دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسماعیل بەقایی: ئاسایش ناگەڕێتەوە بۆ گەرووی هورمز ئەگەر شەڕی ئابووریی ئەمریکا دژی ئێران بەردەوام بێت

هەرێم نیوز

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی فەرمیی تارانى سەبارەت بە ئاسایشی گەرووی هورمز و بەردەوامیی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتن خستە ڕوو.

گەرووی هورمز و هەڵوێستی واشنتن

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات گەرووی هورمز کراوەیە یان ئێمە کارتی گەرووەکەمان لە دەست داوە، بەڵام ئەمە لەگەڵ واقیعدا یەک ناگرێتەوە. ئاسایش ناگەڕێتەوە بۆ گەرووی هورمز ئەگەر گەمارۆ و شەڕی ئابووریی ئەمریکا دژی وڵاتەکەمان بەردەوام بێت."

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا بۆ دابینکردنی وزە ڕووی لە وڵاتانی دیکە کردووە و دۆخی ئێستای گەرووی هورمز لە ئەنجامی دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران، هاوکات ئەمریکا بەردەوامە لە دەربڕینی مەترسیی بێ بنەما سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

دانوستانەکان و ڕۆڵی نێوەندگیرەکان
سەبارەت بە پرۆسەی دیپلۆماسی، بەقایی ڕوونی کردەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیام لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە، و بە تایبەتی پاکستان و قەتەر ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕن و تاران پێشوازی لە هەوڵە باشەکانی گەلانی دۆست دەکات.

جەختیشی کردەوە: "پێداچوونەوە بە وەڵامی ئەمریکا بۆ پێشنیازەکەمان دەکەین و کاتێک گەیشتە ئەنجامێک، ناوەندەکان ئاگادار دەکەینەوە. بەڵام ئەمریکا لەم دواییانەدا سزای نوێی بەسەر ئێمەدا سەپاندووە و دەبێت ئەمانە هەڵبگیرێن."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا کە تاران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەوڵی چاکەکارانە بە مەبەستی یارمەتیدان لە ئاسانکاریی وتووێژەکانی نێوان یەمەن و سعوودیە.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP