هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تیروپشکی ناوی حاجیان لە قۆناغی کۆتاییدان و هەفتەی داهاتوو تیروپشکەکە ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی 9ـی 2026، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کارەکان بە خێرایی بەڕێوە دەچن و لە ئەگەری کۆتاییهاتنی وردبینییە تەکنیکییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هەفتەی داهاتوو تیروپشکی ناوی حاجیان بۆ هەردوو ساڵی 2027 و 2028 بە فەرمی ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، 117 هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج تۆمارکردووە، پرۆسەی ناونووسینەکەش بە شێوەیەکی تەواو دیجیتاڵی و لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (KRDPASS)ـەوە بەڕێوەچووە.
واتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی سیستمی ناونووسین لە کاغەزەوە بۆ دیجیتاڵی بەشێکە لە پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێیدا بڕی 25 هەزار دیناری تێچووی فۆڕم لەسەر هاووڵاتییان لادراوە، ڕوونیشی کردەوە لە وەرزی ڕابردوودا پێنج هەزار و 120 هاووڵاتی لە هەرێمەوە سەردانی عەرەبستانی سعودییەیان کردبوو بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.