دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

عەبدوڵا ئۆجالان: ئەرکی مێژوویی پەکەکە کۆتایی هاتووە و نابێت چیتر ستایشی چەک بکرێت

هەرێم نیوز

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە نوێترین پەیامیدا ڕایدەگەیەنێت کە ئەرکی مێژوویی پەکەکە کۆتایی هاتووە و چیتر نابێت ستایشی چەک بکرێت، هاوکات جەخت لە گواستنەوەی خەبات لە شەڕی چەکدارییەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی 9ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی "کۆنفرانسی ئاشتی و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک" لە لەندەنی کردووە، داوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی خەباتی کورددا دەکات.

لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پەکەکەیەی کە خۆی داینەمەزراندووە، وەک تێکۆشانێک بۆ سەلماندنی هەبوونی کورد بەپێی هەلومەرجی سەردەمی خۆی سەریهەڵداوە و توانیویەتی زنجیری نکۆڵیکردن بپسێنێت. بەڵام لە جیهانی ئێستای 2026دا، کورد ڕاستییەکی مێژووییە و چیتر نکۆڵی لێ ناکرێت، بۆیە ئەرکە مێژووییەکەی پەکەکە کۆتایی هاتووە.

ڕوونیشیکردووەتەوە کە کۆتایهێنان بە چالاکییەکان بە ناوی پەکەکەوە بە واتای خۆبەدەستەوەدان نایەت، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێی مێژوویی، و پێداگری لەسەر شێوازە کۆنەکە گەورەترین زیان بە گەلی کورد دەگەیەنێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئۆجالان جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت چیتر ستایشی چەک بکرێت، چونکە ئەو ئازادییەی لە ڕێگەی توندوتیژییەوە بەدەست دێت، لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە دژبەری ئەو بەهایانەی شەڕی بۆ کراوە.

هەروەها دەڵێت، بەبێ ئاشتییەکی بەشکۆ، دیموکراسی و ئازادی بەردەوام نابن و نە ئاشتی و نە دیموکراسی لەژێر سێبەری چەکیشدا ڕەگ داناکوتن.

بۆیە داوا دەکات سیاسەتی دیموکراتیک جێگەی ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریخوازی بگرێتەوە و دەرفەت بدرێتە ئەو کەسانەی خەباتی چەکدارییان کردووە تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ ژیانی مەدەنی و سیاسی و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆجالان دووپاتی دەکاتەوە کە پرسی کورد بە کێشانی سنوور و دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی نوێ چارەسەر نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان گەلانی تورک، فارس، عەرەب و کوردەوە دەبێت.

ئاماژە بەوەش دەکات کە پرسی کورد تەنیا کێشەی گەلێک نییە، بەڵکو کێشەی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، و ئامانجیش لێی پارچەکردن نییە، بەڵکو پێکەوە بنیاتنانی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP