دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد حوسێن دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە عێراق ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، حکومەت پلانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکی بێمۆڵەت و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەخاتە ڕوو، هاوکات ئاشکرای کرد بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، عێراق پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە.

هاوپەیمانی و چارەسەری پرسی چەک
ئەمڕۆ هەینی، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات."

سەبارەت بە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا ئاماژەی بەوە کرد، پرسەکە بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە و لەم بارەیەوە پلانێکی نوێ بۆ ئەم دۆسیەیە دەخەینە ڕوو، هەروەها دانوستان و گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕادەستکردنی چەک لەگەڵ لایەنەکان بەردەوامن. جەختیشی کردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی کار لەسەر خستنەڕووی پلانێکی نوێ دەکات سەبارەت بە کۆکردنەوە و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

زیانە ئابوورییەکان و سزاکانی کەرتی فڕۆکەوانی
وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە لێکەوتەی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، هۆشداریی دا لە مەترسییەکان و ڕایگەیاند: "ئابووریی عێراق قوربانیی یەکەمی ئەو جەنگەیە کە ئێستا لە ناوچەکەدا پەیوەست بە ئێران بەڕێوە دەچێت."

سەبارەت بە سزاکانی ئەم دواییەی کەرتی فڕۆکەوانیی سەر ئێران، فوئاد حوسێن ڕوونی کردەوە، عێراق پرسی ئەو سزایانە لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ دەکات کە سەپێنراون بەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان؛ هاوکات جەختیشی کردەوە کە لایەنی ئێرانی بە فەرمی لە بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق ئاگادار کراوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP