ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆکاری ڕەتکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی تارانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕاگرتنی شەڕ ئاشکرا کرد؛ مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە دانانی مەرجی پێشوەختە لەلایەن ئێرانەوە، لەوانە هەڵگرتنی گەمارۆکان و دەستڕاگەیشتن بە ملیاران دۆلاری بلۆککراو، هۆکاری سەرەکیی ڤیتۆکردنی پێشنیازەکە بووە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە.
واڵتز لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی CNN ئاماژەی بەوە کرد: "ئێرانییەکان هەموو شتێکیان پێشوەختە دەویست، مەرجیان دانابوو کە دەبێت سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت بەر لەوەی بچنە ناو دانوستانەکانەوە." ناوبراو ڕوونی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ بڕوای بەوە نەبووە تاران بە جددی دانوستان لەسەر کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، هاوکات گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بەردەوامە لە زیاترکردنی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر تاران لە ڕێگەی کەمکردنەوەی داهاتەکانی وزە.
تاران چی پێشنیاز کردبوو؟
پێشنیازەکەی ئێران کە لە ڕێگەی نێوەندگیری قەتەرییەوە لە نیویۆرک گەیەندرابووە واشنتن، بەپێی وتەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بریتی بوو لە پێدانی مۆڵەتی حەوت ڕۆژ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕاگرتنی پێکدادانە سەربازییەکان لە تەواوی ناوچەکە، لەنێویاندا لوبنان. لە بەرامبەردا داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و لادانی سزاکانی سەر کەرتی نەوت کرابوو. هاوکات مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە کە پێشنیازەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئامادە کراوە.
دەرگای دانوستان دانەخراوە و بژاردەی لێدانی سەربازی لەسەر مێزە
سەرەڕای ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی ئاکسیۆس پێشبینی کرد لەم هەفتەیەدا گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ تاران ئەنجام بدرێت، بەڵام جەختی کردەوە ئەو ڕێککەوتنەی ئێران دەیەوێت تەواو جیاوازە لەوەی واشنتن بەدوایدا دەگەڕێت. هاوکات لە وەڵامی ئەگەری دەستپێکردنەوەی لێدانە سەربازییەکان بۆ سەر پێگەکانی ئێران، ترەمپ بە ڕاشکاوی وتی: "هەمیشە بیر لەو بژاردەیە دەکەمەوە."
لە لایەکی دیکەوە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونی هەردوولا، بەڵام گرێکوێرەی سەرەکی دۆسیەی ئەتۆمییە؛ لەکاتێکدا واشنتن ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی دەکاتە هێڵی سوور، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە تاران هەرگیز دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و ڕازی نابێت یۆرانیۆمی پیتێنراو بنێرێتە دەرەوەی وڵات.