دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی شارەوانی بەشداری لە سەکۆی (ئی-پسوولە) دەکات بۆ وەرگرتنی کرێی خزمەتگوزارییەکان

هەرێم نیوز

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەشداری لە سەکۆی دیجیتاڵیی (ئی-پسوولە) دەکات و لەمەودوا شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن پارەی خزمەتگوزارییەکانیان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بدەن و داشکاندنی ٢٠٪ـیشیان بۆ دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لەمەودوا شوێنە بازرگانییەکان دەتوانن لە ڕێگەی سەکۆی دیجیتاڵیی (ئی-پسوولە)ـەوە کرێی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بدەن. 

ئەم خزمەتگوزارییانە بریتین لە کرێی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، شایستەی تابلۆ، و ڕێکلامی تەلەڤزیۆنی و لەیزەری، هاوکات بۆ هەر پارەدانێک کە لەم ڕێگەیەوە ئەنجام بدرێت، داشکاندنی ٢٠٪ بە بەشداربووان دەدرێت.

حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، بەکارهێنانی سەکۆی ئی-پسوولە کات بۆ بازرگانان و هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە و ئەزموونێکی ئاسان و گونجاویان بۆ دابین دەکات. 

بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدانەکەش، هاووڵاتییان دەتوانن ئەو بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییانە بەکاربهێنن کە مۆڵەتیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پێدراوە، لەوانەش: ئاسیا پەی (AsiaPay)، فاست پەی (FastPay)، ئێف ئای بی (FIB)، ناس واڵێت (NassWallet)، زەین کش (ZainCash)، شانبەشانی بانکەکانی جیهان، RTB، NBI و IIB.

جێی باسە، پڕۆگرامی دارایی ئی-پسوولە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، کە بەشێکە لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ زیادکردنی گشتگیریی دارایی و بەدیجیتاڵکردنی پرۆسەکانی پارەدان. 

هاووڵاتییانیش دەتوانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر سەردانی وێبسایتی (epsule.gov.krd) بکەن، یاخود پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاریی ئی-پسوولەوە بکەن لە ڕێگەی ژمارە 1993.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP