هەرێم نیوز
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بەپەلە لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ گواستنەوەی سەرپەرشتیی پڕۆژەی (هەژماری من) بۆ سەر وەزارەتەکەی، هاوکات جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەی بانکە ئەهلییەکان کردەوە لە پێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە مووچەخۆران.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی 9ـی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر پێشوازیی لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من) سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت بەڕێوەچوو، شیلان دۆسکی، نوێنەری تیمەکە، کورتەیەکی لەسەر دوایین قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و هەنگاوەکانی گواستنەوەی بۆ سەر وەزارەتی دارایی خستەڕوو.
لە بەرامبەردا، وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێکارەکانی بانکە ئەهلییەکاندا دروست بوون، و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی باشتر و خێراتر پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەبارەت بە ئامارەکانی پڕۆژەکەش، لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکرا کرا کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن و زیاتر لە ٧٥٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە ناوچە جیاوازەکان دانراون، و تەنها نزیکەی ١٠ هەزار مووچەخۆر ماون کە پرۆسەی خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەکەدا تەواو بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، وەزیری دارایی بڕیاری دا لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتەوە، دەستبەجێ هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری دەست پێبکات.