هەرێم نیوز
لە کۆبوونەوەیەکی نێوان شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراقدا، بڕیار درا بەغدا بەفەرمی دان بە زانکۆی گەرمیاندا بنێت، لە بەرامبەریشدا زانکۆیەکی فیدراڵی بە ناوی (زانکۆی خانەقین) لە قەزاکە دابمەزرێنرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی 9ـی 2026، لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداریی شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، و نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵیی کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد بەڕێوەچوو، ڕێککەوتن کراوە لەسەر دامەزراندنی زانکۆیەک لە خانەقین سەر بە حکومەتی فیدراڵی عێراق، بە مەرجێک سەرۆکی زانکۆکە خەڵکی قەزاکە بێت.
تا کاتی تەواوبوونی ڕێکارەکانیش، ستافی ئێستای بەڕێوەبردن و میکانیزمی وەرگرتنی خوێندکاران وەک خۆیان دەمێننەوە.
هەروەها بڕیار دراوە، لەگەڵ دامەزراندنی ئەو زانکۆیەدا، دەستبەجێ وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵی دان بە زانکۆی گەرمیاندا بنێت بە شێوەیەکی پاشەکەوتوو (لە مێژووی دامەزراندنییەوە)، لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ خوێندکاران.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئامانج عەبدوڵڵا، ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاوە سەرۆکایەتی دەکرا، کە لەلایەن ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمەوە ڕاسپێردرابوو.
بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا، کۆنووسی کۆبوونەوەکە بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پەسەندکردنی، تاوەکو ڕاستەوخۆ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کێشەی داننەنان بە زانکۆی گەرمیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە، ساڵانێکە بووەتە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ دەرچووانی ئەو زانکۆیە، بەتایبەتی لە کاتی دامەزراندن لە دامەزراوە فیدراڵییەکان یان درێژەدان بە خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات.