دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

زەیدی : ئەولەویەتمان ئەوەیە چەک لە دەستی دامەزراوە دەستوورییەکاندا بێت

هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، ئەولەویەتەکانی حوکمڕانییان ئەوەیە کە دەوڵەت تاکە بڕیاردەر بێت لە بابەتی ئاشتی و شەڕدا و چەک و کەرەستەی دەسەڵات لە دەستی دامەزراوە دەستوورییەکانیدا بمێنێتەوە.

گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و چاکسازی
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، پەیوەندییان لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانیان لە هاوکاریی سەربازییەوە دەگوازینەوە بۆ هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان، بەو جۆرەی خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
جەختیشی کردەوە کە حکومەتەکەیان شەڕی دژی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دەکات و بەردەوامن لە چاکسازییەکان لە ڕێگەی چارەسەری بنەڕەتی و بەردەوامەوە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی ئەدای کارکردن و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان. وتیشی: "ئامانجمان بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و ئابوورییەکی هەمەچەشن و هاوچەرخە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژی و دیجیتاڵییە جیهانییەکان."

ئاسایشی وزە و ڕێڕەوە ستراتیژییەکانی هەناردەکردن
عەلی زەیدی ڕایگەیاند، بە نیگەرانییەوە لە لێکەوتەکانی پەیوەست بە ئازادیی گواستنەوە و کەشتیوانیی دەریایی دەڕوانن، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەی جیهانی.
ئاشکراشی کرد کە کار دەکەن بۆ فەرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەی نەوتەکەیان و پەرەپێدانی هێڵەکانی وزە و ئەو ڕێڕەوانەی کە عێراق بە تورکیا، ئوردن و سوریاوە دەبەستێتەوە تا دەگاتە بازاڕەکانی جیهان، بە ئامانجی بەشداریکردن لە ئاسایشی وزە و هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی دابینکردنی.

پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونی کردەوە، پڕۆژەی (ڕێگای گەشە) ڕوانگەی گشتگیری عێراقە بۆ تەواوکاری، یەکخستن و سەقامگیریی ناوچەیی، دەرگایەکی گرنگ و ڕێڕەوێکی ستراتیژییە بۆ بازرگانی، وەبەرهێنان، پیشەسازی و وزە کە ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە دەبەستێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیانەوێت پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کراوە بێت بۆ هاوبەشی لەگەڵ هەموو دراوسێ و دۆستەکانیان، چونکە پێیان وایە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان خۆشگوزەرانی دروست دەکەن، هاوکات بەستنەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە ڕێگەی بەندەر، هێڵی ئاسن، بۆریی وزە، بازرگانی و وەبەرهێنانەوە خزمەت بە ئامانجێکی گەورەتر دەکات لە پاراستنی سەقامگیری.

عەلی زەیدی ئاڕاستەی پەیامەکەی بەرەو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و گوتی: "بە جیهان دەڵێین: لە عێراق وەبەرهێنان بکەن، عێراق خاوەنی سەرچاوە، بازاڕ، هەڵکەووتە و ئیرادەی بنیاتنانی ئابوورییەکی نوێیە."

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری، دەستوەرنەدان، دراوسێیەتیی باش، بەهێزکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و دیالۆگ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکان، دەستیان بۆ هەمووان واڵایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP