هەرێم نیوز
پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە ئەگەری تێوەگلانی ئێران لە پیلانێکی تیرۆریستیی گومانلێکراو بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی کە لەلایەن فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت.
ڕۆژی دووشەممە، پۆلیسی بەریتانیا دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ پێنج پیاو کە بە گومانی ئەنجامدانی تاوانی پەیوەست بە تەقەمەنی و تیرۆر دەستگیرکراون، ئەوەش دوای ئەوەی لە نزیک ئەو بنکە ئاسمانییە دەستبەسەر کران کە ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاری هێناوە.
پۆلیس بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە گومانلێکراوەکانی دەستگیرکرد، دوای ئەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پێگەیشت سەبارەت بە بینینی سێ بارهەڵگری گەورەی سپی کە بەرەو بنکەی "فێرفۆرد"ی سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانە لە ڕۆژئاوای ئینگلتەرا دەڕۆیشتن.
لەو بارەیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گومانلێکراوەکان نیازیان هەبووە "زیانێکی قورس" بگەیەنن و دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و ئەمریکا پێکەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.
هەرچەندە لێکۆڵەرانی دژەتیرۆری بەریتانیا تا ئێستا ناسنامەی دەستگیرکراوەکانیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتیەوە کە ئەگەری پەیوەندیی پاڵنەرەکە بە ئێرانەوە لە هەموو ئەگەرەکانی تر بەهێزترە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تێوەگلانی ڕووسیا یان توندڕەوە ئیسلامییەکانیش دەکرێت.
هاوکات، ژنە جوتیارێک کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بە دەزگای پەخشی بەریتانی (BBC)ی ڕاگەیاندووە کە دوای بینینی کۆمەڵێک "کەسی دەمامکدار" کە لە کێڵگەکاندا ڕایاندەکرد، پەیوەندی بە هێڵی فریاکەوتن (999)ەوە کردووە و پێی وایە ئەو پەیوەندییە هەموو ئەو پلانانەی پووچەڵ کردووەتەوە کە هەیانبووە.
لەلایەکی ترەوە، وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند کە پێشبینی سەبارەت بە پاڵنەرەکانی ئەم ڕووداوە ناکات چونکە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی باسی لە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و وتی: "دەزانین کە ئێران و بریکارەکانی دەیانەوێت زیانمان پێ بگەیەنن و ڕقیان لە دیموکراسییەتەکەمان دەبێتەوە، بۆیە دەبێت بەردەوام هەوڵەکانی ئێران کە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانمان یان هاوپەیمانەکانمان دەکەن، پووچەڵ بکەینەوە". ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە بەریتانیا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ئاستی هەڕەشەی تیرۆریستی لە "گەورە"وە بۆ "مەترسیدار" بەرزکردەوە، ئەویش دوای زنجیرەیەک ڕووداوی پەیوەست بە دژایەتیکردنی جوولەکەکان. هەروەها لە مانگی ئایاردا، لەندەن سزای بەسەر ١٢ کەس و قەوارەی سەر بە ئێراندا سەپاند بەتۆمەتی تێوەگلان لە چالاکییە دوژمنکارییەکان.
لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لەندەن هۆشدارییەکی ئەمنی دەرکرد و داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریکی کرد کە "وریابن" و ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەنگە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە ئەمریکاوە ڕووبەڕووی مەترسیی زیاتر ببنەوە.
جێی باسە حکومەتی بەریتانیا مۆڵەتی بە ئەمریکا دابوو کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جێگیرکراو لە بنکەی فێرفۆرد بەکاربهێنێت بۆ بۆردومانکردنی پێگە مووشەکییەکانی ئێران، کە ئەمەش وای لە سوپای پاسداران کرد لە مانگی تەممووزدا هۆشداری بداتە لەندەن و بنکەکە بە ئامانجێکی ڕەوا دابنێت ئەگەر بۆ هێرشکردن بەکاربهێنرێت.
لەسەر ئاستی ئەمنیش، پۆلیس پشتێنەیەکی ئەمنیی بە درێژایی ٤٠٠ مەتر بەدەوری بنکەکەدا کێشاوە و دانیشتووانی ٨٥ ماڵی چۆڵ کردووە، هاوکات ڕۆبۆتێکی پووچەڵکردنەوەی بۆمب لە دەوروبەری بارهەڵگرەکان بینراوە.
لەسەر ئاستی سیاسیش، ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەهۆی چاودێریکردنی ڕەوشەکەوە بەشدارییکردنی لە لانیکەم دوو چالاکیی کۆنگرەی ساڵانەی پارتی کرێکاران هەڵوەشاندەوە.