هەرێم نیوز
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بەتایبەتی ئەگەر لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە بێت، و ڕایدەگەیەنێت کە ئەوان ئامادەن بەرامبەر هەر هەنگاوێکی لایەنەکان، سەد هەنگاو بچنە پێشەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە هەر دەستپێشخەرییەک بە ئاراستەی نەهێشتنی چەقبەستوویی سیاسی و پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان، بە کارێکی باش و گرنگ دەزانن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی لە ڕابردووشدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەستپێشخەری کردووە و لەسەر ئەو هەوڵانەشی بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و دانوستانەکان، سیوەیلی هیوای خواست بە شێوەیەکی کردەیی لایەنەکان بە زووترین کات کۆببنەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، چونکە کاراکردنەوەی دەزگا یاسادانانەکە دەبێتە هۆی خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتیش، دووپاتی کردەوە کە پەیوەندی و گفتوگۆکان نەپچڕاون و بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەیەکی فەرمی و ئاشکرا لە نێوان هەردوولادا دیاری نەکراوە.