هەرێم نیوز
لە هەنگاوێکی کتوپڕ و پڕ لە سەرکێشیدا، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی هەواڵگریی زۆر هەستیار لادا و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دوو سەربازی بەدیلگیراوی کۆریای باکووری ڕادەستی کۆریای باشوور کردووەتەوە.
ئەم ئاشکراکردنە ئاشکرایە نەک تەنیا باڵیۆزخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی شۆک کرد، بەڵکو مەترسیی هەڵگیرساندنی شەڕێکی نوێی لە نیمچەدوورگەی کۆریادا گەیاندە لوتکە و قەیرانێکی قوڵی لە نێوان کیێڤ و سیئۆلدا تەقاندەوە.
ئەو دوو سەربازەی پیۆنگ یانگ کە لە میحوەری جەنگی پارێزگای "کۆرسک"ی ڕووسیا بە دیل گیرابوون، گەورەترین بەڵگەی بەشداریی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کیم جۆنگ ئون بوون لە جەنگی ئۆکرانیادا.
زێلینسکی ئاشکرای کرد کە پرۆسەی بەدیلگرتنیان هێندە سەخت بووە، یەکێکیان کاتێک زانیویەتی دەکەوێتە دەست هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
ڕادەستکردنی ئەم سەربازانە بە سیئۆل بەپێی ڕێککەوتنێکی زۆر نهێنی بووە بۆ ئەوەی گرژییە ئەمنییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا نەتەقنەوە، بەڵام وتارەکەی زێلینسکی هەموو هاوکێشە نهێنییەکانی تێکدا.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ئۆکرانیا تووڕەییەکی بێوێنەی لە سیئۆل دروستکردووە؛ لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور ڕاستەوخۆ کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە شکاندنی ڕێککەوتنی نهێنی لە لایەن زێلینسکییەوە هەڵسوکەوتێکی «زۆر نائومێدکەرە».
کۆریای باشوور دەزانێت کە ڕادەستکردنی سەربازەکان بە سیئۆل، سەرکردەی کۆریای باکوور بەرەو تووڕەییەکی شێتانە و تۆڵەسەندنەوە دەبات، بەتایبەت کە دۆسیەکە پەیوەستە بە هەستیاریی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
شیکارە سەربازییەکان دەڵێن زێلینسکی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و سەلماندنی دەستوەردانی پیۆنگ یانگ لە جەنگەکەی خۆیدا، ئامادە بوو پەنجە بنێت بە پەلەپیتکەی تەقینەوەی جەنگ لە نێوان دوو کۆریادا و سیئۆل بخاتە بەردەم هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی ئەتۆمیی کیم جۆنگ ئون.