هەرێم نیوز
مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ڕووداوی کوژرانی دوو گەنجی کورد لە پردێ، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کەسوکاری یەکێک لە کوژراوەکان ڕەتیدەکەنەوە تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە و تۆمەتی بوون بە "چەکداری داعش" بە توندی ڕەتدەکەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی 9ـی 2026، مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە گیانلەدەستدانی ئەو دوو گەنجە کوردە لە پردێ مایەی خەم و پەژارەیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە هێزە ئەمنییەکان پارێزەری ئارامی و سەروماڵی هاووڵاتییان بن، و لە کاتی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دژ بە تیرۆر، هاووڵاتییانی سڤیل لە تیرۆریستان جیا بکرێنەوە و گیانیان پارێزراو بێت.
مەکتەبەکە داوا لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکات، بەپەلە لیژنەیەکی تایبەت و دادپەروەر بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و ڕاستییەکانی ڕووداوەکە پێکبهێنێت، ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر کەمتەرخەمان بگرێتە بەر.
لە کۆتاییشدا پرسە و هاوخەمیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو کوژراو، محەممەد هێمن و موراد زانا کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، میدیاکان بڵاویانکردەوە کە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، کەسوکاری محەممەد هێمن، ئەو مێردمنداڵەی لە شەڕەکەی پردێدا بێسەروشوێن ببوو، تەرمەکەیان لە یەکەی پزیشکیی دادی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک دۆزیوەتەوە.
سەرەڕای دۆزینەوەی تەرمەکە، کەسوکارەکەی ئامادە نین وەریبگرنەوە، بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە ناوی "چەکداری داعش" تەرمەکەیان ڕادەستی نەخۆشخانە کردووە.
بنەماڵەی ئەو مێردمنداڵە ئەو تۆمەتە بە توندی ڕەتدەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە کە کوڕەکەیان منداڵ بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێکخراوی داعشەوە نەبووە، بەڵکوو هێزە ئەمنییەکان بە هەڵە کوشتوویانە و ئێستاش دەیانەوێت وەک "تیرۆریست" لە قەڵەمی بدەن.