هەرێم نیوز
ئەڵمانیا کە ساڵانێکی درێژ وەک «مەکینەی بەهێزی ئابووریی ئەوروپا» پێشەنگی گەشەکردن بوو، ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی پیشەسازی بووەتەوە بە جۆرێک دەوترێت سەردەمی زێڕینی خۆشگوزەرانی لەو وڵاتەدا بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئامارەکان دەریدەخەن کە بەرهەمهێنانی پیشەسازی لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ئێستا بە ڕێژەی ١٥٪ دابەزیوە، ئەوەش وایکردووە گەورە بەرپرسان و پیشەسازان بیر لە چارەسەرێکی زۆر توند بکەنەوە: زیادکردنی کاتی کارکردن بۆ ٤٠ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا لەبری ٣٥ کاتژمێر، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی کرێکاران زیاد بکرێت، بە ئامانجی زیادکردنی کاتی کار بە ڕێژەی ١٤٪ و دابەزاندنی تێچووی بەرهەمهێنان.
دێوەکانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی وەک «فۆلکسڤاگن» و «مێرسیدس بێنز» زەنگی مەترسییان لێداوە لە دەرئەنجامی تێچووی یەکجار بەرزی کارمەندان.
بەرهەمهێنانی هەر ئۆتۆمبێلێک لە ئەڵمانیا پێویستی بە ٣٣٠٠ دۆلار حەقدەستی کرێکار هەیە، لە کاتێکدا هەمان بەرهەمهێنان لە وڵاتی چین تەنیا ٦٠٠ دۆلار تێدەچێت.
هاوکات تێچووی یەک کاتژمێر دروستکردن لە کارگەکانی ئەڵمانیادا گەیشتووەتە ٤٩.٥ یۆرۆ، کە ئەمەش ٤٧٪ لە سەرووی تێکڕای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و سێ هێندەی تێچووی بەرهەمهێنانە لە مەجەڕ.
لە ژێر زەبری ئەم جیاوازییە گەورەیە و لەدەستدانی قازانج بەرامبەر بە کاڵا هەرزانەکانی چین، کۆمپانیای فۆلکسڤاگن بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بڕیاری داخستنی بەشێک لە کارگەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی دەدات.
لە کاتێکدا پیشەسازان و سەرکردە سیاسییەکان فشار دەکەن بۆ سەپاندنی ئەم کاتژمێرە زیادانە بۆ ڕزگارکردنی کێبڕکێی بازاڕ، سەندیکاکانی کرێکاران بە توندی دژایەتیی دەکەن و هۆشداری دەدەن کە زیادکردنی کاتی کار لەم کاتەدا پرۆسەی دەرکردنی کارمەندان خێراتر دەکات، بەتایبەت لە کەرتێکدا کە مانگانە نزیکەی ١٥ هەزار هەلی کاری تێدا لەناو دەچێت.
لە ئێستادا، ناوبانگی جیهانیی دروشمی «دروستکراوە لە ئەڵمانیا» لەبەردەم دووڕیانێکی یەکلاکەرەوەدایە: یان قوربانیدان بە هاوسەنگیی کار و ژیان لەپێناو مانەوەی کارگەکاندا، یان لەدەستدانی بنکەی پیشەسازیی وڵاتەکە بە یەکجاری.