هەرێم نیوز
سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ڕایدەگەیەنن کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان و پێکدادانەکان لە پارێزگای تەعز، دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون کە زۆربەیان چەکداری حووسین، هاوکات حووسییەکان گەمارۆی سەر شارەکەیان توندتر کردووە و تەواوی دەروازەکانیان داخستووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوە سەربازییەکانی حکومەتی یەمەن بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ئاشکرا کرد کە گرووپی حووسییەکان دوای کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی مسراخ و ناوچەی نەجد قەسیم، گەمارۆی سەر شاری تەعزیان (سێیەم گەورەترین شاری یەمەن) زۆر توندتر کردووە.
ئەفسەرێکی مەیدانیی سوپای یەمەن ئاماژەی بەوە کردووە کە حووسییەکان هەر چوار دەروازەی شارەکەیان داخستووە و کۆنترۆڵی ئاگرییان بەسەر ڕێگەی دۆڵی زەباب (دەروازەی باشووری ڕۆژئاوا)دا سەپاندووە و تەقە لە هەر ئۆتۆمبێلێک دەکەن کە بیەوێت لەوێوە تێپەڕێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، حووسییەکان توانیویانە پێشڕەویی زیاتر بکەن و ڕێگەی سەرەکیی و ژیاریی نێوان تەعز و عەدەن (پایتەختی کاتیی حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعوودیەوە پاڵپشتی دەکرێت) ببڕن، هەروەها سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن سەدان چەکداری نوێی حووسی گەیشتوونەتە دەوروبەری شارەکە بۆ توندکردنی هەڕەشەکانیان.
دەرەنجامی ئەم گەمارۆیە وایکردووە دانیشتووانی تەعز ڕووبەڕووی کەمبوونی توندی کاڵا و پێداویستییەکان و بەرزبوونەوەی خێرای نرخەکان ببنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی یەمەن هۆشداریی داوە لە کەوتنەوەی "کارەساتێکی تەندروستی و مرۆیی لە نزیک"، بەو پێیەی دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکان و سووتەمەنی لە منشەئە و نەخۆشخانەکانی شارەکەدا خەریکە بەتەواوی کۆتایی دێت و ژیانی هەزاران هاووڵاتی کەوتووەتە مەترسییەوە.