دواین هەواڵ

ئابوری‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

١٥ ملیۆن ئۆتۆمبێل لە شەش مانگدا؛ شۆڕشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان نەخشەی بازاڕی جیهانی دەگۆڕێت

هەرێم نیوز

هێرشی گەورەی ئۆتۆمبێلی چینی بۆ سەر بازاڕەکانی جیهان؛ پەکین پێش ئەوروپا و ئەمریکا کەوتەوە لە هەڵکشانێکی کەمهاوتادا کە بووەتە مایەی سەرسوڕمانی بازاڕەکانی جیهان، کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی چین گەورەترین بازدانی مێژوویی خۆی تۆمار دەکات و مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر براندە کلاسیکییە بەهێزەکانی جیهان دروست دەکات.

بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی چین، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ـدا، چین ١٥ ملیۆن ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێناوە و فرۆشتووە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا؛ واتە بە تێکڕا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەر چرکەیەکدا ئۆتۆمبێلێکی چینی فرۆشراوە.

لەو ژمارەیە، ٥.١ ملیۆن ئۆتۆمبێل بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە کراوە، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی حوزەیراندا (یۆنیۆ) قەبارەی هەناردەکردن ١.٠٨ ملیۆن ئۆتۆمبێلی تێپەڕاندووە، و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ کۆی هەناردەی ساڵانەی بگاتە ١٠ ملیۆن ئۆتۆمبێل. ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی پەکین بۆ چەند فاکتەرێکی ستراتیژی دەگەڕێتەوە: لە لایەک دابەزینی تێچووی بەرهەمهێنان بەراورد بە ئۆتۆمبێلە ئەوروپی و ژاپۆنییەکان، و لە لایەکی دیکەشەوە بەرزیی ئاستی دیزاین و مواسەفاتی تەکنیکی کە کێبڕکێی ئۆتۆمبێلە ئەڵمانییەکان دەکات.

بەڵام هۆکاری یەکلاکەرەوە، باڵادەستیی بێوێنەی چینە لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەباییدا، کە لە ئێستادا نیوەی تەواوی فرۆشی ئۆتۆمبێلی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت. بەهۆی ئەم شەپۆلە بەهێزەوە، چین نەخشەی بازاڕی ئۆتۆمبێلی لەسەر ئاستی جیهان گۆڕیوە و تەختی کۆمپانیا زەبەلاحە نەریتییەکانی هەژاندووە؛ بە جۆرێک داتاکان ئاشکرای دەکەن کە قەبارەی فرۆشی ئۆتۆمبێلی چینی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، لە کۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلە ئەوروپی و ئەمریکییەکان پێکەوە زیاتر بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP