دواین هەواڵ

ئابوری‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

ئابووریی ئێران دوو هەفتەی تر بەرگە ناگرێت؛ دەستپێکی داڕمانی گەورە لە تاران

هەرێم نیوز

لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا، سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشبینی دەکات کە ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا بە تەواوی داڕمێت.

ئەم پێشبینییە هاوکاتە لەگەڵ فراوانکردنی کەمپەینی دابڕانی ئابووری و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و ئاسمانیی توند بۆ سەر تاران، بە جۆرێک کە پەیوەندییەکانی ئێران بە سیستەمی دارایی جیهانی و خزمەتگوزاریی «سوێفت» (SWIFT) بپچڕێنرێت، هاوکات پێشوازیکردن لە فڕۆکەکانی لە تەواوی فڕۆکەخانەکانی جیهاندا قەدەغە بکرێت و تەواوی بەندەرەکانی گەمارۆ بدرێن.

ئەم هەنگاوانەش بە ئامانجی ناچارکردنی تارانن بە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان بۆ ڕاگرتنی جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز.

ئەم ڕێکارە ئابوورییە بەپەلە و توندانە زەبرێکی کوشندەیان لە شادەماری ئابووریی ئێران و کەرتی نەوت داوە؛ بەپێی داتاکانی دامەزراوەی «کپلەر» (Kpler)، هەناردەی نەوتی ئێران لە ٢.٢ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە تاران ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت لەدەست بدات. هەروەها بەپێی ئاماری «ئێران وایەر» (IranWire)، ئێران ١٦ کەشتیی نەوتهەڵگری لەدەستداوە کە بەهای هەر یەکێکیان لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٢٠ ملیۆن دۆلاردایە.

لێکەوتەکانی ئەم گەمارۆیە بازاڕی ناوخۆیی و دراوی وڵاتەکەشی تەنیوەتەوە؛ بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بازرگانیی دەرەکیی ئێران بە ڕێژەی ٣٥٪ پاشەکشەی کردووە، لە کاتێکدا دابەزینی مێژوویی بەهای دراوی نیشتمانی گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە، بە جۆرێک بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بۆ ٢.٥ ملیۆن ڕیاڵی ئێرانی بەرزبووەتەوە؛ ئامارێک کە دەریدەخات تاران ڕووبەڕووی قووڵترین قەیرانی دارایی دەبێتەوە لە مێژووی هاوچەرخیدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP