دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوتی عێراق بە سووریادا تێدەپەڕێت؛ ڕۆژانە ١٢٠٠ تانکەر نەوت ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت

 
کۆمپانیای نەوتی سووریا بە فەرمی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ترانزێتی سووتەمەنی لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند، کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سێ مانگیی شیاوی نوێکردنەوەدایە و بەپێی پلانەکە، قەبارەی گواستنەوەی بەنزین بۆ ناو عێراق بۆ نزیکەی چوار هێندە بەرز دەکرێتەوە.
هاوردەکردنی بەنزین لە ڕێگەی بانیاسەوە
ئەحمەد قوبەجی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکار بۆ کەرتی گواستنەوە و کۆگاکردن لە کۆمپانیای نەوتی سووریا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی "سانا" ئاشکرای کرد کە پرۆسەی گواستنەوەی بەنزین بۆ عێراق لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە بە تێکڕای ٥٧ تانکەر لە ڕۆژێکدا.
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکرێت توانای گواستنەوەکە لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی "تەنف"ەوە بەرز بکرێتەوە بۆ نزیکەی ٢٠٠ تانکەری ڕۆژانە. هەروەها گۆڕەپانەکانی بارکردن لە بەندەری بانیاس ئامادە کراون و هەشت شوێنی تایبەت بۆ پڕکردنەوەی خێرای تانکەرەکان تەرخان کراوە.
ڕۆڵی قەتەر و شێوازی ڕێککەوتنەکە
بەپێی وتەی بەرپرسەکەی کۆمپانیای نەوتی سووریا، کۆمپانیای UCCی قەتەری بەرپرسە لە کڕین و دابینکردنی بەنزینەکە لە بازاڕ و سەرچاوە جیهانییەکانەوە، لە کاتێکدا لایەنی سووری ئەرکی گواستنەوە و دابینکردنی ڕێڕەوی ترانزێتەکەی لە ئەستۆ گرتووە لە بەرامبەر وەرگرتنی کرێی ترانزێت.
هەزاران تانکەر نەوتی عێراق بەرەو سووریا
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، قوبەجی ئاماژەی بە قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق کرد و ئاشکرای کرد: لە ئێستادا ڕۆژانە لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ تانکەر نەوتی عێراق بە خاکی سووریادا تێدەپەڕن. هاوکات حکومەتی دیمەشق لە تاوتوێکردندایە تاوەکو پرۆسەی ترانزێت لەگەڵ عێراق فراوانتر بکات و کەرەستەی دیکەی وەک خەڵووزی بەردین و گۆگردیش بگرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP