دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 56 خولەک پێش ئێستا

هەڕەشەی توندی مۆسکۆ لە پۆڵەندا

لاڤرۆڤ: مووشەکی پاتریۆت دروستبکەن، دەبینە ئامانجی عەقیدەی سەربازیی ڕووسیا

ھەرێم نیوز

لە هۆشدارییەکی نوێ و ڕاستەوخۆدا بۆ سەرکردەکانی پۆڵەندا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، داوای لە دەسەڵاتدارانی وارشۆ کرد پێش ئەوەی بیر لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی «پاتریۆت» لەسەر خاکی خۆیان بکەنەوە، بە وردی چاو بە دۆکیومێنت و بەندەکانی «عەقیدەی سەربازیی ڕووسیا»دا بخشێننەوە.

لاڤرۆڤ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی یانەی نێودەوڵەتیی «ڤاڵدای»، لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەوڵەکانی پۆڵەندا بۆ دروستکردنی ئەو مووشەکە ئەمریکییانە لەسەر خاکی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند: «ئێمە خاوەنی عەقیدەیەکی سەربازیین کە سەرۆکی ڕووسیا چەندین جار ئاماژەی پێداوە؛ داوا دەکەم بەشی پەیوەندیداری ئەو بەڵگەنامە گرنگە بە وریاییەوە بخوێننەوە»، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بە مافی ڕووسیا بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی سەربازیی مەترسیدار لە نزیک سنوورەکانی لێکدەدرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەنگۆی بەڕێوەبردنی «جەنگی تێکەڵاو» (هایبرید) لە لایەن ڕووسیاوە دژی وڵاتانی ئەوروپا، تۆمەتەکانی پێچەوانە کردەوە و وتی: «هیچ گومانێکم نییە کە ئەمە جەنگێکە ئەوروپا خۆی دژی ئێمە هەڵیگیرساندووە، ئێمە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ئەم ڕاستییە دەدوێین».

 

ناوبراو دووپاتیکردەوە کە ئەوروپا بە کردەوە لە جەنگدایە لەگەڵ ڕووسیادا و هێزەکانی مۆسکۆ بەردەوامن لە تێکشکاندنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانەی لە لایەن بەریتانیا و ئەوروپاوە بۆ ئۆکرانیا دەنێردرێن.

سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتنیش، لاڤرۆڤ ئاشکرای کرد کە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ ئەنجام نەدراوە، بەڵام ڕێککەوتن هەیە بۆ ئەوەی بەم زووانە لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی پێکبهێنرێت، و لە ئێستادا پسپۆڕانی هەردوولا سەرقاڵی دیاریکردنی کات و شوێنی گونجاون بۆ دەستپێکردنی ئەو گفتوگۆیانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP