ماوەی گەڕانەوەی باڵاپۆشی
ئارەزوومەندانەی دا و ڕێگە دا حەوزەی زانستی قوم دەست بە چاڵاكییەکانی بکاتەوە.
ڕێگەیدا بەرنامەی ئاینی بڵاوبکرێتەوە و کۆڕ و کۆبوونەوە و پرسەکان ئەنجام بدرێت.
ئایەتوڵا بروجەردی بەرنامەیەکی دانا، کە دوورکەوتنەوە بوو لە دەستێوەردانی
ڕاستەوخۆ لە سیاسەت کاتێک دەوڵەت ڕێز لە سرووتە ئاینییەکان دەگرێت. ئەم سیاسەتەی
محەممەد ڕەزا جۆرێک لە گونجان لەگەڵ پیاوانی ئاینیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی
داهێنا. خاڵی وەرچەرخان دوای مردنی ئایەتوڵا بروجەردی شاه پرۆژەی شۆڕشی سپی ساڵی 1963
ز.
ڕاگەیاند، کە بریتی بوو لە کۆمەڵێک چاکسازی ئابوری و کۆمەڵایەتی، لەوانە یاسای
چاککردنی کشتو کاڵ، کە هەندێک لە زەوییەکانی ئەوقافی دەگرتەوە، مافی ژنان لە
دەنگدان، بڕیاردان لەسەر یاسای باری شارستانی نوێ، دەزگای ئاینی ئەم یاسایانەی بە
پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام دادەنا و وەک هەوڵدانێک بۆ لێدان لە ژێرخانی کۆمەڵایەتی
و ئایینی ئەژمار کرد.
دەرکەوتنی ئایەتوڵا
خومەینی و تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆ:
خومەینی (1902-
1989 ز.) بە ئاشکرا کەوتە بەربەرەکانی شاو یاساکانی چاکسازیی و هەژموونی ئەمریکا
لە ئێران و هاوپەیمانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل. ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی خومەینی بوە
هۆی دەستگیرکردنی لە حوزەیرانی 1963 ز. و تەقینەوە و ڕاپەڕین. لە 5ی حوزەیران شا
بە زەبری چەک ڕاپەڕینەکەی سەرکوت کرد و لە پاشان خومەینی لە ئێران دوورخرایەوە.
لە ساڵی 1967 ز. ئێران
یاسایەکی دەرکرد بە ناوی یاسای پاراستنی خێزان، کە لە دەقەکەیدا هاتبوو دانانی
سنوور بۆ فرە هاوسەریی و پیاو بۆی نەبێ هاوسەری دووەم مارە بکات تەنها بە مۆڵەتی
دادگا و ڕەزامەندی نووسراوی هاوسەری یەکەمی نەبێ، هەروەها سەلماندنی توانای دارایی
و دادپەروەری کردن لە نێوان هاوسەرەکاندا لەبەردەم قازی. ژن و پیاوی هاوتا کرد بۆ
مافی داواکردنی جیابوونەوە لە دادگا. پیاو و ژن یەکسان بن لە مافی داواکردنی
جیابوونەوە لە حاڵەتە دیاریکراوەکاندا، وەک خراپ هەڵسوکەوتکردن و ئازاردان، نەخۆشی
دەرونی و عەقڵی، بەردەوامبوون لەسەر خواردنەوەی کحول بە شێوەیەک ژیانی هاوسەری
بشێوێنێت. نەزۆکی، ڕەزیلی لە ژیان و گوزەران، بەندکردن لە پێنج ساڵ زیاتر ... هتد.
هەروەها مافی بەخێوکردنی منداڵ بەپێی بارودۆخ و بەرژەوەندی منداڵەکە بێ و مافی
کارکردن و ... هتد. ئەم یاسایە بوە هۆی زیادبوونی بۆشایی لە نێوان شا و زانایان و
پیاوانی ئایینی. پیاوانی ئایینی یاساکەیان بە دوژمنکارییەکی توند دانا بۆ سەر
بنەما ئایینی و فقهیە شیعەکان. هەوڵدان و خولقاندنی جێگرەوەیەکی ئایینی و بریندارکردنی
هەستی پیاوانی ئایینی.
لە سەرەتای
حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو شا هەوڵی دا بیری نەتەوەیی ئێران ڕەواج پێبدات و پێش بیری
ئایینی بخات. ئاهەنگێکی سازدا بە بۆنەی دوهەزار و پێنج سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر
دروستبوونی ئیمپراتۆریەتی فارسی و کارکردن بە ساڵنامەی ئیسلامی کۆچی گۆڕیی و لە
شوێنیدا بڕیاریدا کار بە ساڵنامەی شاهانشاهی بکرێت، کە لە سەردەمی کۆڕشەوە دەست
پێدەکات. پیاوانی ئایینی ئەوەیان بە پەراوێزخستن و پشتێکردنی میراتی ئیسلامی
دەزانی. هەروەها شا هەوڵی دا پاوانخوازی حەوزەی زانستی لەسەر مینبەرەکانی وتاردان
و فەتوا نەهێڵێت و سەربەخۆییان لەم بابەتەوە کۆت و سنوودار بکات، بە دروستکردنی
دەزگایەک بۆ ئەم مەبەستە، ئەوەشیان بوە هۆی ناڕەزایی زانایان و پیاوانی ئایینی
شیعه.
پوختەی بابەتەکە
ئەوەیە هەر چەندە مەزهەبی شیعەی جەعفەری، وەک ناسنامەی فەرمی و تۆمارکراو مایەوە
لە سەردەمی پەهلەویدا، بەڵام شاکانی ئەم بنەماڵەیە هەرڵسوکەوت و مامەڵەیان لەگەڵ
دەزگا ئایینییەکان لەو ڕوانگەیەوە بوو کە ئایین و مەزهەب و دەزگاکانی کۆسپ و ڕێگرن
لە بەردەم نوێخوازی و پێشکەوتن و ڕۆژئاوایی بوون. ئەم فشار و پاڵەپەستۆیانەی دامودەزگای
فەرمانڕەوا و سەپاندنی بەزۆری یاساکان و ناکۆكیی و ململانێ لەگەڵ دەزگا
ئایینییەکان بوە هۆی وەرچەرخانێکی گەورە لە ئێران، ئەویش گۆڕانی حەوزەی زانستی و
دەزگا ئایینییەکان لە دەزگای تەقلیدی ئاسایی ئایینیەوە بۆ دەزگای سیاسی. بوونی
مەزهەبی شیعه بە ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕانە و لە کۆتاییدا بەرپا بوونی ڕاپەڕینی خەڵکی
ئێران و ڕوخاندنی تەختی شاهانشاهی، کە بە شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 ز. ناسراوە.
شەشەم: كۆماری
ئیسلامی ئێران:
کۆماری ئیسلامی
ئێران ساڵی 1979 ز. ڕووداوێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی ئێران و
ناوچەکە و ئیسلام، بە تایبەتی بۆ مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی و بارودۆخ و سیمای ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و جیهانی گۆڕی. ئەم شۆڕشە کتوپڕ و لەناکا و لەدایک نەبوو، بەڵکو لە
ئەنجامی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی قووڵەوە لە سایەی
حوکمی محەممەد ڕەزا شاه ڕوویدا. هۆکارەکانی بەرپا بوونی شۆڕش زۆرن. کۆمەڵێک هۆکار
بوونە هۆی ئەوەی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای ئێرانی لە پیاوانی ئایینی و
خوێندکاران و بازرگانەکان و چەپ و لیبرالەکان و ... هتد، یەکبگرن لە دژی ڕژێمی
شاهانشاهی.
لە خوارەوە
پوختەیەک یاخوود کورتەیەک لە هۆکارەکان دەخەینە ڕوو:
1-زوڵم و زۆری سیاسی و سەركوتکردن. شا سیستەمی فرەحزبی و حیزبەکانی هەڵوەشاندەوە. تەنها حیزبەکەی خۆی (راستاخیز) لە گۆڕەپانەکە هێشتەوە. دەزگای هەواڵگری ساواکی دروستکرد بۆ ڕاوەدونانی سیاسییەکان و چاڵاكوانەکان و هەر کەسێک هەر دید و تێڕوانینێکی جیاواز لە شا و ڕژێمەکەی هەبێت، گرتنیان و ئەشکەنجەدانیان لە هەموو حیزب و چین و توێژەکانی ئۆپۆزسیۆن بەڕاست و چەپەوە و لیبراڵی و ئیسلامی ...هتد.
2-بەزۆر بە ڕۆژئاوایی کردن و پەراوێزخستنی ناسنامەی ئایینی. شا هەوڵی دا سیاسەتی ڕۆژئاوایی و نوێخواز بەزۆر و بە خێرایی بسەپێنێتە سەر کۆمەڵگای ئێرانی. بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش پیاوانی ئایینی شیعەی بە کۆسپی سەر ڕێگەی دەزانی، بۆیە کەوتە پشتگوێخستنیان و گرتن و ڕاوەدونانی ئەوانەی جۆرێک لە چالاکی و جموجۆڵی دژیان هەبێت. ئەوە بوە هۆی بێزاریی و ناڕەزایەتی پارێزكار و ئایینپەروەرەکان و هەستیان دەکرد کە ناسنامە و کەسایەتی ئایینی و ئیسلامیان ژێرپێ دەخرێ بۆ زاڵکردنی کولتووری ڕۆژئاوایی.
3-پاشکۆیەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا. وا لە شا دەڕواندرا یاخوود سەیردەکرا کە بووکە شوشەیەکە بەدەست ویلایەتە یەكگرتووەکانی ئەمریکاوە، بە تایبەت دوای ساڵی 1953 ز. کاتێک دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هاوکاریی و پشتگیریی شایان کرد بۆ ڕوخاندنی سەرۆک وەزیری هەڵبژێردراوی گەلی ئێران دکتۆر محەممەد موسەددەق و گێڕانەوەی شا بۆسەر تەخت.
4-داتەپینی ئابوریی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی. لەگەڵ ئەوەی چەندین ملیار دۆلار داهاتی ئێران بوو لە ئەنجامی قەڵەمبازی داهاتی نەوت، لە حەفتاکان ئەم داهاتە بۆ بەرژەوندی توێژێکی کەمی فەرمانڕەوا و پڕۆژە گەورە سەربازییەکان خەرج دەکرا و چینە هەژارەکان و چینەکانی ناوەند لە بێکاری و نەبوونی دا دەژیان. کۆچی بەکۆمەڵ و ناڕێک لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بەردەوام بوو. ئەو دیاردەیەش لە لایەک لێدانێکی گەورە بوو لە بەرووبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە لادێکاندا و دروستکردنی قەرەباڵغی و بێسەرۆبەریی و تێکچوونی سیستەمی ژیان لە شارەکان لە لایەکی دیکە.
5-پێشێلکردنی ماف و ئازادیی گەلانی ئێرانی جگە لە فارس، وەک کورد و عەرەب و ئازەر و ...هتد. ئەوانە بێبەش بوون لە بچوكترین مافی کولتووری و ڕۆشنبیری و زمانەوانی و ...هتد. بۆیە ئەوەش پاڵنەرێک بوو بۆ ئەوەی تێکڕای گەلانی ئێران پێكەوە دژی دەسەڵاتی شا ڕابپەڕن.
شۆڕشی ئێران لە ١٩٧٩ز. دا شۆڕشێکی
میللی بوو، بەو مانایەی بە شێوەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی پشتی بەستا بە بەرگریی و چاڵاكی
شارستانیانە و مانگرتنی جەماوەریی و خۆپیشاندانی گەورە و فراوان، نەك کودەتایەكی سەربازی
یان شۆڕشی چەکداری. بەمشێوەیەش دەستیپێکرد:
1-پڕشکی یەکەم لە حوزەیرانی ١٩٧٨ز. ڕۆژنامەیەکی سەر بە دەسەڵات بابەتێکی لەسەر ئایەتوڵا خومەینی بڵاوکردەوە، کە ئەو کاتە لە دورخراوەییدا دەژیا، بە خراپ باسی کردبوو. ئەو ڕۆژنامەیە ڕۆژنامەی ئیتلاعات بوو کە گوتبووی خومەینی کرێگرتەیە و پیاوی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایە و ناوی هێنابو وەکو ئیمپراتۆریەتی ڕەش و هاوتای ئیمپراتۆریەتی سوور کە مەبەستی یەكێتی سۆڤیەت بوو. ئەو بابەتە بووە هۆی تووڕەیی خوێندکارانی حەوزەی ئایینی شاری قوم و وروژان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. سوپا بە زەبری چەک سەركوتیكردن و کوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
2-بەردەوامی چلەکان. بەپێی کولتووری ئیسلامی، بە تایبەتی مەزهەبی شیعە، لە دوای چل ڕۆژ لە مردنی کەسێک پرسەی چلەی بۆ ساز دەکەن. حوسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب زیاتر لە هەزار و چوار سەد ساڵە کوژراوە، ئێستا چل ڕۆژ لە دوای دەی موحەرەم (کە دەكاتە ڕۆژی کوشتنەکەی) پرسەی چلەی بۆ ساز دەدەن و زۆربەی هەرە زۆری شیعەی دنیا ڕوودەکەنە شاری کەربەلا بۆ سەر مەزاری حوسێن و چەند ڕۆژێک شینی بۆ دەگێڕن. بەپێی ئەو کولتوورە پرسەی چلە بۆ خوێندکارانی کوژراوی حەوزەی زانستی قوم ئەنجامدرا. دیسان لە ڕۆژی مەراسیمی چلەکەدا کەوتنەوە بەر شاڵاوی دامودەزگا داپلۆسێنەرەکانی شا و قوربانی لێکەوتەوە. بەمشێوەیە مەراسیمی چلە و قوربانیدان شارەکانی ئێرانی گرتەوە و بەردەوام بوو. زنجیرەیەک لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی سەر تاسەری بووە ڕۆژانە و ڕۆژ بە ڕۆژیش فراوانتر دەبوو و هەموو وڵاتی ئێرانی گرتەوە.
3-ئەو مانگرتنەی دەماری دەوڵەتی گرت و پەكی خست. کۆتایی ١٩٧٨ ز. بازرگانان و کاسبکاران و تەواوی بازاڕ و کرێکارانی نەوت و فەرمانبەرانی دەوڵەت یەکدەنگ و یەکڕەنگ مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاند. ئەوەش بووە هۆی پەكخستنی تەواوی جوڵەی ئابوری و وەستانی ڕۆیشتنی نەوتی ئێران، بەم هۆیەوە دەوڵەت کۆنترۆڵی تەواوی لە دەستدا.
4-ڕوویشتنی شا و گەڕانەوەی خومەینی شوباتی ١٩٧٩ ز. کاتێک وڵات گەیشتە ڕێگای داخراو و مەحاڵبوونی کۆنترۆڵکردنی شەقامی ئێرانی، شای ئێران، محمد ڕەزا پەهلەوی لە 16ی كانونی دووەمی ١٩٧٩ ز. لەژێر قورسایی خۆپیشاندانی ملیۆنی، ئێرانی بەجێهێشت. لە 1ی شوباتی ١٩٧٩ ز. خومەینی لە فەرەنساوە گەڕایەوە ئێران و پێشوازییەکی جەماوەری گەورەی مێژوویی لێکرا و لە تارانی پایتەخت سەرکردایەتی گرتە دەست.
ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی شۆڕش لە 11ی
شوباتی ١٩٧٩ ز. دا:
سوپای ئێران بێ لایەنی خۆی
ڕاگەیاند و لە شەقامەکان کشایەوە، لە دوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند یەکەیەکی سوپای
لایەنگری شا و چەند یەكەیەکی لایەنگری گەل، حکومەتە کاتیەکەی شا پێش ڕۆیشتنی دیاری
کردبوو ڕوخاو تەلەفیزیۆنی ئێران سەرکەوتنی شۆڕش و کۆتایی پاشایەتی ڕاگەیاند. لە
نیسانی هەمان ساڵدا ڕاپرسی میللی گەلی سازدرا و سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران
ڕاگەیەندرا.
کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێران کۆمەڵێک حیزبی سیاسی لیبراڵی، نەتەوەیی کۆن و خاوەن مێژوو و پێگە لە ئێران هەبوون، وەک بەرەی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی کەریم سنجابی و هەروەها حیزبی چەپ و شووعی وەک تودە و مجاهدینی خەڵک و فیداییان و ...هتد. بۆچی ئەوانە نەیان توانی لە جێی ئیسلامییەکان جڵەوی شۆڕش بگرنە دەست؟ ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێك، لەوانە:-
1-حزبە لیبراڵی و نەتەوەیی و چەپەکان هێزەکانیان واتە پێگەی جەماوەرییان تەنها لە شارە گەورەکان بوو، لەناو توێژی ڕۆشنبیر و خوێندکارانی زانکۆ و کارگەکان چڕ بووبوونەوە. بە پێچەوانەوە باڵی ئیسلامی تۆڕێکی دەزگای ئامادەکراوی هەبوو، شا نەیتوانی لەناویان ببات، کە بریتی بوون لە مزگەوتەکان، حوسێنیەکان، حەوزە ئایینیەکان کە لە سەر تاسەری وڵات بڵاوبووبوونەوە، بە شار و شارۆچکە و دێهاتەکانەوە، تەواوی شەقام و کۆڵانەکان. لە ئێران زیاتر لە بیست هەزار مزگەوت هەبوو، ئەوانە هەموویان وەک ناوەند و کەناڵی ڕێکخستن و هاندانی جەماوەر و ڕاگەیاندن بە خۆڕایی و خۆبەخش لە خزمەتی خومەینی و ڕێبازەکەیدا بوون.
2-حزبە سیاسیەکان، چەپ و نەتەوەییەکان وتارەکانیان بەرامبەر گەل بە زمان و دەربڕینی فەلسەفی و دەستەواژە و چەمکی ئاڵۆز و ڕوون نەبوو، وەک دەستەواژەی پرۆلێتاریا، بورژوازی، كەپیتالیزم، دیموکراسی دەستووری و ... هتد. ئەو چەمک و دەستەواژانە ملیۆنان خانەوادە و تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێران هەژار و لادێ نشین تێی ناگەیشتن. لە بەرامبەردا خومەینی زمانی ئایینی سادە و کاریگەری لە ئەدەبیاتی ئایینی و مەزهەبی شیعە و عاشورا و ئەو زوڵمەی لە حوسێن و ئالی بەیت کراوە بەکار دەهێنا. هەموو جیهانی دابەش کردبوو بۆ دوو چین، یەکەم: گەورە و لووتبەرزەکانی سەر زەوی (مستکبرین فی الارض)، کە لە شا و ئەمریکا بەرجەستەی دەکردن.
دووەم: هەژارەکان (مستضعفین)، ئەو بابەتە کاری کردبووە سەر هەست و سۆزی تەواوی گەلانی ئێران و خرۆشاندنیان و ڕاپەڕاندنیان دژی ڕژێمی شا.
3-خاڵێكی تری گرنگ سەربەخۆیی دارایی و بازار، زۆربەی هەرە زۆری بازرگانانی ئێران، واتە نزیکەی کۆی بازاڕی ئێران لە پەیوەندیی توندوتۆڵدا بوون لەگەڵ پیاوانی ئایینی، ئەو پەیوەندیە کۆن و مێژوویی بوو، لە ڕێگای زەکات و پێنج یەک، بۆیە بازاڕ هاوپەیمان بوو لەگەڵ دەزگای ئایینی و بە پارەی ئەوان شۆڕش بەڕێوە دەچوو. مووچەی کرێکارانی مانگرتویان دەدا، بڵاوکراوە و نووسراوەکانیان بۆ چاپ دەکردن، واتە خەرجیەکانیان دەدا. هاوکاری خێزانی قوربانیەکانیان دەکرد. لە بەرامبەردا حزبەکانی تر لە تەنگژەی داراییدا بوون.
4-کاریزمایی و زیرەکیی خومەینی وەک ڕێبەر، کەسایەتی خومەینی بێوێنە و سومبلی بوو. هەموو پیاوانی ئایینی شيعەی ئێران و هاوکارانی بڕوای تەواویان پێی هەبوو، لە جێبەجێکردنی فەرمان و ڕێنماییەکانی دوودڵ و ڕارا نەبوون. بە پێچەوانەوە، حزبەکانی تر بە حزبی تودەشەوە پەرش و بڵاو بوون، سەرکردەکانیان ناکۆک و لە ململانێدا بوون لەسەر باوەڕ و بەرنامەیان زۆر توند نەبوون، ئامادەی سازش بوون لەگەڵ شا دا، بەڵام خومەینی لەسەر بەرنامەکەی زۆر توند بوو، ئامادەی هیچ سازشێک نەبوو لەگەڵ شا و تاکە ئامانجی ڕوخاندنی بوو. هەروەها خومەینی زیرەک بوو لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، قۆناغ بە قۆناغ و ڕاكێشانی لایەنگرانی و سەرنجی هەموو گەلی ئێران بۆ لای خۆی، بە ئەندامانی حزبە نەتەوەیی و چەپەکانیشەوە. خومەینی کاتێک لە فەرەنسا بوو، لە وتار و ڕێنماییەکاندا هیچ کاتێک باسی ویلایەتی فەقیه و دامەزراندنی دەوڵەتی ئایینی ناکرد، بەڵکو باسی فرەیی و ئازادی و دیموکراسی و ئازادیی ڕۆژنامەگەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکرد. هەموو حزبەکان بە تودە و مجاهیدینی خەڵکیشەوە و مەزەندەیان دەکرد، کە خومەینی تەنها باوكی ڕۆحی شۆڕشە و لە دوای سەرکەوتنی جڵەوی دەسەڵات دەداتە دەست ئەوان و ئەوان وڵات بەڕێوە دەبەن، بۆیە بەیعەتیان پێدا وەک ڕابەری شۆڕش. ڕووداوێکی مێژوویی لە شۆڕشی ئێران، کە کاریزمایی خومەینی نیشان دەدا، لە ڕۆژی 8/9/1978 ز. ڕۆژی هەینی بوو، سوپا کەوتە گیانی خۆپیشاندەران و قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە، کە دواتر ئەم ڕۆژە ناونرا هەینی ڕەش و گۆڕەپانەکەش بە گۆڕەپانی شەهیدان ناونرا. ئەم ڕۆژە خومەینی کە لە فەرەنسا بوو هاوكارانی هەواڵەکەیان بۆ برد و بە ڕۆژێکی ڕەش باسیان کرد. خومەینی گوتی ئێوارە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بانگ بکەن قسەم هەیە، هەموو چاودێرانی سیاسیی و چاودێرانی بارودۆخی ئێران و هەتاکو یاریدەرەکانی خۆشی وایان زانی شۆڕشی چەكداری ڕادەگەیەنێت، کەچی ئێوارە بە یەک ڕستەی زۆر کورت داوای لە سوپای ئێران کرد چەک فرێ بدەن و ببنە لایەنگری شۆڕش و گوتی: (براکانم لە ئەرتەشی ئێران، ئەمڕۆ جارێکیتر دەستتان سوور بوو بە خوێنی براکانتان لە گەلی ئێران، ئەگەر سبەینێ چەکەکانتان فڕێ بدەن، من ئەم شەو لە خوا دەپاڕێمەوە لێتان خۆش بێت)، بەیانیەکەی بە هەزاران کەس لە ئەرتەشی ئێران چەکیان فڕێدا و کەوتنە لایەنگری کردنی شۆڕش. ئەوە بە زیرەكیی و تاکتیکی ڕابەر.
5-لاوازی حزبە چەپ و لیبراڵ و نەتەوەییەکان، نزیکەی چارەگە سەدەیەک شا لە ڕێگەی دەزگای ساواکەوە شاڵاوی دڕندانە و توندی دەکردە سەر ئەو حزبانە و هەوڵی لەناو برنی تەواوی دەدان. توانی بوویی جاسوس و پیاوانی خۆی بخاتە ناو ڕیزەکانیانەوە، بە تایبەت چەپەکان زۆر دژایەتی دەکران، لەبەر مەترسیی گواستنەوەی هەژموونی سۆڤیەت و تاقیکردنەوەی سۆڤیەتی لە ڕێگای چەپەکانەوە. هەروەها حزبە نەتەوەییەکانیش کە پاشماوەی موسەددەق و بە درێژە پێدەری ڕەوتەکەی ئەوی دەزانین، بۆیە بە توندی چاودێریان دەکرا و بەربەرەکانی دەکردن، ئەم سەرکوتکردنە پەیکەری ڕێکخستەکانیان و کادیرەکانی لاواز و بێتوانا کردبوون. بەڵام پیاوانی ئایینی لە پەرستگا تایبەتیەکان، مزگەوت و حوسێنیەکان لە ژێر پەردەی جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینیەکان و وتاری ئایینی کاری خۆیان دەکرد، ئەوە بوە هۆی ئەوەی خومەینی بتوانێت تۆڕێکی ڕێکخستنی توندوتۆڵ دروست بکات.
ئەنجامی کۆتایی دوای ڕوخانی شا لە شوباتی 1979 ز. دا، حزبە چەپ و نەتەوەییەکان خۆیان لە بەرامبەر زەمین لەرزەیەکی گەورە دیتەوە، کە بریتی بوو لە هێزێکی جەماوەری ڕێکخراو و گۆشکراو بە بیروباوەڕی ئایینی و مەزهەبی شيعەی دوازدە ئیمامی، ئامادە و گوێڕایەڵی گشت فەرمانەکانی ئایاتۆڵا خومەینین و تەنها بڕیار و فەرمان لە یەک ڕابەر وەردەگرن، ئەویش خومەینییە.
چەسپاندنی پایەكانی ویلایەتی
فەقیه لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا:
ڕژێمی نوێ نەرم نەرم و وردە
وردە کەوتە کودەتاکردن لەسەر ئەو حزبانە، کە لەسەرەتا وەک هاوپەیمان کاریان لەگەڵدا
دەکرد، بە تایبەت تودە و مجاهیدینی خەڵک، کەوتە ڕاوەدونانیان و پاکسازی کردنیان. (حزبی
تودە هەمان سیاسەتی هەڵەی حزبی شیوعی سەردەمی عەبدولکەریم قاسم و بەرەی نیشتمانی
لەگەڵ بەعس دووبارە کردەوە و زیانێکی گەورەی بەرکەوت). بەم شێوە ڕابەر و
سەرکردایەتی ئایینی مەزهەبی تاكڕەو لە گۆڕەپانەکە مایەوە.
ئامانجە ستراتیژییەکانی کۆماری
ئیسلامی ئێران، کۆمەڵێک پڕەنسیپی عەقیدەیی، ئایدۆلۆژی لەگەڵ تێڕوانینە جیۆسیاسیە
پراگماتیکییەکان تێکەڵ دەبن، بۆ بەرجەستەبوونی تێڕوانینی ستراتیژی دوورمەودا لەسەر
هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەتوانین دابەشی بکەین بۆ دوو بەش:
یەکەم: ئامانجە عەقیدەییەکان (ئایدۆلۆژییەکان)، عەقیدەی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران
ڕاستەوخۆ پشتدەبەستێت بەو پرەنسیپانەی لە دەستوری ئێرانی ساڵی 1979 ز. و ویلایەتی
فەقیه هەڵدەهێنجرێت. ئەویش بریتیە لە:-
1-ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئێران لەگەڵ ئەوەی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ئەم دورشمە گۆڕانی بەسەرداهات، لە سروشتی هێرش بەرانەی ڕاستەوخۆوە بۆ شێوازێکی نەرمتر، بەڵام ئامانجی دوورمەودایان وەک خۆیەتی و بریتیە لەوەی کە ئەو نمونەی کۆماری ئیسلامی سەرکردەی جیهانی ئیسلامیە و جێگرەوەی ڕژێمی عەلمانی و دیموکراتی و پاشایەتی دەستوریە.
2-پشتیوانیکردنی لاوازەکان (مستضعفین) و بەرەنگاربوونەوەی گەورەکان یان گەورەکراوەکان (الأستكبار). بیری کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی فەقیه جیهان دەکات بە دوو بەشەوە، یان دوو بەرەی دژ بە یەک کە بریتین لە:
أ-گەورەکان یان گەورەکراوەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا و یاخوود وەک لە ئەدەبیاتی ئێرانی بە شەیتانی گەورە ناسراوە.
ب- لاوازەکان، گەلانی زۆرلێکراو کە ئێران خۆی بە سەرکردە و پێشەنگ و بەرگریكار لەوانە دادەنێت. بە ئامانجی تێکشکاندنی هەژموونی ڕۆژئاوا و دروستکردنی جەمسەرێکی نێودەوڵەتی گشتی دژی ئیمپریالیزم وەک دەڵێ بەرەی زۆرداری.
3-ڕزگارکردنی قودس و لەناوبردنی ئیسرائیل. لە گوتاری فەرمی ئێراندا دژایەتی کردنی ئیسرائیل یەکێکە لە پایە بنچینەییەکانی سیاسەتی ئێران و تاكو ئەمڕۆش نەگۆڕە. ئێران کێشەی فەڵەستین وەک پاڵنەرێک بەکار دەهێنێت بۆ ڕاكێشانی سۆزی عەرەب و ئیسلام.
4-دامەزراندنی مەرجەعیەتی شیعە و سەرکردایەتی کردنی. چەسپاندنی قوم وەک ناوەند و پایتەختی ڕۆحی و سیاسیی شیعەکانی جیهان و جەختکردنەوەی لەسەر دەسەڵاتی وەلی فەقیه و تێپەڕاندنی سنوری نیشتیمان.
5-باوەری مەهدی بوون یان بوونی مەهدی. سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایە دەبێت دەوڵەت کەشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ساز بکات و ئامادە بێت و لە چاوەڕوانی دەرکەوتنی مەهدیدا بێت، کە وەک ڕزگارکەر بەپێی مەزهەبی شیعە یەکێکە لە پێویستییەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزە زۆردار و ستەمکارە جیهانیەکان.
دووەم: ئامانجی سیاسیی و
ستراتیژی، دیبلۆماسیەتی
ئێران و هێزە سەربازییەکەی بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکات و دەجولێ، کە ئاماژە عەقیدەییەکان
بگۆڕێت بۆ واقیعی سیاسی بەرجەستە لەسەر چەند ئاستێک:-
1-لەسەر ئاستی هەرێمی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست):
أ-دروستکردنی تەوەری بەرگریکردن وەک پشتێندەیەکی ئاسایشی و جوگرافیایی سیاسی، ئێران تێدەکۆشێت بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆی لە ڕێگای تۆڕێک لە هاوپەیمانان و بریکارانی خۆجێی لە عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن و فەلەستین. وەک ئامانجێکی دوورمەودا بۆ دروستکردنی پشتێندەیەکی جوگرافیایی لە تارانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور، کە ئەوە دەبێتە قوڵایی ستراتیژی ئێران و ئامرازێکی فشاری بەهێز بەدەست کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
ب- کۆتاییهێنانی هەژموونی سەربازی ئەمریکی و وەدەرنانی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامانجی سەرەکییە لە لایەن سەرکردایەتی ئێران و قابیلی سازش لەسەرکردن نیە. کۆماری ئیسلامی بوونی هێزی ئەمریکا لە ناوچەکە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر خۆی دادەنێت و بە کۆسپو ڕێگری دەزانێت لە بەردەم بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە ناوچەکەدا.
ج-لەناوبردنی ئیسرائیل و ڕزگارکردنی قودس، لە دیدی ئێران بوونی ئیسرائیل و قەوارەی زایۆنی وەرەمێکی شیرپەنجەییە، پڕۆژەیەکی ئیستیعماریى و ڕۆژئاواییە لە ناوچەکە. ئامانجی سیاسیی و عەقائیدی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی لەناوبردنی ئەو قەوارەیە و گەڕاندنەوەی تەواوی خاکی فەڵەستینە بۆ فەڵەستینیەکان. کۆماری ئیسلامی ئەو ئامانجە بەکار دەهێنێت بۆ وەرگرتنی ڕەوایەتی کردنی سەرکردایەتی کردنی شەقامی عەرەبی و ئیسلامی.
د-بەدیهێنانی هەژموونی هەرێمی و گۆڕینی تەرازوی هێز، ئێران هەوڵ دەدات ببێتە هێزی هەرێمیی یەکەم و هەژمووندار لەسەر کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دانانی سنوور بۆ هەژموونی هێزە هەرێمیە كێبەركێکەرەکانی وەک سعودیە و تورکیا.
2-لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جیهان:
أ-تێکشکاندنی هەژموونی ڕۆژئاوایی تاک جەمسەر، ئێران بە هاوکاری هێزەکانی تری جیهان وەک ڕووسیا و چین هەوڵ دەدات سیستەمێکی نێودەوڵەتی فرەجەمسەر بێنێتە کایەوە و کۆتایی بە هەژموونی تاک جەمسەری ئەمریکا بێنێت لەسەر دەزگا سیاسیی و ئابووریەکانی جیهان.
ب- بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی وەک گەورە هێزی هەرێمی، بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەوەی کە ئێران هێزێکی زیندوو و کاریگەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەک توانای چارەسەرکردنی هیچ دۆسیەیەک یان کێشەیەکی ناوچەکە بەبێ بەشداری کردنی ئێران ناکرێت.
ج-ستراتیژی سەربەخۆ و خودابینکردن، بنیاتنانی توانای بەرگریی و تەکنۆلۆژی سەربەخۆ، وەک بەرنامەی ئەتۆمی و ساروخ و فڕۆکەی بێفڕۆکان ... هتد، بۆ مسۆگەرکردنی هێزێکی ئەو تۆکە هیچ هێزێکی نێودەوڵەتی نەتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت لە ڕێگای ئابلوقەدان و سزای ئابووری و هەر شێوازێکی تر.
ئەنجام
لە ئەنجامی ئەم کورتەباسە
مێژووییە دەربارەی شیعە و شیعەگەرایی لە سەرهەڵدانیەوە تاكو قۆناغەکانی پەرەسەندنی
و وێستگەکانی فەرمانرەوایی تاکو ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەگەینە ئەو
ئەنجامانەی خوارەوە:-
1-گەرای شیعه لە سەردەمی ژیانی پێغەمبەر (د.خ) چێندراوە و زەمینەی سەرهەڵدانی خۆشکراوە.
2-لە سەرەتادا شیعه گەرایی وەک لایەنگری کەسی بووە، واتە لایەنگری عەلی کوڕی ئەبی تالیب، نەک وەک بیر و ڕەوتێکی ئاینی جیاواز.
3-لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) پێی نایە قۆناغێکی تر و گۆڕانی بەسەردا هات، لە لایەنگرییەکی ئاساییەوە بۆ ئامانجی گرتنەدەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ئیسلامی و ململانێ لەسەر شوێن گرتنەوەی پێغەمبەر.
4-لە دوای ڕووداوی مێژوویی کەربەلا و کوژرانی حوسەینی کوڕی عەلی، شیعه وەک سۆز و بیر و باوەڕێک بۆ حوسێن و ئەو غەدر و زوڵمەی لە ئالی بەیت کراوە، زیاتر خەملی و چەند جوڵانەوە و بزووتنەوەیەک بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی حوسێن و بنەماڵە و یاوەرانی سەریانهەڵداوە.
5-لە قۆناغی دواتر لەسەر دەستی هەردوو ئیمام محەممەد باقر و جەعفەری سادق، بنەما و بیروباوەری شیعە چەسپاو ڕێکخرا وەک سیستەمێکی دارێژراو بوو بە مەزهەب، مەزهەبی جەعفەری.
6-چەند لق و بەشێک لەناو مەزهەبی شیعه دەرکەوتن، وەک دوازدە ئیمامی، زەیدی، ئیسماعیلی ... هتد، بەڵام ئەوەی زۆر دیارە و لە هەموویان زیاترە و پەیڕەوکاری هەیە، هەژموون و پێگەی هەیە، شیعەی دوازدە ئیمامیە یاخود مەزهەبی جەعفەرییە.
7-لە قۆناغی دواتر مەزهەبی شیعه وەک بیر و باوەڕێکی ڕۆحی، عەقیدەیی و ڕەوتێکی سیاسیی دەسەڵاتخواز بەرجەستە بوو.
8-ململانێ لە سەر دەسەڵات خزمە هەرە نزیکەکانیشی گرتەوە، عەباسییەکان و شیعەکانی نەوە و وەچەی عەلی کوڕی ئەبی تالیب كە هەردوو لایان دەگەڕێنەوە سەر باپیرە گەورەیان عەبدولموتەلیب و لە تیرەی بەنی هاشیم و قوڕەیشین. ئەوانە لە کاتی دژایەتی و بەربەرەکانی کردنی دەوڵەتی ئەمەوی، هاوکار و هاوپەیمان بوون بۆ ڕوخانی دەوڵەتەکە و گرتنە دەستی دەسەڵات. دوای ڕوخانی ئەمەوییەکان و دامەزراندنی دەوڵەتی عەباسی، عەباسییەکان بە توندترین شێوە کەوتنە گیانی ئامۆزاکانیان و زۆرترین شاڵاوی ڕاوەدونان و گرتن و ئەشکەنجە و کوشتنیان ئەنجامدا. ئەوەش پاڵنەرێک بوو بۆ ڕاکردنی شیعەکان و بڵاوبوونەوەیان لە ناوچەکانی دەرەوەی دەوڵەتی عەباسی و شارەکانی بەغدا و کوفە ... هتد بەتایبەت لە وڵاتی ئێران.
9-بە درێژایی مێژووی ئیسلام لە زۆر شوێن و ناوچە پێڕەوانی مەزهەبی شیعه فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتیان وەرگرتووە، لە پێش دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەوەی کە زۆر توند بوو لە سەر چەسپاندنی مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی و ئەو مەزهەبەی وەک ئایینی فەرمی دەوڵەت ڕاگەیاند و کەوتە بە زۆر سەپاندنی مەزهەبەکە لە سەر هاوڵاتیانی سنووری دەوڵەتەکەی، دەوڵەتی سەفەوی بوو. حەوزەی زانستی و دامودەزگا ئاینیەکانی دامەزراند و لە ناوچەکانی دەرەوەی دەوڵەتەکەی زانایانی شیعەی بۆ هێنا.
10-لە سەردەمی پەهلەوییەکاندا هەوڵیان دا ئاین و مەزهەبی شیعە کاڵ بکەنەوە. قەدەغەی ئەنجامدانی سرووتە ئاینییەکانی شیعەیان کرد و لە پێگە و هەژموونی حەوزەی ئایینی قوم و دامودەزگا ئاینیەکانیان کەمکردەوە و کەوتنە هەوڵدان بۆ ئەوەی وڵات بەرەو سیستەمی ڕۆژئاواویی ببەن و بە زۆر کولتووری ڕۆژئاوایی بسەپێنن و کەوتنە دژایەتی زانایان و پیاوانی ئایینی و ڕاوەدونانیان و گرتن و ئەشکەنجەدان و دورخستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات. بەڵام ئەم توندوتیژییە نەک هەر ئامانجی نەپێکا، بەڵکو بوە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕین و ڕوخانی شا و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران.
11-کۆماری ئیسلامی ئێران وەک عەقیدە و سیاسەت و ئایدۆلۆژییا خۆی وەک ڕابەر و پێشڕەوی جیهانی ئیسلامی دادەنێت. هەوڵ دەدات هێز و توانایەکی ئەو تۆ بەدەست بهێنێت، کە بتوانێت پێشڕەوایەتی موسڵمانان بکات، کە بە بەرەی هەژار و کەمدەستەکان دیاریان دەکات و بیان پارێزێت لە دەست زوڵم و زۆری زلهێزەکان بە ڕابەرایەتی ئەمریکا، کە بە شەیتانی گەورە ناوی دەبات. کۆماری ئیسلامی لە دوور مەودادا ئامانجی ئەوەیە وەک جەمسەرێکی گەورە و زلهێزێک دەربکەوێت و کاریگەری هەبێت لە سەر ڕەوت و سیاسەتەکانی ناوچەکە و جیهان.
12-ئێران جگە لە دژایەتی کردنی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، تێدەکۆشێت ببێتە هێزی یەکەمی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامی، زاڵ بێت بەسەر ئەوانەی کە بەكێبەركێکاری خۆی دەزانێت وەک توركیا و سعودیە.
13-ناردنە دەرەوەی سیستەمی ویلایەتی فەقیه و بنەماکانی شۆڕشی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە. بە تێڕوانینی من ئەوەش دەبێتە هۆی پێکدادان لەگەڵ پڕۆژەی ئیبراهیمی ئیسرائیلی بە چاودێری ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی دیکە.
14-لە سەرنجدان بە کۆی خاڵەکانی پێشەوە، دەگەینە ئەو ڕایەی کە عەقیدە و سیاسەت و ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی بنەما و بنچینەیەکی دامەزراوی هەیە و ناتواندرێت وا بە ئاسانی تێکبشکێنرێت و لەناو ببرێت. بۆیە جەنگ و ململانێ لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی درێژخایەنە و کۆتایی نایەت و بەردەوام دەبێت. ڕەنگە وێستگەی هێوربوونەوە و توندبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام بنبڕ نابێت. کارەسات و زیانی گەورەی لێدەکەوێتەوە و کوشتاری زۆری بە دواوەیە و ژێرخانی ئێران هەڵدەتەكێنێت، بەڵام ئێران وا ئاسان لەناو ناچێت. ناوچەکەش کارەساتی گەورەی تێدا ڕوودەدات و زیانی گەورەی بەردەکەوێت.
بۆ
نوسینی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1-د. عباس خامەيار: السياسة الخارجية للجمهورية الإسلامية الإيرانية: دراسة في المبادئ والنظريات (1979-1991)، مركز الحضارة لتنمية الفكر الإسلامي، بيروت، 2022.
2-د. طلال عتريسي: الجمهورية الصعبة: ايران في تحولاتها الداخلية و سياساتها الاقليمية، دار الساقي – بيروت، 2018.
3-مجموعة مؤلفين: العرب و ايران: مراجعة في تاريخ و السياسة، الطبعة الثانية، المركز العربي للابحاث و الدراسات السياسية، 2012.
4-احمد بن يحى البلاذري: انساب الاشراف، تحقيق: د. محمد حميد الله، جلد الاول، دار المعارف، مصر، 1959.
5-ابى الفداء الحافظ -ابن كثير الدمشقى: البداية والنهاية /الجزء /8. مركز الشرق الأوسط الثقافى الطبعة الأولى سنة2008.
6-ابو الحسن على بن الحسين المسعودى: مروج الذهب و معادن الجوهر، مجلد 3، تحقيق: محمد محيي الدين عبدالحميد، دار الرجاء للطبع والنشر، القاهرة- مصر، 1938.
7-تریتا پارسی: هاوپەیمانی فریو دەرانە، مامەڵە نهێنییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەرگێڕانی: دکتۆر بایەزید حەسەن عەبدوڵا، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم -سلێمانی، 2025.
8-ستانلی لین پول: تاريخ الدول الاسلامية ومعجم الاسر االحاكمة، ترجمة: احمد السعيد سليمان، جلد: 1-2-3، دار المعارف (القاهرة - مصر)، 1972.
9-محمد جواد مغنية: الشيعة والحاكمون، دار و مكتبة الهلال، بيروت – لبنان، ط1، 2000.
10-د. بديع محمد جمعة و د. أحمد طه نديم: تاريخ الدولة الصفوية في ايران، دار النهضة العربية (بيروت - لبنان)، ط1، 1976.
11-عباس إقبال آشتياني: تاريخ ايران بعد الاسلام، ترجمة: د. محمد علاء الدين منصور، صدرت الطبعة العربية الأولى عن دار الثقافة والنشر والتوزيع عام 1989.
12-يرفاند ابراهيميان: ايران بين ثورتين، ترجمة: احمد عبداللة و احمد بهاءالدين، دار المدار الاسلامي (بيروت - لبنان)، ط1، 2003.
13-يرفاند ابراهيميان: تاريخ ايران الحديث، ترجمة: مجدي صبحي، المجلس الوطني الاعلى للثقافة و فنون (ضمن المشروع القومي للترجمة- الاصدار رقم 1891) – الكويت، ط1، 2014.
14-د. صباح مهدى الطائي: الحوزة العلمية في قم، دراسة في نشأتها وتطورها ونشاطها الفكري والسياسي (1922-1979)، العارف للمطبوعات (بيروت- لبنان)، ط1، 2012.
15-نيكي ر. كيدي: ايران الحديثة: جذور الثورة ونتائجها، ترجمة: مصطفى مجدي الجمال، المجلس الاعلى للثقافة (ضمن المشروع القومي للترجمة- الاصدار رقم 1198) – القاهرة، مصر، ط1، 2008.
16-محمد رضا بهلوي (شاه ايران): اجابة على التاريخ، ترجمة: مروان خير، دار النشر بيسان للنشر والتوزيع (بيروت – لبنان)، ط1، 1980.
17-روبرت دريفوس: رهينة بقبضة الخميني (المخطط الغربي لاسقاط الشاه)، ترجمة: د.قيس محمد، مركز طروس للنشر والتوزيع (الكويت)، 2023.