دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئامانج ڕەحیم بۆ شاندی دانوستانکار: دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لە بەغدا، گۆڕانکاری مەحاڵ دەبێت

هەرێم نیوز

ئامانج ڕەحیم: قۆناغی ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێم بە ١٤.١٤٪ لە بودجەدا پێش ئەوەی بگاتە پەرلەمان ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەو دانوستانانەی بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەست پێبکەنەوە، و بە «گونجاوترین و ئاسانترین دەرفەت»ی وەسف کرد بۆ مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧.

ئامانج ڕەحیم ڕوونی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لا لە ئێستادا لە قۆناغی «ڕەشنووس» (مسودة)ی پڕۆژەی یاسای بودجەدان و هێشتا نەبوونەتە «پڕۆژەیاسا» (مشروع قانون)ی پەسەندکراو، چونکە ئەم ڕەشنووسە کاتێک سیفەتی فەرمیی پڕۆژەیاسا وەردەگرێت کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیدا پەسەند بکرێت و پاشان ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا کاتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ١٤.١٤٪ لە خشتە و ماددەکانی بودجەدا جێگیر بکرێت. سەبارەت بە هۆکاری یاسایی و دەستووریی پێداگری لەسەر ئەم قۆناغە، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە بەربەستە یاساییەکانی بەردەم پەرلەمان کرد بەپێی:

ماددەی (٦٢/دووەم) لە دەستووری عێراق. ماددەی (١٢) لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩.

ماددەی (١٧/سێیەم) لە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠١٨. بەپێی ئەم دەقانە، دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی عێراق لە دەستکاریکردنی بودجەدا زۆر سنووردارە؛ پەرلەمان تەنها دەتوانێت گواستنەوە (مەقاسە) لە نێوان بڕگەکاندا بکات یان خەرجییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام بۆ زیادکردنی کۆی گشتیی خەرجییەکان هیچ دەسەڵاتێکی بڕیاردانی نییە و تەنها دەتوانێت پێشنیار ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکات.

لە کۆتاییدا ئامانج ڕەحیم هۆشداری دا لەوەی دواخستنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بۆ ناو پەرلەمان هەڵەیەکی گەورەیە و پێویستە سەرجەم ناکۆکییەکان لە نێو کابینەی فیدراڵیدا چارەسەر بکرێن، چونکە هەر کاتێک پڕۆژەکە پەسەند کرا و گەیشتە پەرلەمان، دانوستان و هەموارکردنی بڕگە داراییەکان لە بەرژەوەندیی هەرێم زۆر دژوار و ئاڵۆز دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP