هەرێم نیوز
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا بە گۆڕانکارییکردن لە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، بەپێی بڕیارە نوێیەکەش کە لەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت، نرخی فرۆشتنی یەک دۆلار بە هاووڵاتییان بۆ ١٥٢٠ دینار (١٥٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک) بەرزکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی ١٠ـی ٢٠٢٦، بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا گۆڕانکارییەکانی نرخی خەرجیی دۆلاری بەرامبەر بە دینار ئاشکرا کرد. بەپێی ڕێکارە نوێیەکە، نرخی کڕینی یەک دۆلار لە وەزارەتی داراییەوە بە ١٥٠٠ دینار دەبێت، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان بۆ ١٥١٠ دینار دیاریکراوە، و نرخی فرۆشتنی کاشی دۆلار بە هاووڵاتییان لە ١٥٢٠ دیناردا جێگیر کراوە. ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و پاڵپشت بە یاسای بانکی ناوەندی گیراوەتەبەر.
بانکی ناوەندی هاووڵاتییان و سەرجەم کەرتەکانی ئابووری دڵنیا دەکاتەوە کە یەدەگی دراوی بیانیی بانکەکە زۆر بەهێزە و بە تەواوەتی بەسە بۆ پڕکردنەوەی سەرجەم داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی، پارەدارکردنی بازرگانی، یەکلاییکردنەوەی کارتی بانکی، و فرۆشتنی کاش بە گەشتیاران بەبێ هیچ کۆتوبەندێک.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم "هەنگاوە ستراتیژییە" ئامانج لێی پشتیوانیکردنی ئابووریی نیشتمانی، بەرهەم و پیشەسازیی ناوخۆیی، و ڕەخساندنی ژینگەیەکی کێبڕکێی دادپەروەرانەیە بۆ کاڵای عێراقی بەرامبەر بە کاڵای هاوردەکراو.
هەروەها ئامانجێکی دیکەی بڕیارەکە ڕەخساندنی هەلی کاری نوێیە بۆ گەنجان لە ڕێگەی هاندانی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکانەوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری.
گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار بەردەوام یەکێک بووە لە پرسە هەستیارەکان لە شەقامی عێراقیدا، چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕ و گوزەرانی هاووڵاتییان هەیە.
لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا، عێراق بۆ جێگیرکردنی بازاڕ و ڕێگریکردن لە هەڵاوسان، نرخی فەرمیی دۆلاری لە ١٣٢٠ دیناردا جێگیر کردبوو، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیە بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکەی بۆ ١٥٢٠ دینار، دابەزاندنێکی ڕوونی بەهای دینارە.
حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە هاندەری بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بن و کورتهێنانی دارایی کەم بکەنەوە (بەو پێیەی بەغدا بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە دۆلار وەردەگرێت و دەیگۆڕێتەوە بە دینار بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان).
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە عێراق سەرقاڵی داڕشتنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـە و هەوڵی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان دەدات.