هەرێم نیوز
بەڵگەنامەیەکی نهێنی پلانی ڕووسیا و ئێران بۆ دروستکردنی کەناڵی دارایی بەدیل و گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان تا کۆتایی ٢٠٢٦ ئاشکرا دەکات.
بەڵگەنامەیەکی نهێنیی ڕووسی کە تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی دەستی کەوتووە، پلانێکی فراوانی ستراتیژی لە نێوان مۆسکۆ و تاران ئاشکرا دەکات بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییە ئابووری، سەربازی و تەکنیکییەکان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سیستمە داراییەکانی ڕۆژئاوا و پووچەڵکردنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان.
ئەم بەڵگەنامەیە لە ٤٤ لاپەڕە پێکدێت و ناونیشانی «پلانی هاوکاریی نێوان فیدراسیۆنی ڕووسیا و ئێران بۆ ساڵانی ٢٠٢٤-٢٠٢٦»ی لەسەرە و لە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە لایەن دەسەڵاتدارانی مۆسکۆوە پەسەند کراوە؛ تێیدا وەزارەتەکان، دامەزراوەکان و کۆمپانیا حکومییە بەرپرسەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەگەڵ خشتەی کاتیی کارەکانیان دەستنیشان کراون.
لە چوارچێوەی بەدیلە داراییەکاندا، پلانەکە ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٦ ڕێژەی مامەڵە بازرگانییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە دراوی نیشتمانی لە ٦٨٪ـەوە بۆ ٧١٪ بەرز بکاتەوە، هاوکات لەگەڵ فراوانکردنی هەژمارە بانکییە هاوبەشەکان و بەستنەوەی تۆڕی پارەدانی "شتاب"ی ئێرانی بە سیستەمی "میر"ی ڕووسی بۆ بەلاوەنانی سیستەمی جیهانیی "سوێفت"، جگە لە کاراکردنی دراوە دیجیتاڵییەکان لە یەکلاییکردنەوەی مامەڵە بازرگانییەکاندا لە ڕێگەی هەردوو بانکی ناوەندییەوە.
لە کەرتی وزەشدا، ڕووسیا بەشداری لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییە ستراتیژییەکانی وەک "شادگان"، "کیش" و "پارس شیمالی" دەکات، کە خانەی دابینکردنی بودجە بۆ بەشێکی زۆری ئەم پڕۆژانە بە پلەی "نهێنی" پۆلێن کراوە.
هەر بەپێی بەڵگەنامەکە، کۆمپانیای وزەی ئەتۆمیی دەوڵەتی ڕووسیا "ڕۆساتۆم" ئەرکی دابینکردنی سووتەمەنی و چاکسازیی لە یەکەی یەکەمی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر پێسپێردراوە، لەگەڵ بەردەوامبوون لە دروستکردنی یەکەکانی دووەم و سێیەم لە وێستگەکەدا.
لە بواری فڕۆکەوانیشدا، پلانەکە تیشک دەخاتە سەر بەرهەمهێنانی پارچە و کەلوپەلی یەدەگی فڕۆکە ڕووسییەکان لەناو خاکی ئێران و ڕێگەپێدان بە کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ چاککردنەوەی فڕۆکەکان لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ڕووسیا؛ هەنگاوێک کە دەریدەخات هەردوو دەوڵەت پێشوەختە سەرقاڵی چنینی بەرەیەکی بەهێزی ئابووری و تەکنەلۆژیی هاوبەش بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارەکانی ڕۆژئاوا.