هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕوونکردنەوە لەسەر هەڵگرتنی بەشێک لە بازگەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم گۆڕانکارییانە بەپێی پلانێکی تۆکمە و دیراسەکراو بووە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و دروستکردنی ئاسانکاری بۆ هاتوچۆ و بازرگانان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی 10ـی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە دەزگای ئاسایشی هەرێم بە میدیاکانی ڕاگەیاند، هەڵگرتنی ژمارەیەک بازگەی سەرەکی لە سنوورەکە، لەوانەش (بەرلووت لە کەلار، دەروازەی کفری، دەروازەی ڕزگاری، ژاڵەناو، مەیدان، و بازگەی تونێلی دەربەندیخان)، بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو بووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گۆڕانکارییەکان لە ڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە ئەنجام دراون و پرۆسەکە تەنها سنووری ئیدارەی گەرمیان ناگرێتەوە، بەڵکو لە پارێزگا و قەزاکانی دیکەش جێبەجێ دەکرێت.
بەرپرسەکەی دەزگای ئاسایش جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە بە وردی دیراسە کراون بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی کە پێشتر هەبووبێت، و دڵنیایی داوە کە بەرنامە نوێیەکە سیستەمێکی ئەمنیی تۆکمەتر فەراهەم دەکات و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست ناکات.
پرۆسەی هەڵگرتنی ئەم بازگانە بە شێوەیەکی خێرا و کتوپڕ بوو، و پێشتر لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئاماژەی پێ نەدرابوو.
ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی مقۆمقۆ و دڵەڕاوکێ لای بەشێک لە هاووڵاتییان سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و دروستبوونی پشێویی ئەمنی.
ناوچەکانی گەرمیان بەهۆی هاوسنوورییان لەگەڵ ناوچە جێناکۆکەکان و بوونی مەترسییەکانی داعش لە ڕابردوودا، بەردەوام هەستیاریی ئەمنییان تێدایە و گۆڕانکارییە کتوپڕەکان خێرا کاردانەوەی جەماوەرییان لێ دەکەوێتەوە.