دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بوومەلەرزە لە سوپای چین؛ دووەم کەسی دەسەڵاتدار دوای شی جین پینگ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

 

دوورخستنەوەی دووەم کەسی باڵای سەربازی دوای سەرۆک؛ شەپۆلێکی نوێی پاکتاوکردن لەناو سوپای چیندا دەستپێدەکات
لە هەنگاوێکی کەمهاوتادا کە نیشانەی فراوانبوونی هەڵمەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە لەناو جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتدا، چین دوو لە گەورەترین سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ڕیزەکانی حزبی کۆمۆنیست و سوپا دوورخستەوە، بە تۆمەتی گەندەڵی، "بێوەفایی بەرامبەر حزب" و پێشێلکردنی مەترسیداری یاسا سیاسی و حزبییەکان.
دیارترینیان جەنەڕاڵ "تشانگ یۆشیا"یە، کە بە دووەم پیاوی بەهێزی ناو سەرکردایەتیی سەربازیی چین دادەنرا لە دوای شی جین پینگ و جێگری سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناوەندی (بەرزترین دەسەڵاتی فەرماندەییی سەربازی لە وڵاتدا) بوو، کە بۆ ماوەیەکی درێژ وەک نزیکترین و متمانەپێکراوترین هاوپەیمانی سەرۆک تەماشا دەکرا. لە تەنیشت ئەویش، "لیو تشن لی"، ئەندامی هەمان لیژنە و سەرۆکی ئەرکانی دەستەی هاوبەشی سەربازی، لە سەرجەم پۆستەکانی دوورخرایەوە.
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت، ئەم دوو بەرپرسە باڵایە تۆمەتبار کراون بەوەی "پابەندی پرەنسیپەکانی حزب نەبوون، گرووپ و دەستەگەریی تایبەتیان لەناو دامەزراوەکاندا دروستکردووە، کۆنتڕۆڵی توندیان بەسەر کارمەند و ئەندامانی خێزانەکانیاندا نەکردووە، و دەسەڵاتی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی سامانی زەبەلاح و نایاسایی بەکارهێناوە بە شێوەیەک کە زیانێکی قووڵی بە دەوڵەت گەیاندووە".
ئەم ڕێکارە نوێیە بەشێکە لەو هەڵمەتە فراوانەی شی جین پینگ لە دوای دەستبەکاربوونی لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە دەستیپێکردووە و بووەتە گەورەترین هەڵمەتی نەهێشتنی گەندەڵی لە مێژووی هاوچەرخی چیندا، کە تێیدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ملیۆنان بەرپرس کراوە. بە دوورخستنەوەی ئەم دوو جەنەڕاڵە، ئەندامانی کارای لیژنەی سەربازیی ناوەندی کە پێشتر لە ٧ کەس پێکدەهات، تەنیا بۆ دوو کەس کەمبووەتەوە کە یەکێکیان خودی سەرۆک شی جین پینگ خۆیەتی؛ هەنگاوێک کە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی سەرۆک بەسەر سوپای وڵاتدا لە هەموو کات زیاتر چڕ دەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP