دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گروپە چەکدارەکان هەڕەشەی ڕووخاندنی حکومەتی بەغدا دەکەن

بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر تاران؛ 
گروپە چەکدارەکان هەڕەشەی ڕووخاندنی حکومەتی بەغدا دەکەن

ھەرێم نیوز

هەڕەشەی میلیشیاکان بۆ ڕووخاندنی حکومەتی بەغدا؛ کێبڕکێی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر فڕۆکەوانیی ئێران سەردەکێشێتە ناو عێراق
لە کاتێکدا حکومەتی بەغدا بەهۆی پابەندبوون بە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دژی کەرتی فڕۆکەوانیی تاران، ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق دەکات، گروپ و لایەنە چەکدارەکانی نزیک لە تاران هەڵمەتێکی توندی هەڕەشەیان دەستپێکردووە و هەڕەشەی ڕووخاندنی حکومەت و داخستنی دەروازە سنوورییەکانی وڵاتەکە دەکەن.

حکومەتی بەغدا لە وەڵامی هەڵمەتی گروپەکاندا هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی و بیمە و سووتەمەنی، بە دۆلار کار دەکەن و بەهۆی ترسیان لە سزاکانی واشنتن لە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران کشاونەتەوە، هاوکات بەرپرسانی بەغدا بیری تارانیان خستووەتەوە کە ئێران ئامادە نەبوو لە پەککەوتنی گەرووی هورمزدا هیچ بەخشین و ڕێڕەوێکی تایبەت بۆ نەوتی عێراق دیاری بکات.

لە بەرامبەردا، «کەتائیبی حزبوڵڵا»ی عێراق بە توندترین شێوە هۆشداریی دایە سەرۆکوەزیران و هەڕەشەی ڕووخاندنی حکومەتەکەی کرد ئەگەر بێتو تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم گەمارۆی سەر فڕۆکەکانی ئێران هەڵنەگیرێت، هاوکات لایەنگرانی گروپەکان لە بەردەم فڕۆکەخانەی نەجەف خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و هەڕەشەی داخستنی سنوورەکان دەکەن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەشداری لە گەمارۆکەدا دەکەن.

لەنێو ئەم کێشمەکێشەدا، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆڵەتێکی سنووردار و کاتیی تا ٢٨ی تشرینی یەکەم تەنیا بە کۆمپانیای «هێڵی ئاسمانیی عێراقی» (العراقية) بەخشیوە تاوەکو گەشت لە نێوان عێراق و ئێراندا ئەنجام بدات، بەڵام بە مەرجی توند؛ لەوانە تەنیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە بێت، تەنیا بۆ گەشتیاری ئایینی بێت، فڕۆکە ئێرانییەکان نەگرێتەوە، و بە تەواوی گواستنەوەی پارەی کاش، چەک، کەلوپەلی هەواڵگری و بەرپرسانی ئێران و میلیشیاکانی قەدەغە کردووە.

 

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی توندیی ئەم مەرجانە و بەردەوامیی قەدەغەی هێڵە ئێرانییەکان، بەغدا دەکەوێتە نێوان پەستانی کوشندەی ئابووریی ئەمریکا لە لایەک و هەڕەشەی چەکداریی میلیشیاکان لە لایەکی ترەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP