دواین هەواڵ

عێراق‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

نووسینگەی زەیدی: داوای بەدەرکردنی فڕۆکەخانەکانی عێراقمان لە سزاکانی ئەمریکا کردووە بۆ گەشتەکانی ئێران

هەرێم نیوز

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێکارانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گرتوویەتییە بەر سەبارەت بە گەشتەکانی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی وڵاتانی ناوچەکە، لە نێویاندا فڕۆکەخانەکانی عێراق، بەغدا داوای بەدەرکردن لە سزاکان دەکات.

گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن و ئامانجە مرۆییەکان
ڕاگەیەندراوەکە ئاشکرای کردووە، حکومەتی عێراق گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکات بۆ بەدەستهێنانی بەدەرکردن (استثناء) بۆ هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەم ڕێکارانە، بە مەبەستی ڕێگەدان بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر بنەمای هۆکاری مرۆیی، کە پەیوەندیدارن بە چارەسەری پزیشکی، خوێندن، سەردانی ئایینی و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی مەدەنی.

هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق کار دەکات بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە ناوچەکەدا، جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی قەیرانەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

لە کۆتاییدا بەغدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پەنا ببەنە بەر گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە کۆتایی بە قەیران و ململانێکانی ئێستا بهێنێت، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە دەستەبەر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP