دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گورزێکی کوشندە لە تاران؛ سوپای یەمەن کوژرانی ٤ پسپۆڕی مووشەکی و درۆنی ئێرانی ڕاگەیاند

 

بەرەکانی جەنگ لە یەمەن لەنێوان چەکدارانی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) و سوپای حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی عەرەبی گەیشتە قۆناغێکی خوێناوی و تەقینەوەی گەورە؛ حوسییەکان ڕایانگەیاند لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بازاڕێک لە تەعز دەیان هاوڵاتی کوژراو و بریندار بوون، لە بەرامبەریشدا سوپای یەمەن کوژرانی هەزاران چەکدار و چوار شارەزای سەربازیی ئێرانی ڕاگەیاند.
کۆمەڵکوژی لە بازاڕی تەعز و بەئامانجگرتنی فەرماندە حوسییەکان
میدیای فەرمیی حوسییەکان بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە بازاڕێکی قەرەباڵغیان لە ناوەڕاستی شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن بۆردومان کردووە، بەهۆیەوە لانی کەم حەوت کەس کوژراون و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە بەرامبەردا، لایەنی فەرمیی حکومەتی یەمەن ڕایگەیاند کە هێزە ئاسمانییەکانیان بنکەیەکی سەربازیی نوێی حوسییەکان، کۆگاکانی مووشەکی بالیستی، زرێپۆش و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای ئەو گرووپەیان لە ناوچەی حەوبانی تەعز پێکاوە، لەنێویاندا "نورەدین مەڕانی" کە خۆی وەک بریکاری پارێزگاری تەعز بۆ کاروباری بەرگری و ئاسایش دەناسێنێت. هاوکات سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە حوسییەکان بنکەکەیان لە نزیک ئەو بازاڕە جێگیر کردبوو.
ئامارێکی شۆکهێنەر؛ کوژرانی چوار شارەزای ئێرانی و هەزاران چەکدار
عەقیدی ڕوکن ماجد عەبدوڵڵا نوزیلی، وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی یەمەن، ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا ٧٥٦ ئۆپەراسیۆنی پێشکەوتوویان ئەنجامداوە؛ لەو هێرشانەدا ٢٣١٦ چەکداری حوسی (کوژراو و بریندار) لەچالاکی خراون، هاوکات چوار شارەزای باڵای ئێرانی کە لە بەڕێوەبردن و هاویشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لە پارێزگای تەعز کاریان دەکرد، کوژراون.
خستنەخوارەوەی درۆنێکی سعودی و هۆشداریی فڕینی مەدەنی
لە بەرەیەکی دیکەدا، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی سیخوڕیی چەکداری سعودی لە جۆری "کایارال"یان لە ئاسمانی پارێزگای حەججە خستووەتە خوارەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، وەزیری ڕاگەیاندنی حکومەتی یەمەن هۆشدارییەکی توندی دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێڵە ئاسمانییەکان لەبارەی بڵاوکردنەوەی چەکی دژەئاسمانیی ئێرانی لەلایەن حوسییەکانەوە لە حودەیدە، بەوەی ئەو سیستەمانە بە گەرمی کاردەکەن و ناتوانن جیاوازی لەنێوان فڕۆکەی سەربازی و گەشتی مەدەنی یان مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP