دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران و واشنتن لە یەک هەنگاو دوورن لە ڕێککەوتن؛ پزیشکیان نهێنیی گرێکوێرەی دانوستانەکان ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز 

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە هەڵوێستێکی نوێدا لەبارەی ئاسۆی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەرگیز لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاشەکشە ناکات و ڕاناکات، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ تاوتوێکردنی وەڵامە فەرمییەکەی ئەمریکا بۆ پێشنیازی ئاگربەست لەلایەن تارانەوە.

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری پزیشکیانەوە بڵاویکردەوە: "ئێمە هیچ کاتێک لە دانوستان و گفتوگۆکان ڕاماننەکردووە و هەرگیزیش ئەو کارە ناکەین، سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرباری واژۆکردنی ڕێککەوتننامە، سێ جار وڵاتەکەمان و خاکەمانی کردووەتە ئامانج."

وەڵامەکەی واشنتن گەیشتە تاران؛ ناکۆکی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنە

ئەم لێدوانەی سەرۆک کۆماری ئێران دوای ئەوە دێت کە تاران وەڵامی فەرمیی ئەمریکای بەدەستگەیشت سەبارەت بە پێشنیازە نوێیەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی ٧ ڕۆژدا لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە کە نێوەندگیرە قەتەرییەکان، ڕۆژی سێشەممە لە دەوحە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیان لە وەڵامەکەی واشنتن ئاگادار کردووەتەوە لە کاتی گەڕانەوەیدا لە نیویۆرکەوە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەردوولا تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر "هەنگاوە سەرەکییەکان" هاوڕان، بەڵام ناکۆکیی قووڵ لەسەر ڕیزبەندی و لەپێشینەی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە لە ئارادایە.

ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی تاران و هەڵوێستی ترەمپ

تاران دووپاتی دەکاتەوە کە دەستپێشخەرییەکەی بە ئامانجی زیندووکردنەوەی لێکتێگەیشتنە کاتییەکەی مانگی حوزەیرانە کە دوای چەند هەفتەیەک لە واژۆکردنی شکستی هێنابوو. پێشنیازەکە بریتییە لە:

 ڕاگرتنی تەواوەتیی کردەوە سەربازییەکان لە ئێران و لوبنان.

 هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران و لادانی سزاکانی نەوت.

 ئازادکردنی دارایی و سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران.

 لە بەرامبەردا؛ کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی تارانی ڕاگەیاندبوو بەهۆی ئەوەی ئێران "هەموو شتێکی پێشوەختە دەوێت"، بەڵام لە هەمان کاتدا پێشبینیی بەردەوامیی دانوستانەکانی کردبوو. لە ئێستاشدا بەرپرسانی هەردوولا لە پەیوەندیی چڕدان لەگەڵ دەوحە بۆ داڕشتنی فۆرمۆلەیەکی دەستکاریکراو و گونجاو بۆ هەردوولا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP