هەرێم نیوز
بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (شەرقییە) باسی لە دۆخی ئێستای سیاسی و سەربازیی عێراق و ناوچەکە کرد و ئاشکرای کرد کە ترسی هەیە جارێکی دیکە داعش بگەڕێتەوە.
باسی کۆبوونەوە مێژووییەکەی ساڵی ٢٠١١
بارزانی ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەوکاتی بەغدا کرد کە تێیدا وەزیرانی بەرگری و ناوخۆی عێراق ئامادە بوون و رایگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١١ کە نزیکەی ١٠٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق بوون، کۆبوونەوەی زۆر لە بەغدا کرا لەسەر ئەوەی ئایا لەگەڵ ئەمریکییەکان بچینە نێو ڕێککەوتنێکی دووقۆڵییەوە یاخود دەبێت بچنە دەرەوە. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا کە وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆش ئامادە بوون، گوتم: ئێمە لێرە تاوتوێی چی دەکەین؟ با پرسیار لەوانە بکەین کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە دۆسیەی ئەمنییەوە. لە وەزیری بەرگریم پرسی: ئایا هێز و توانای ئەوەت هەیە وڵات بپارێزیت؟ گوتی: 'سوێند بە خودا هیچم نییە'. لە وەزیری ناوخۆم پرسی، ئەویش گوتی: 'سوێند بە خودا ناتوانم یەک سەربازگەش بپارێزم'."
بارزانی درێژەی بە گێڕانەوەکە دا و گوتی: "هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لە ئامادەبووانم پرسی: باشە ئەگەر ئێستا ئەفسەرێکی ئەمریکی بێتە ئەم هۆڵەوە، ناتوانێت هەموومان دەستگیر بکات؟ یەکێک لە ئامادەبووان گوتی: 'نەک ئەفسەر، بەڵکو سەربازێکی ئاساییش دەتوانێت ئەوە بکات'. منیش گوتم: کەواتە باشتر نییە ڕێککەوتنێک هەبێت بۆ ئەوەی لانیکەم قۆناغی داگیرکاری کۆتایی پێبێت، سەروەریمان بگەڕێتەوە و ڕێککەوتنێکی دووقۆڵی لەنێوانماندا هەبێت؟ بەڵام گوێیان نەگرت و ململانێی سیاسییان پێوە کرد، سەرەنجام ئەمریکییەکان ڕۆیشتن و داعش هات و من لە هەمان سیناریۆ دەترسم."
جیاوازیی دۆخی ئێستا لەگەڵ ڕابردوو
لەبارەی جیاوازیی دۆخی ئێستا و ڕابردوو، بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و ڕاشیگەیاند: "ڕەوشەکە ئێستا جیاوازە، ئەو کاتە هێزەکان خۆیان ناوی داگیرکارییان لە خۆیان نابوو و وەکوو هێزێکی داگیرکەریش مامەڵەیان دەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای هاتنی داعش، حکوومەتی عێراق لەو کاتەدا پەنای بردە بەر ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ، دەیانگوت لەبەر خاتری خودا وەرن فریامان بکەون و هاوکاریمان بکەن."
دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیران و حوکمڕانیی چوارچێوەی هەماهەنگی
لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئاستەنگ و ئاریشەکانی بەردەم بەڕێوەبردنی وڵات گوتی: "لە ڕاستیدا ئاستەنگ و بەربەست لەبەردەم هەر سەرۆکوەزیرانێکدا هەبووە، سەرۆکوەزیران هەڵبژاردەی تەواوی لەدەستدا نەبووە و خاوەنی دەسەڵاتی تەواو نەبووە، بەڵکوو تا ڕادەیەک ئیرادەی لێ زەوت کراوە. ئەو حزبانەی کە هەن و لە پلەی یەکەمیشدا چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرن، چونکە ئەوانن کە دەستیان بە حوکمڕانی کردووە، ئەمەش هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، ناکرێت تەنیا یەک پێکهاتە حوکمڕانی بکات."
سەبارەت بەوەی ئایا ئێستا تەنیا چوارچێوەی هەماهەنگی حوکم دەکات؟ سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "نزیکەی هەموو شتێک بەدەست ئەوانەوەیە، سەرجەم دەسەڵاتەکانیان بەدەست خۆیانەوەیە. لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتبووین کە بگەڕێینەوە سەر بنەماکانی شەراکەت، سازان و هاوسەنگی، ئەگەر ئەمە جێبەجێ بکرێت باشە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بن لەسەر هەمان ڕێچکەی پێشوو، ئەوا لە ڕاستیدا تەنیا چوارچێوەیە کە حوکم دەکات."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەوتی سەدر و لایەنەکانی دیکە لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە نەبن حوکمڕانی چۆن دەبێت، بارزانی گوتی: "حوکمڕانییەکی کەمئەندام دەبێت، حوکمێکی ئیفلیج دەبێت ئەگەر ڕەوتی سەدر ئامادە نەبێت، ئەگەر ئێمە ئامادە نەبین و ئەگەر لایەنەکانی دیکەش ئامادە نەبن، بە دڵنیاییەوە حوکمڕانییەکە ئیفلیج دەبێت."
ململانێی سیاسی و پەراوێزخستنی پارتی
لەبارەی هەوڵەکانی پەراوێزخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناغەکانی پێشوودا و ململانێی دابەشکردنی پۆستەکان، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە: "ئەوان لەو بڕوایەدابوون بەو کارانە هێزی خۆیان پێشانی پارتی دەدەن، پێیان وابوو بەرەیەکی گەورەن و دەتوانن بە تەنیا عێراق بەڕێوە ببەن و پارتی پەراوێز بخەن، بێگومان تووشی ئەو جۆرە وەهمە بووبوون. زۆر کەس هەوڵی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی پارتییان دا، بەڵام سەرەنجام ئەوان خۆیان پەراوێزخران و دەرکران و پارتی وەک خۆی مایەوە."
پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک و گرووپە چەکدارەکان
بارزانی سەبارەت بە مەترسیی پێکدادانی ناوخۆیی و ڕێکخستنەوەی چەکی گرووپەکان ڕایگەیاند: "هیوادارم ئەم بابەتە نەگاتە ئاستی شەڕ و پێکدادان، چونکە ئەوە نە لە بەرژەوەندیی عێراقدایە، نە کوردستان و نە هیچ لایەکمان، بەڵام چۆن ئەم بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە؟ لە ڕاستیدا من بە زەحمەت و سەختی دەبینم."
سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو پرسە،بارزانی وتی: "بە دڵنیاییەوە دیاریکردنی وادەی ٣٠ی ئەیلوول زۆر سەختە. بەڵام ئەگەر چەند مانگێکی دیکەشی پێ بچێت و ئەم بابەتە بە شێوازێکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، ئەوا دەستکەوت و سەرکەوتن دەبێت بۆ هەموو عێراق و بۆ خودی ئەو گرووپە چەکدارانەش. گرنگ ئەوەیە چەک دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەت و یاسادا بێت، ئەگەر بەکاریش بهێنرێت، تەنیا بە فەرمانی فەرماندەیی باڵا بێت، نەک هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی مامەڵە بکات."
ڕۆڵی ئێران و مەترسیی سزاکانی ئەمریکا
لەبارەی ڕۆڵی ئێران لەم دۆسیەیەدا و ڕێگاکانی چارەسەری، بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: "گرنگ ئەوەیە ئەم دۆسیەیە بە ڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، چ لەگەڵ ئێران بێت یان لەگەڵ هەر لایەنێکی دیکەی ئێران، ئەوە هەنگاوێکی باشە، بەڵام من بە سەختی دەبینم، چونکە هەندێک خەڵک هەن لەم بارودۆخە سوودمەندن، بۆیە بە ئاسانی دەستبەرداری چەک نابن."
سەبارەت بە فشارەکانی واشنتن و ئەگەری سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا، بارزانی هۆشداری دا و گوتی: "ئەمەش بابەتێکی یەکجار گرنگە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر ئەمریکییەکان سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنن، وڵات دووچاری کێشەی یەکجار گەورە دەبێتەوە. ئەگەر پرسی چەک چارەسەر نەکرێت، عێراق باجەکەی دەدات، چ بە سزای ئابووری بێت یان بە دابڕان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتی، هەموو ئەمانە بەسەر عێراقدا دێن، من پێشبینیی وا دەکەم."