دواین هەواڵ

کوردستان‌

 47 خولەک پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: ‌هێزەکانی پێشمەرگە تۆکمە و ئامادەن بۆ رووبەڕبوونەوەی هەر مەترسییەک

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگیی کەرتی تایبەت بۆ رەخساندنی هەلی کار دەکاتەوە. هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، دووپاتی دەکاتەوە، هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک، داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، پەلە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیی کۆمپانیای تۆیۆتا لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد. 

مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئەم جۆرە پڕۆژانە رێگەخۆشکەر دەبن بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان. باسی لەوەش کرد، بەرنامەی حکوومەت لە سەرەتاوە رەخساندنی هەلی کار بووە بۆ گەنجان و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە بووژانەوەی ئابووری لە هەموو بوارەکاندا. هاوکات سوپاسی وڵاتی ژاپۆن و گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار و تۆیۆتای کرد بۆ پاڵپشتییەکانیان لەم بوارەدا.

دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان
مێوانانی ئازیز
زۆر زۆر بەخێر بێن
سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێزان دەكەم و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەیەكەوە لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناخەی هەندێك پرۆژەی گرنگی كۆمپانیای تۆیۆتا عێراق كە بێگومان كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بووژانەوەی ئابووری لە ناوچەكە دەبێت.
سوپاسی بەڕێز كاك سەردار بیبانی، سەرۆكی كۆمپانیاكانی سەردار گرووپ و تۆیۆتا عێراق دەكەم بۆ ئەو كارە جوانانەی كە دەیكات لە بواری وەبەرهێنان، پیشەسازی، بازرگانی و ئێستا گەشتوگوزاریش. دانانی ئەم جۆرە پرۆژانە و دروستكردنی ئەم جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی كوردستان و لە هەولێر بە تایبەتی، ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ دروستكردنی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان كە بێگومان لە وزەیەكی زۆری گەنج لە كوردستاندا هەیە كە بتوانن كار بكەن لە كەرتی تایبەت و تواناكانی خۆیان پێش بخەن و بێگومان بە دروستكردنی ئەم جۆرە پرۆژانە، شارەزاییەكی نوێش دێتە هەرێمی كوردستان كە گەنجەكانمان دەتوانن سوودی لێ ببینن.
هەروەها سوپاسی وڵاتی ژاپۆن دەكەم بۆ پشتیوانی و پاڵپشتییان بۆ جێبەجێكردنی ئەم جۆرە پرۆژانە كە بێگومان كاریگەرییەكی زۆری هەیە، توانای ئەوان و زانایی ئەوان توانیویەتی كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئێمەش سوودی لێ ببینین و ئەم جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەی لە سەرەتاوە ئەوە بووە كە هەلی كار بۆ گەنجەكانمان دروست بكات و گرنگیی زیاتر بە كەرتی تایبەت بدەین كە كەرتی تایبەت یارمەتیدەر بێت لە بووژانەوەی ئابووری لە هەموو سێكتەرەكان لە كوردستاندا. بێگومان سەردار گرووپ و تۆیۆتا عێراق بەشێكی گرنگ و سەرەكین لە یارمەتیدانی پرۆژەكانی حكوومەت بۆ سەرخستنی ئەم ئەجێندایە.
دیارە دروستكردنی (هەولێر مۆتۆر سیتی)، ئەمە بەشێكی زیادەشە لەم پرۆژانە كە لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە دەتوانێت بە هەزاران خەڵك بێنێتە هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی كە ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ گەنجەكانمان و بۆ ئەو خەڵكانەی كە تامەزرۆی لێخووڕینی سەیارەن و دەیانەوێ بە شێوەیەكی پرۆفێشناڵیش ئەم كارە بكەن، ئەم دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت. هیوادارم دواتر ئەم بەڕێزانەی كە دێن و لێرە سوود لەم بەشە وەردەگرن، رەچاوی بابەتی سەیفتی بكەن و خۆپارێزی لە خوا نەخواستە ڕووداوی نەخوازراو.
ئێمە زۆر هەوڵمان داوە لەگەڵ وڵاتانی دۆست كە یارمەتیمان بدەن لە هێنانی بەشێك لە كارەكانیان لە ڕووی پیشەسازییەوە یان هاندان و پشتیوانیكردنی ئەجێندای حكوومەت لە پەرەپێدانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، بەوەی كە بەشێك لە كۆمپانیاكانی خۆیان لە بەستنەوەی پارچەكان بەیەكەوە بەشەكان بەیەكەوە، یانیش لێكدانەوەی سەیارە و ئۆتۆمبێل و ئەم جۆرە شتانە، لێرە یارمەتیمان بدەن. پێشخستنی بەشی پیشەسازی كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر دروستكردنی هەلی كار بۆ زۆر لەو گەنجانەی كە ئێستا حەز دەكەن لە بواری جیاوازدا كار بكەن. ئێمە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەكەین و بەردەوام دەبین لە هاندانیان بۆ یارمەتیدانی ئێمە لە سەرخستنی ئەم بیرۆكەیە.
لە لایەكی ترەوە كوردستان لە ڕووی جیۆپۆلۆتیكییەوە شوێنێكی هەڵكەوتووە لە بەستنەوەی چەندین بازاڕی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەك توركیا و لە لایەك ئێران و لە لایەك وڵاتانی تری عەرەبی كە كوردستان كەوتووەتە ناوەڕاستی ئەم ماركێتە گەورانە كە دەتوانێت یارمەتیی بدات لە پێشخستن و بەیەكەوە بەستنەوەی ئابووریی ئەم وڵاتانە و هەتا نزیككردنەوەی گەلەكان لە ناوچەكە بە یەكەوە، كوردستان دەكرێ ئەم ڕۆڵە گرنگە ببینێت و تا ئێستاش ئەم دەورەی بینیوە.
من دەستخۆشی لە كۆمپانیای تۆیۆتا عێراق دەكەم بۆ ئەو كارە ناوازەیەی كە دەیكەن و سوپاسیشتان دەكەم بۆ وەبەرهێنان و كارە یەك لە دوای یەكەكانی كە دەیكەن بۆ خزمەتی هەرێمی كوردستان.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم باسی بابەتێكی تر بكەم، هەروەك دەزانن ئەمڕۆ دوا وادەی ئەركی هێزە هاوپەیمانەكانە دژی داعش كە بۆ یارمەتیی عێراق هاتبوون، ئەمڕۆ ئەركی ئەم هێزانە بە كۆتایی دێت، لێرە دەمەوێ بە ناوی خەڵكی كوردستانەوە سوپاسی هەموو هاوپەیمانان، ئەمەریكا و هەموو وڵاتانی ئەورووپی و هەموو هاوپەیمانان بكەم كە یارمەتیی ئێمەیان دا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لە شكستپێهێنانی داعش، لە هاوكاریكردنی باشتركردنی تواناكانی هێزی پێشمەرگە، پاراستنی هەرێمی كوردستان و پاراستنی هەموو عێراق، ئەركێكی پیرۆز بووە كە ئەوانە یارمەتیی ئێمەیان داوە و لێرەوە ئێمە سوپاسیان دەكەین و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو قوربانییەكانیان، بۆ هەموو زەحمەت و ماندووبوونیان، بۆ هەموو ئەو پاڵپشتییەی كە ساڵانی رابردوو پێشكەشی ئێمەیان كردووە و بێگومان ئەو هاوكارییە و ئەو پاڵپشتی و ئەو پشتیوانییەمان لەبیر ناچێتەوە. جارێكی تر بە ناوی هەمووتان سوپاسی ئەو هێزە هاوپەیمانانە دەكەم.
كۆتاییهێنانی ئەركی هێزی هاوپەیمانان، مانای كۆتاییهێنانی پەیوەندیی نییە لەگەڵ ئەو دۆستانەمان، بەڵكوو شێوازی پەیوەندییەكان دەچێتە بوارێكی تر و بە جۆرێكی تر دەبێت، هەم لە ڕووی ئابوورییەوە، هەم لە ڕووی كولتووری و سیاسییەوە، هەم لە ڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپی و هێزەكانی هاوپەیمان، بە جۆرێكی تر بەردەوام دەبێت كە هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێكی چالاك و كاریگەر لە حكوومەتی عێراق دەتوانێت و بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە.
