هەرێم نیوز
بەرپرسانی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرچاوە عێراقییەکان لێکدانەوەی جیاواز بۆ دۆخی دارایی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق دەخەنە ڕوو؛ لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) باس لە ڕاگرتنی مووچەی چەکدارەکان دەکات بۆ ڕزگارکردنی تاران لە داڕمانی دارایی، سەرچاوە ناوخۆییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە مووچەی فەرمی لە بودجەی دەوڵەتی عێراقەوە دابین دەکرێت و بەردەوامە.
براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی ٩ مانگ گەمارۆی دەریایی و سزای توندی ئابووری، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ٢٥ ملیار دۆلار داهاتی نەوت و ٣٥٠ ملیۆن دۆلار لە دراوی دیجیتاڵی بێبەش کراون؛ ئەم دۆخەش وای کردووە کە سوپای پاسداران لە دابینکردنی مووچەی هێزەکانی خۆی پەکبکەوێت و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، لەوانەش گرووپە چەکدارەکانی عێراق، حیزبوڵڵا و حەماس ناچار بکات مووچەی چەکدارەکانیان ڕابگرن و پارەکە ڕەوانەی تاران بکەن.
لە بەرامبەردا، سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان بۆ ڕۆژنامەی «شەرقولئەوسەت» ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەرچەندە گرووپە چەکدارەکان بەهۆی سزاکانی ئەم دواییەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەر سەرکردەکانیان، بانکەکان و ئەو دامەزراوانەی تۆمەتبارن بە مامەڵە لەگەڵ ئێران تووشی تەنگژەی دارایی بوون، بەڵام بڕینی مووچەی چەکدارەکانیان دوورە لە ڕاستییەوە. بە گوتەی سەرچاوەکان، زۆربەی ئەو چەکدارانە سەر بە دەستەی «حەشدی شەعبی»ن، کە لە بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڕی ٣.٦ ملیار دۆلاریان بۆ نزیکەی ٢٣٨ هەزار کارمەند بۆ تەرخان کراوە و مووچەکانیان بە بەردەوامی وەردەگرن؛ هاوکات کۆی چەکدارانی ناو گرووپە تایبەتەکان لە ٥٠ هەزار کەس تێپەڕ ناکات و مووچەی ئەوانیش بەشی پڕکردنەوەی کورتهێنانی تاران ناکات.
هاوکات سەرچاوەکان تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی کە دەسەڵات و بەرژەوەندییە داراییەکانی سوپای پاسداران لە عێراقدا لە ڕێگەی کەرتی وزە، بیناسازی، بازرگانی، و گرێبەستە گەورەکانی دەوڵەتەوە دابین دەکرێت، نەک لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی مووچەی چەکدارەکان. ئەم لێدوانانە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا «بانکی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنانی عێراقی» خستە لیستی سزاکانەوە بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ گەیاندنی دۆلار بە ئێران و هاوکاریکردنی بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان.