دوای نزیکەی چوار دەیە لە دەسەڵاتی ڕەها و بەڕێوەبردنی سیستمێکی ناوەندیی ئاڵۆز، کۆتاییهاتنی قۆناغی عەلی خامنەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە نێو پێکهاتەیەکی تەواو جیاواز؛ قۆناغێک کە تێیدا تاران لە دەوڵەتێکی خاوەن یەک مەرجەعی باڵاوە گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی فرەناوەند و پێکهاتەی هاوشێوەی ڕێکخراوە چەکدارییە تەنراوەکان.
سەرەڕای دەستبەکاربوونی موحتەبا خامنەیی وەک ڕابەری نوێی وڵات، بەڵام میراتی دەسەڵاتە بەرفراوانەکان، شەرعییەتی ئایینی و پێگەی بێڕکابەری باوکی وەک خۆی بۆ کوڕەکەی نەگوێزرایەوە. موحتەبا خامنەیی کە لە نێو دامەزراوەکانی وەک سوپای پاسداران، بەسیج و دامەزراوە ئەمنییەکاندا گەورە بووە، بە بۆچوونی لێکۆڵەران و شارەزایانی حەوزەی نەجەف و قوم، مەرجەعییەتی فیقهیی تەواو و دەسەڵاتی تاکڕەوانەی بەسەر سوپای پاسداران وەک باوکی نییە، بەڵکو خودی سوپاکە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە بەڕێوەبردنی کایەکاندا و دەسەڵاتی بڕیاردان لە نێوان چەندین دەستە و ناوەنددا دابەش بووە.
لە ڕاستیدا دۆخی سەربازی و ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی، تارانـی ناچار کردووە ستراتیژییەک بگرێتەبەر کە بە «بەرگریی لامەرکەزی» وەسف دەکرێت. ئێران لە دەوڵەتێکی خاوەن «سەرێکی ناوەندی» کە لەدەستدانی لە کاتژمێرێکدا تەواوی دەسەڵات ئیفلیج بکات، بووەتە پێکهاتەیەک لە خانە و دەستەی جیاواز و نیمچەسەربەخۆ. سوپای پاسداران خۆی گۆڕیوە بۆ یەکەی ئۆپەراسیۆنی دابەشکراو بە فەرماندەیی ناوخۆیی و هەرێمی، کە ڕێگەیان پێدراوە بڕیاری مەیدانی بدەن بە جۆرێک وەک ئەوەی هەمیشە فەرماندەی گشتی لە ژیاندا نەمابێت.
ئەم وەرچەرخانە قووڵە پرسیارێکی نوێی لە تاران، بەغدا و بەیرووت دروستکردووە: لە ئێستادا بڕیاری کۆتایی لە دەستی کێدایە؟ شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ململانێ و بڕیاردانی ئەمڕۆی ئێران لە نێوان نووسینگەی ڕابەر، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندە سەربازییەکان و سوپای پاسداران دابەش بووە؛ واقیعێک کە تەنانەت بەرپرسانی باڵای وەک سەرۆککۆمار مەسعوود پزیشکیانیشی نیگەران کردووە لە پەرتەوازەبوونی ناوەندی بڕیار، لە کاتێکدا کێشەی گەورەی تاران لەم قۆناغەدا تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی ئەم هەموو سەر و باڵە سەربەخۆیانەیە کە لە ناوخۆی سیستمەکەدا دروست بوون.