ھەرێم نیوز
دیداری سەر ڕێگا و دوو ڕیشدرێژەکەی ناو ئاوێنەکە!
تەممووزی ٢٠٠٣...
بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق کەوتبوونە دەست سوپای ئەمریکا.
کەسێکی نزیک لە خێزانی سەدام پێی گوتم: سبەی کاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانی، لەسەر ڕێگای (عەین جەحش)، نزیک تکریت دەبین، ئۆتۆمبێلەکەت بێنە دوو کەسی گرنگ هەن دەبێت بیانهێنیت بۆ موسڵ.
نەمپرسی کێن، تەنیا ڕازی بووم.
بەیانی گەیشتمە شوێنی مەبەست، ئۆتۆمبێلێکی (پیکاب دەبڵ قەمەرە)م پێ بوو و دوو کەس سەرکەوتنە کوشنەکانی دواوە.
لەکاتی شۆفێریدا، سەیرێکی ئاوێنەی ناوەڕاستی ئۆتۆمبێلەکەم کرد و خۆزگە هەرگیز سەیرم نەکردایە!
ریشیان هێندە درێژ بوو، گەیشتبووە سەر سنگیان، شێواو، بێدەنگ، و نقومی ترسێکی قووڵ بوون...
کەسەکەی تەنیشتم بە هێواشی پێی گوتم: "بۆچی سڵاو لە مامۆستاکان ناکەیت؟"
دووبارە سەیرێکی ئاوێنەکەم کردەوە... بە سەرسوڕمانەوە گوتم: "مامۆستا عودەی؟ مامۆستا قوسەی؟"
پێشتر هەرگیز لە نزیکەوە نەمبینیبوون، تەنیا لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە نەبێت کە هەموو عێراق لێیان دەترسا.
ئێستا هەردووکیان، وەک دوو کەسی تێکشکاو لە ئۆتۆمبێلەکەی مندا بوون.
عودەی بێ ئەوەی سڵاو بکات، یان بپرسێت من کێم، بە دەنگێکی خنکاو و پڕ لە دڵەڕاوکێوە گوتی:
"تەنیا لە دەوریەی ئەمریکییەکان دوورمان بخەوە... نامانەوێت بە هیچ شوێنێکدا بڕۆین کە ئەمریکیی لێ بێت!"
خوێن لە دەمارەکانمدا مەیی...
من دوو مرۆڤم هەڵنەگرتبوو، بەڵکو دوو بۆمبی ئەتۆمیم پێ بوو کە تەواوی سوپای ئەمریکا بەدوایاندا دەگەڕان!
لێرەوە زانیم ژیانی ئاسایی من کۆتایی هات و ڕێگام بەرەو گەڕەکی (بەرید) لە موسڵ گرتەبەر، بەرەو ماڵەکەی خۆم، بەبێ ئەوەی بزانن ئەو ماڵە دەبێتە گۆڕستانیان!.
ڕۆژەکانی ناو ماڵەکە چۆن تێپەڕین؟... چاوەڕێی بەشی دووەم بن.
کورتەیەک لەسەر نەواف زێدان، ئەو پیاوەی عودەی و قوسەی پەنایان بۆ برد:
نەواف کوڕی موختاری قەزای شنگال بوو. ساڵی ١٩٧٠ بەهۆی ئەوەی سەڵاحی برای ڕایکرد بۆ سووریا و بوو بە ئۆپۆزسیۆنی بەعس، خێزانەکەی کەوتنە بەر نەفرەتی دەوڵەت.
ساڵی ١٩٧٤، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێن، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان لە موسڵ. باوک و دوو لە براکانیان دەستگیر کرد و دەستیان بەسەر تەواوی سەروەت و سامان و خانووەکەیاندا گرت. نەواف کە ئەوکات تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بوو، وەک تاقە پیاوی ماڵەوە مایەوە لەگەڵ دایکی و ٦ خوشکی، بۆ بژێوی ژیانیان لە کارگەیەکی ئارد بوو بە حەماڵ.
سەرباری ئەم ڕابردوو و مێژووە پڕ لە ئازارەی کە سەدام بەسەر ئەم خێزانەیدا هێنا، چارەنووس یارییەکی سەیر دەکات... دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ لەو ڕووداوە، کوڕەکانی سەدام حوسێن (عودەی و قوسەی) ڕێک دێنە ناو ماڵی ئەم پیاوەوە خۆیان دەشارنەوە!"
ئامادەکردنی، ھەڵۆ کاکەوەیس