هەرێم نیوز
ڕووسیا یەکێک لە مەترسیدارترین هۆشدارییەکانی ئاراستەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کرد و ڕایگەیاند کە ئامادەیە تەواوی جبەخانە سەربازییەکەی، بە چەکی ئەتۆمیشەوە، بەکاربهێنێت ئەگەر بێتو وڵاتانی ناتۆ هەوڵی گەمارۆدان یان دابڕینی ناوچەی "کالینینگراد" لە خاکی ڕووسیا بدەن.
کالینینگراد ناوچەیەکی ستراتیژیی ڕووسیایە کە لە ڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە نێوان هەردوو وڵاتی پۆڵەندا و لیتوانیا و دابڕاوە لە خاکی سەرەکیی رووسیا.
ئەم ناوچەیە بارەگای سەرەکیی کەشتیگەلی دەریای باڵتیکی ڕووسیای لێیە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە هەستیارترین خاڵەکانی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ لەنێوان مۆسکۆ و ڕۆژئاوادا.
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی ناتۆ تۆمەتەکانی مۆسکۆی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە مەشق و ڕاهێنانەکانیان خاکی ڕووسیا ناکەنە ئامانج. هاوکات ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ئەوروپی مۆسکۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە ڕێگەی هێرشی ئەلیکترۆنی، تێکدەرانە و جووڵەی سەربازییەوە سەرقاڵی ئەنجامدانی "جەنگی هایبرید" یان فرەڕەهەندە دژی وڵاتانی کیشوەرەکە.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم گرژییانە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ژمارەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٥٠ هەزار سەرباز بەرزکردەوە. هاوکات مۆسکۆ پلانی داناوە خەرجییە سەربازییەکانی لە ساڵی ٢٠٢٧دا بگەیەنێتە ١٠.١ تریلیۆن ڕووبڵ، کە بە رێژەی ٢٧٪ زیادیکردووە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ڕۆژئاوادا.