لەوانەیە زۆر لە دوژمنان و ناحەزان پێیانوابێت كە كۆتاییهێنانی ئەركی هاوپەیمانان مەترسییەكی زیاتر دەخاتە سەر هەرێمی كوردستان كە بێگومان هێشتا مەترسیی تیرۆر ماوە، ئەوە نییە بڵێی ئێمە هیچ مەترسییەك یان هیچ تەحەدایەكی ئەمنی نەمابێت، بەڵام دڵنیاشتان دەكەینەوە كە هەم هێزەكانی عێراقی ئێستا تواناكانیان لە جاران باشترە، هەم هێزی پێشمەرگە هێزێكی تۆكمە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە مەترسییەك كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان ببێتەوە. بۆیە من جارێكی تریش دڵنیاتان دەكەمەوە كە هێزەكانی ئێمە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێك یان هەر مەترسییەك كە خوانەخواستە ڕوو لە هەرێمەكەمان و لە عێراقیش بكاتەوە.
بەڕێزان
ئێمە جگە لە بابەتی ئەمنی و ئەو تەحەدیاتانەی كە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، چەندین تەحەدای تریشمان هەیە یەكێكیان تەحەدای ئابوورییە، بە تایبەتی دوای ئەو شەڕ و پێكدادانەی كە لە ناوچەكەدا هەبووە، بە شێوەیەكی نەرێنی كاریگەریی لەسەر ئابووریی عێراق كردووە، ئێمە لێرە پێویستە بە هەموو جۆرێك هاوكاریی یەكتر بكەین و هەموو هەوڵێكیش دەدەین لە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیش هەموو تواناكانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی ئەو تەحەدایانەش ببینەوە و ئەو قەیران و بارە ناهەموارانەی كە ئێستا ئێمە پێیدا تێدەپەڕین، ئەوانەش ئینشائەڵا چاك بكرێن. ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ پشتیوانیكردنی حكومەتی فیدرالی، بەردەوام دەبین و چاوەڕێی ئەوەش دەكەین كە حكومەتی فیدرالیش بە ئەركی خۆی هەڵبستێت لە جێبەجێكردنی دەستوور و لە بابەتی دادپەروەری و لە هاوكاریكردنی هەموو بەشەكانی عێراق بە شێوەیەكی یەكسان. ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتر.
ئەوەی لەسەر ئێمەشە لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی تری كوردستانی و داوایان لێ دەكەین كە ئەوانیش بە ئەركی نیشتمانیی خۆیان هەڵبستن و ئەو بەرپرسیارێتییەی كە دەكەوێتە سەر شانی ئەوان، ئەوانیش بەجێی بگەیەنن و زووتر هەنگاوی خێراتر بهاوێژن بۆ ئەوەی كە پەرلەمانی ئێمە كارا بكرێتەوە، چونكە كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكەم هەنگاوە بۆ پێكهێنانی حكومەت كە زۆر زۆر دواكەوتووە. خەڵكی كوردستان چاوەڕێی ئەوەیە حزبە سیاسییەكان زیاتر بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی خەڵكی كوردستان بكەنەوە، نەك بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكەسی. ئێمە ئامادەین و لە رۆژی یەكەمیشەوە ئامادەبووین، ئێستاش داواكارین كە هەموو هێزە سیاسییەكان، بە تایبەتی ئەوانەی كە توانیویانە بەشێك لە دەنگی هاووڵاتیان بەدەست بهێنن و متمانەی خەڵكیان پێ دراوە، ئێستا بەرامبەر بەو خەڵكە بەرپرس بن و بێن لە پەرلەمان ئەركی خۆیان ببینن و پەرلەمان كارا بكەنەوە. زۆر ئەركی ترمان ماوە كە پێویستیی بە هاوكاری و هەماهەنگیی حكومەت و پەرلەمانە لە دەركردنی یاساكان و رێخۆشكردنی ئیش و كارەكان، یارمەتیدانی زیاتری خەڵك و باشتركردنی كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ هەرێمی كوردستان. جارێكی تر داوایان لێ دەكەینەوە كە پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكومەت، ئێمە هەمیشە ئامادە بووین و ئێستاش ئامادەیی زیاتریشمان تێدایە.
جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم، دەستخۆشیی لە كاك سەردار، لە تۆیۆتا عێراق، لە هەموو ئەو بەڕێزانەی كە ماندووبوون بەم پرۆژانەوە دەكەم، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن، لە سەركەوتنی بەردەوامدا بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
زۆر زۆر سوپاس.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP