هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی (فاینەنشاڵ تایمز)ی بەریتانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داو مەسرور بارزانی رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق شەرمەزارکەرە و واشنتنی هاوپەیمان، کوردەکان بێ پارێزگار لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئێران بەجێ دەهێڵێت.
کشانەوەی سەربازی ئەمریکا و ئاماری هێرشەکان
بڕیارە سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ٣٠ی ئەم مانگە (ئەیلوولی ٢٠٢٦) لە عێراق بکشێنەوە، لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هاتنە دەرەوە لە جەنگە بێکۆتاکان، ئەمەش دوای بوونی سەربازیی ئەمریکا بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی کە سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداری لەو کشانەوەیە دەدات لە کاتێکدا ناوچەکە لە ناو گرژییەکی قووڵدایە. بەگوێرەی ئامارەکان، دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی نزیکەی هەزار درۆن و مووشەکی ئێرانی بووەتەوە. هەرچەندە زۆربەی ئامانجەکان کەمپی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردانی ئێرانن، بەڵام نووسینگەی مەسرور بارزانی لە هەولێریش کراوەتە ئامانج.
سیستمی بەرگریی ئاسمانی و ڕۆڵی بەغدا
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ فاینەنشاڵ تایمز گوتی: "هەڕەشەکە ڕاستەقینەیە و ئێمە ڕووبەڕووی مەترسی و هێرش دەبینەوە، ئێستە بە تەنیا و بێ بوونی هیچ سیستمێکی بەرگری بەجێ دەهێڵرێن، ئەمە شەرمەزارکەرە."
وتیشی، هەرێمی کوردستان هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی نییە و ناتوانێت بیانکڕێت، چونکە دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە لە بەغدا بکڕدرێن. دەشڵێت: "کاتێک ڕێگریمان لێ دەکرێت لە کڕینی چەکی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو موشەک و درۆنانە، بێگومان بەئەنقەست دەکرێینە ئامانج و لاواز دەکرێین".
چەکدارەکان، فیدراڵییەت و پەیوەندی لەگەڵ واشنتن
لە بەشێکی تری قسەکانیدا مەسروور بارزانی گوتی، بەردەوامیی ناجێگیری بەتایبەت لە پەراوێزی ڕەتکردنەوەی میلیشیاکان لە پرۆسەی چەکداماڵین، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر فیدراڵی لە وڵات و دواجاریش هەڕەشەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
ڕوونی کردەوە، تاوەکو ململانێی ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت، ناوچەکە لە ژێر هەڕەشەدایە. ئێران بەردەوام دوژمنەکانی لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج، بەوپێیەی کوردستانیش هاوپەیمانێکی سەربەرزی ئەمریکایە، دەکرێتە ئامانج.
بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١١ و داواکاری بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
مەسرور بارزانی ئەو زانیارییانەی لەبارەی جووڵەی هێزەکان پێشتر لە هەرێمی کوردستانەوە بە ئاراستەی ئێران بڵاو کرابوونەوە، بە ناڕاست و زێدەڕۆیی ناو برد.
دووپاتیشی کردەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دووبارەکردنەوەی هەڵەکەی باراک ئۆبامایە لە ساڵی ٢٠١١، کاتێک سەرجەم هێزەکانی کشاندەوە و بۆشاییەکی ئەمنیی لە وڵات جێهێشت، کە سەرەنجام دروستبوونی داعشی لێ کەوتەوە.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند، "ئەگەر دۆخی ئەمنی تێکبچێت، رەنگە پێویست بکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە بۆ یارمەتیدان و سەقامگیرکردنی ناوچەکە، بەڵام دەتوانن ئێستا ئەو کارە بکەن بەبێ چاوەڕێکردنی خراپتربوونی دۆخەکە."