هەرێم نیوز
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "Newsweek" سەبارەت بە پیشاندانی تورکیا وەک هەڕەشەیەکی نوێ لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا لە ئیسرائیل گێڕانەوەیەکی هەڵە بڵاو دەکرێتەوە کە تورکیا وەک سەرچاوەیەکی نوێی هەڕەشە وێنە دەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە پێمان وایە ئەم گێڕانەوەیە پەیوەندی بە پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆیی و کەشوهەوای هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلەوە هەیە، ئێمە ئەم وتارە بە ڕێبازێکی بەرپرسانە نابینین کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئاشتیی ناوچەیی."
هەڵوێست بەرامبەر گەلی ئیسرائیل و خاکی سوریا
ئەردۆغان جەختی کردەوە کە تورکیا هیچ دوژمنایەتییەکی بەرامبەر گەلی ئیسرائیل یان هەر کۆمەڵگەیەکی تر نییە و گوتی: "نەیاریی ئێمە ئاڕاستەی ئەو سیاسەتانەیە کە بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەزانین و ئەو هەنگاوانەی کە ناسەقامگیری لە ناوچەکەماندا زیاتر دەکەن."
سەبارەت بەوەی ئایا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە سوریا و پەیوەندییە بەرگرییەکانی ئیسرائیل و یۆنان دەکرێت ببنە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل، ئەردۆغان ڕایگەیاند، تورکیا سیناریۆی لەو شێوەیە بە حەتمی نازانێت و تورکیا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر سیناریۆکانی جەنگی حەتمی بنیات نانێت.
ئەردۆغان ڕوونی کردەوە کە پاراستنی سەروەریی سوریا، سەلامەتیی خاکی و یەکێتیی نیشتمانیی لە پێشینەی تورکیایە، هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی ئەو وڵاتە دروست دەکات.
ڕۆڵی دیپلۆماسی و هاوپەیمانێتییە ناوچەیییەکان
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێکەوتە ئەگەرییەکانی ڕوودانی پێکدادانی سەربازی لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل لەسەر هاوپەیمانیی ناتۆ (NATO)، ئەردۆغان گوتی: "لەبری باسکردنی لێکەوتەکانی جەنگێکی لەو شێوەیە، دەبێت سەرنج بخرێتە سەر دیپلۆماسی بۆ ڕێگری کردن لە ڕوودانی."
لەبارەی ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش لە نێوان تورکیا، عەرەبستانی سعودیە و پاکستان، ئەردۆغان ئەو بیرۆکەیەی ڕەت کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە بلۆکێکی سەربازی بێت دژی ئێران، ئیسرائیل یان هەر وڵاتێکی تر پێکهێنرا بێت و ڕایگەیاند: "تورکیا هاوپەیمانێتییە ناوچەیییەکان لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنی وڵاتانی سێیەم دانامەزرێنێت، ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی تورکیا لە ناوچەکەدا دروستکردنی بەرەو ململانێی نوێ نییە، بەڵکو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیییە."